"ئێمە نە لێخۆش دەبین و نە لەبیرمان دەچێت"

میترا بە ڕقێکی بێکۆتاییەوە بەرامبەر تاڵیبان دەڵێت: جگە لە کوشتنی مستەفای برام، هۆکاری سەرەکی مردنی دایکم تاڵیبانە، ئێمە لێخۆش نابین و لەبیرمان ناچێت.

بەهاران لاهیب

 

هەرات- دوای واژۆ کردنی "ڕێککەوتنی دۆحە" لە نێوان ئەمریکا و تاڵیبان، ئەو ناوچە و پارێزگایانەی کە لە دەستی تاڵیباندا نەبوون، دەستیان بە شەڕ کرد، هەر ناوچە و پارێزگایەک ڕادەستی تاڵیبان کرا، لەم پرۆسەیەدا هەزاران گەنج کوژران، کە لە ڕیزەکانی هێزە سەربازییەکاندا کاریان دەکرد و ژنان زیانێکی زۆری ڕێککەوتنەکەیان بەرکەوت.

 

میترا نسار، برایەکی لە ڕادەستکردنی شارەکاندا بە تاڵیبان کوژرا، باسی لەدەستدانی ئازیزانی کرد و وتی: مستەفا نساری برام لە هێرشێکی تاڵیبان بۆ سەر بنکەکەیان لە یەکێک لە ناوچەکانی پارێزگای هەرات تەنها مانگێک پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان کوژرا، مردنی برا گەنجەکەم سنگی دایکمی سووتاندووە، براکەم دەستگیرانی هەبوو، بڕیار درابوو دوای دوو مانگ کە بۆ پشوو دەگەڕێتەوە هاوسەرگیری بکەن، بەڵام پێش بەرواری دیاریکراوی هاوسەرگیریەکەی لەدەستماندا.

 

دوای بێدەنگییەکی زۆر، میترا درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: دایکم بەرگەی مردنی براکەمی نەگرت و دوو ساڵ فرمێسک لە چاوەکانی وشک نەبوو، هەموو ساتێک بە بینینی شتەکان و ژووری براکەم دڵتەنگ دەبوو، تا لە دووەم ساڵیادی شەهیدبوونی براکەمدا دایکممان لەدەستدا.

 

میترا بە ڕقێکی بێکۆتاییەوە بەرامبەر تاڵیبان دەشڵێت: جگە لە کوشتنی مستەفای برام، هۆکاری سەرەکی مردنی دایکم تاڵیبانە، ئێمە لێخۆش نابین و لەبیرمان ناچێت.