کار و دایکایەتی... بەرخۆدانی ژنانی سودان سەرەڕای ململانێ و ئاڵەنگارییەکان بەردەوامە

ململانێی بەردەوام لە سودان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە ئاڵەنگاری بەرچاوی بەسەر ژنانی سوداندا سەپاندووە، کە خۆیان لە هێزی کاردا بینیوە بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و بەشدارن لە هاوسەنگکردنی بارودۆخی خێزانییان و بەرپرسیارێتی پەروەردەکردنی منداڵەکان

ئایە ئیبراهیم

 

سودان- سەرەڕای ئەو ئاستەنگە سەختانەی کە لە کەرتی گشتی و تایبەتدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ژنانی سودان پاشەکشەیان نەکردووە و خۆیان ڕادەست نەکردووە، ئەوان بە هێز و ئیرادە بەردەوامن لە ئامادەبوون، سەرپێچی لە بارودۆخی ئەو ململانێیە دەکەن کە ڕاستیەکی توندی بەسەریاندا سەپێندراوە، هەندێکیان بە هەڵگرتنی منداڵە ساواکانیان دەچنە سەر کارەکانیان، هەندێکی تریان لەگەڵ نەخۆشیدا دەجەنگن و هەندێکی دیکەشیان لەکاتی دووگیانیدا کاردەکەن، لەنێو زۆر کەسی دیکەدا کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان خۆڕاگرییان هەڵبژاردووە.

 

ئەبرار نور کە لە بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری لە سکرتاریەتی حکومەتی پارێزگای باکوور کاردەکات، هەموو بەیانیەک خۆی دەبینێتەوە کە دەبێت منداڵە کچە یەک ساڵانەکەی بهێنێتە شوێنی کارەکەی، کە ئەمەش گەشتێکی ڕۆژانەیە و پڕە لە ئاڵەنگاری.

 

ئەبرار نوور، دایکی سێ منداڵە، باس لەوە دەکات، کە هاوسەنگکردنی بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانی لەگەڵ ئەرکەکانی بەرامبەر بە منداڵەکانی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام هەوڵی دوو هێندە دەدات بۆ تێپەڕاندنی، لە بەیانی زووەوە دەست دەکات بە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی منداڵە کچەکەی بۆ سەرکارەکەی، ئەمە جگە لەوەی خۆی بۆ کارەکانی ئامادە دەکات، وتی: سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتا توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانم هەیە.

 

ئاماژەی بەوە کرد، کە سەختترین ساتەکان ئەو کاتەن کە بەرپرسیارێتی بەپەلەی پێدەسپێردرێت لەکاتی گرتنی منداڵەکەیدا، بەڵام بە بڕوایەکی چەسپاوەوە وتی: هەوڵدەدەم ژیان بەڕێوە بەرم، هەروەها ژن توانای هاوسەنگکردنی بەرپرسیارێتی کارکردن و چاودێریکردنی منداڵان و ئەرکەکانی ماڵەوەی هەیە ئەگەر خاوەنی ئیرادە و پشتیوانی گونجاو بێت.

 

ئەبرار نور پەیامێک ئاراستەی هەموو ژنێک دەکات کە بە توندی دەست بە ویستی ئەکادیمی و پیشەییەکانی خۆیەوە بگرێت و ڕێگە نەدات بارودۆخەکان خولیای بکوژێننەوە یان ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی بکەن، ڕوونی دەکاتەوە، کە دەستی بە خوێندنی بڕوانامەی باڵاتر کردووە و ئاواتەخوازە بەردەوام بێت تا بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست دەهێنێت، وتی: نابێت خەونەکان دوابخرێن، گرنگ نییە بەرپرسیارێتیەکان چەندە.

 

ژنان لە ڕیزی ئەو کەسانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ململانێکانی سودان، زۆرێکیان کار و سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە و هەژارییان زیاتر کردووە و ناچاریان کردوون بۆ کاری پەراوێزخراو و پشتبەستن بە هاوکارییە مرۆییەکان.

 

هەروەها ژنان تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و زەبر و زەنگی دەروونی دەبن لە ئەنجامی لەدەستدانی ئەندامانی خێزان و ئاوارەبوون، بە ملیۆنان ژن و منداڵی کچ ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، کە ئەمەش ناسەقامگیری لێکەوتووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ژنان پێویستیان بە پاراستنی زیاتر و پاڵپشتی تەندروستی و دەروونی و دەرفەتی بژێوی ژیان و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و گەیشتن بە ئاشتیە.

 

ژنان توانای زاڵبوون بەسەر ناخۆشییەکانیان هەیە

نوادەر عەبدول عەزیم، دایکی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ، گەشتە پیشەییەکانی خۆی لەو کاتەوە دەستپێکرد کە منداڵەکەی تەمەنی تەنها چوار مانگ بوو، سەرەڕای ئەزموونی تاڕادەیەک ئەم دواییەی لە تێکەڵکردنی دایکایەتی و کار، بەڵام بەبێ دوودڵی بڕیاریدا ئەو ئاڵەنگاریە بگرێتە ئەستۆ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەو ماوەیەدا چەندە ئازاری چەشتووە، بەیانیان بۆ کارەکەی ماڵەوە بەجێدەهێشت، پاشان چەند کاتژمێرێک دواتر دەبوو بگەڕێتەوە بۆ چاودێریکردنی منداڵەکەی پێش ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی،کە ئەمەش ڕۆتینێکی ڕۆژانەی ماندووکەرە بە ئیرادەیەکەوە ڕووبەڕووی بووەوە.

 

وتیشی: هاوسەنگکردنی کار و پەروەردەکردنی منداڵ پێویستی بە ئارامیەکی زۆر هەیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای، بەهۆی سروشتی کارەکەیەوە دوور لە منداڵەکەی دەژی، کە لەگەڵ دایکیدا دەژی، دڵنیا دەبێتەوە لە سەردانیکردنی هەموو هەفتەیەک سەرەڕای سەختی جیابوونەوەکە.

 

بەڵام نوادەر عەبدول عەزیم دووپاتی دەکاتەوە کە ژنان توانای ئەوەیان هەیە بەسەر هەموو ئەو ئاڵەنگاریانەدا زاڵبن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، تەنها ئیرادە بەسە بۆ ئەوەی بتوانن خۆڕاگر بن، گرنگ نییە بارودۆخەکە چۆن بێت.

 

سەها حاج، فەرمانبەر لە دەستەی مافی مرۆڤ وتی: هەندێک پێیان وایە ژنان کاتێک دەچنە ناو شوێنی کارەوە نیگەرانی و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێدەهێڵن، لەکاتێکدا ڕاستییەکان تەواو پێچەوانەیە، ژنان توانای ئەوەیان هەیە هەموو بەرپرسیارێتییەکانیان لە ۆەستۆ بگرن، سەرەڕای ئەو ڕێگا سەختەی کە پێویستی بە خۆڕاگری و ئیرادە هەیە بۆ درێژەدان بە گەشتێ دایکایەتی و کارکردن لە یەک کاتدا، وتی: هەوڵدەدەین بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دیارترین ئاڵەنگاری کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە کەمی کاتە بە بەراورد لەگەڵ زۆری بەرپرسیارێتیەکان، هەندێک لە دامەزراوەکان هۆشیارییەکی تەواویان لەبارەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ دایکانی کارکەر نییە.

 

سەها حاج جەختی لەوە کردەوە، کە منداڵ بارگرانی نییە، وەک هەندێک پێیان وایە، بەڵکو پاڵنەرێکی ڕاستەقینەیە بۆ کار و کۆشش وتی: ڕۆژەکەی لە منداڵەکانیەوە دەست پێدەکات، چونکە دڵنیا دەبێتەوە لە تەرخانکردنی بەشێک لە کاتەکانی بۆ گوێگرتن لێیان و گرنگیدان بە پێداویستییەکانیان و ڕێکخستنی کاروبارەکانیان پێش دەستپێکردنی ئەرکە پیشەییەکانی.