هەوار سێ ڕۆژ بەدیار تەرمی دایکى لەسەر لاشەیەکى ساردو سڕ شیرى خوارد

چیرۆکی هەوار چیرۆکێکی تراژیدیای منداڵێکی کوردە، کە هەزاران چیرۆکی لەم شێوەمان هەیە، چیرۆکێک کە بە گێرانەوەی ناتوانی خەیاڵ بکەی چ کارەساتێک بەسەر ژن و منداڵ و گەلی کورد هاتووە.

 

شلێر کۆیی

 

کۆیە-لە ئێوارەی ٣ی ئایاردا، گوندەکانی ناوچەی کۆیە و بەتایبەتی گۆپتەپە و عەسکەر بە چەکی کیمیایی بۆردومانکران، کە بووە هۆی شەهیدبوونی نزیکەی ٢٠٠ هاووڵاتی مەدەنی و برینداربوونی سەدان کەسی تر، لە چوارچێوەی ئەم شاڵاوەدا، بە سەدان گوند وێرانکران و نزیکەی ٩٠٠ هاووڵاتی دەشتی کۆیە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بێسەروشوێنکران و ئەنفالکران.

 

هەوار چیرۆکێکى راستەقینەى تراژیدیاى منداڵێکی کوردە، لە شیوەى فلیم بەڵام هیچ دەرهێنەرێک ناتوانێت ئەوەى بەسەر هەوار هاتووە نمایشى بکات، منداڵێکى چوار مانگە لە ناوماڵێک کەلاشەى دایک و باوک و براکەی بەتەنیشت یەکەوە گیانیان لەدەست دابێ چۆن منداڵێکى ساوا توانى سێ ڕۆژ بمێنتەوە، پاشان رفاندنى لەلایەن مستەشارەکانى رژێم، شەرى نەنکی و ماڵەمستەشار، هەواریش بەو هەمو برینەى جەستەیەوە بێ چارەسەر مابۆوە تا دواى ١٠ ڕۆژ.

 

هەوار قادر نامیق، تاقانەی بەرکەوتەی کیماییە لە گوندی گۆپتەپەی سەر بە شارەدێی ئاغجەلەر کەدەکەوێتە نزیک سنووری کۆیەو چەمچەماڵ، هەوار لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە چیرۆکی ڕزگاربونی کرد و وتی: دایکم و باوکمم و برایەکم بەر چەکی کیمایی کەوتن لە گوندی گۆپتەپە لەگەڵ زیاتر لە  ٣٠٠ کەسی دیکە لە ژن ومنداڵ و پیر و گەنج هەمووی شەهید بوون، تەنیا من لەناو ماڵەکەمان دەرچووم وەک بۆم دەگێرنەوە، هەرچەندە ئەوکات من تەمەنم چوار بۆ پێنج مانگان بووە،  منیش لاشەم برینداربووە تا سێ ڕۆژ لەسەر لاشەی دایکم ماومەتەوە شیری دایکمم خواردووە، لەسەر لاشەی سارد و سڕی دایکم، بەڵام ویستی خوا وابووە من بژیم.

 

وتیشی: وەک پورم و نەنکم بۆم دەگێرنەوە دوای چەند ڕۆژێک دوای کیمیابارانەکەی گوندەکەمان لە ٣ى ئایاری ١٩٨٨ و دوایی ئەوشاڵاوی ئەنفال دەستپێدەکات، ڕژێم دەڵێ هەرچی کەسو کاری لێرەیە وەرن بیان نێژن نەنکیشم دەچێت دەبینێت خێزانەکەم هەموو مردوون دەگێرتەوە کە براکەم لاشەکەی گۆشت و هێسک تێکەڵ بوونە و لەجێی خۆیان تێکچونە و دایکم هەموی گیانی برین بووە کە تەنیا نەی توانیوە ملەگۆیەکەشی دابنێت دەنک ەدنک هەڵی گرتوونەوە، دوایی ئەوە ناشتویانن، بەڵام لەناو ئەوان لاشەی من نادۆزنەوە دەنگوباس بڵاو دەبێتەوە دەبیستن کە هەندێک کەس لە جەیش و مستەشارەکان منداڵیان هەڵگرتۆتەوە لە چەمچەماڵ و بەهۆی ئەوەی ماڵی نەنکم لە تەکیە دەبن و نزیکن لە چەمچەماڵ، ئەوە دەبیستن، ئەوکات نەنکم زۆر خمباربووە کە کچ و زاوەکەی و منداڵەکانی لەدەستداوە، پورم دەنێرێت بزانێ ئایا من لەوێم یان نا، پوریشم دەچێتە ماڵی مستەشارەکە زۆر هەوڵدەدات تا لە کۆتایی منی پێدەدەنەوە.

 

هاوژین و دایکی مستەشارەکە بە نهێنی هەوار دەدەنەوە بە نەنکی

کاتێک ماڵە نەنکی دەچنە ئەو ماڵە مستەشارەى کە زانیبویان منداڵێکیان هەڵگرتۆتەوە، سەرەتا ئەو مستەشارە هەر دەریان دەکات بەڵام ئەوان ناڕۆن و نەنکى  گریاوەو وتوویەتی "بمدەنەوە" مستەشارەکەش دەڵێ "نا ئەوە هى ئیوە نییەو ناتان دەمێ وبەڵگەتان چیە کە هى ئێوەیە" هەروەها باوکی مستەشارەکەش وتبوى "هى ئیوە نییەو ناتان دەینەوە" بەڵام کە پورى  دەڵێت "ملێکى شینى لەملە لەگەڵ مەمە وشکەکەى بەدەستى خۆم ئەوەم لەمل کردووە" و هەندێک ناونیشانى دیکەى دابونێ کە منداڵەکە چاوى شینەو پرچى زەردە، دواى ئەوە مستەشارەکە دڵنیابوو کە ئەوەو راست دەکەن دەرى کردبوون، دواى پورى هەر سوردەبێت لەسەر ئەوەى کە هەواری باتەوە وگریابوو زۆر پاپاڕابووەوە، پاشان پیاوە بەتەمەنەکەى باوکی مستەشارەکە وتبوى بابیبینێت وتى "هەر بینیم خەوتبوو هەڵم گرت منداڵەکە توند گرتمى هاتە باوەشم, بەڵام لێیان سەندمەوە وتیان ناى دەینەوە برۆن دیسان زۆر گریان  و زیاتر لە کاتژمێریک هەر وەستابووم وتم نارۆم تا نەیبەمەوە، پاشان بوکەکەیان واتە هاوژینی مستەشارەکەو دایکى بەهەڵویستتر بوون  لە پیاوەکانیان و وتبویان بیبە بەس  با ئەو بڕوات بۆ دەوام واتە کوڕە مستەشارەکەیان ئینجا بەدزی ئەوانەوە منیان پێدابوونەوە، بەم شێوە من گەرامەوە باوەشى کەسوکارم.

 

هەوار هەر بە منداڵی بریندار بووەو تا مانگێک چارەسەر کراوە

هەوار وتی: نەنکم دەڵێت لەوکاتەى وەرمان گرتیتەوە وامدەزانى تازە تەرمی کچەکەم لە بەردەستم هەڵدەگرن، زۆر غەمبار بووم بۆیە پرسەو گیان بوو، من دەبەنە لاى پەرستارێک بەناوى دکتۆر خالید لە چەمچەماڵ ئەویش لە ترسی خۆى دەرى دەکات دەڵێت "ناتوانم چارەسەرى بکەم حکومەت بزانێت منداڵى شەهید و بەرکەوتەى کیمیایم چارەسەرکردووە دەستگیرم دەکەن" و پورم زۆر دەپاڕێتەوە گریاوە کە هەرهیچ نەبێت لەبەر خاترى ئەوەى من منداڵ بووم و کەسم نەماوەو من بۆنى کچەکەم بەوەوە ناوە چارەسەرم بکەن، ئەویش دەڵێ باشە بەڵام  بەشەو بیهێنە باکەس نەت بینێت، دواى ئەوە هەموو درەنگانى  شەو نەنکم لەبن عەباى منی شاردۆتەوەو بردوومی تا مانگێک چونکە هەموو گیانم برین بووە ئنجا باش بووم.

 

هەوار تا ئێستا پێناسێکی نییە کە تاقانەو بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە

هەوار وتی: ئەوەى بەسەر من و خێزانەکەمدا هاتووە شایەنى ئەوە بووم پێناسێکم هەبێت کە من تاقانەى ئەنفالم ئەوە مافى خۆمە، بەڵام نەمن ونە تاقانەکانى دیکە نیمانە تەنیا موچەیەکى شەهیدانەى دایک وباوکم وەردەگرین ئەویش نیوەى بۆمن نیوەکەى دی بۆ نەنکمە، کە دەبوو من موچەیەکى سەربەخۆم هەبێت وەک تاقانەیەکى بەرکەوتەى کیمیایی، بەڵام بەداخەوە حکومەت و وەزارەتێکمان هەیە بەناوى شەهیدان کەچى هیچ بۆ کەسوکارى شەهیدان ناکەن و ئێمە وەک قوربانیەک گلەیی زۆرمان هەیە لێیان، شایەنى زۆر لەوە زیاتر بوین کە نەکراوە.

 

"تا گەورە بوون نەمدەزانی من کێم و چی بەسەر خێزانەکەمدا هاتووە"

هەوار دەڵێ من تا ساڵێک لاى نەنکم  واتە دایکی دایکم ژیاوم دوایى منیان داوەتەوە بەماڵى نەنکم دایکی باوکم، لە کۆیە ژیاوم، من تا گەورەنەبووم نەمدەزانى من کێم و چی بەسەر خێزانەکەم هاتووە، بەڵام کە تەمەنم بۆیە شەش ساڵ گوێم لەخەڵک دەبوو  باسیان دەکردم ئەوکات وردەوردە زانیم کە من داک وبابم وبرایەکەم بەناوى هاوڕێ گشتیان شەهید بوون, وکە ویستویانە من بنێرنە قوتابخانە من هیچ هەویەو شتم نەبوە بەهۆى ئەوەى داکو بابم لەگوند بوونە وعەقدى هاوسەرگیرى فەرمیان نەبووە دواى خاتوو (کوردۆ عومەر)  و دیمەنى خوشکى ئەوکات لەیەکێتى ژنان بوون، لەساڵى ١٩٩٤ ناویان بۆ من دەرکردووەو من چوومەتە بەرخوێندن و  زۆر سوپاسی کوردەخان دەکەم و سوپاسى (ئەیاد کاکەیی) پارێزەر دەکەم، ئەویش توانى هەویەو ناو بۆ براکەم دەربکات بە خۆبەخشانە چونکە ئەوتەنیا قەبرێکى هەبوو من سوپاسیان دەکەم کە ئەو چایەکەیان بەرامبەر ئێمە کردووە.

 

کاریگەى چەکى کیمیایی تائیستاش لەسەر جەستەی هەوارماوە

هەوار وتیشی: ئیستاش کاریگەرى کیمیایى لەسەر لاشەم هەیە بێ خوێنم  وزۆر بێهێزم زۆربەى کات تەنگە نەفەس دەبم، من لە دووى ناوەندى لەخوێندن دەریان هێناوم بەهۆى نەگونجانى بارودۆخ، ئیستاش لەکۆیەو خاوەن هاوژین ماڵ و منداڵم، ئەوەى داوکارى من بێت موچەیەکى سەربەخۆو هەویە وپێناسەیەکم هەبێت کە تاقانەى بەرکەوتەى کیمیاییم، هیوادارم هەرگیز کارەساتى وانەبینینەوە چونکە ئەوکارەساتە لەبیرناکرێت وچەند باسی بکەین هیشتا کەمە هیوادارم نەوەو منداڵەکانمان نەیبینن.