قومری حەمەد: ژنان تێکۆشانیان بۆ ئازادییەک نەکرد قومار بە خۆشیانەوە بکرێت

قومری حەمەد، بەڕێوبەری چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە کۆیە، ئاماژەی بەوەدا، ئەو ئازادییە ڕەهایەیی ئێستا دەیبینین، ئەو ئازادیە نەبووە کە ژنان خەبات و تێکۆشانیان بۆ کردووە.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- ژنانی کۆیە هەڵوێستی خۆیان دژی قومارکردن بە ژنان و بە کاڵاکردنیان دەخەنەڕوو، ڕایانگەیاندووە، کە ژنان لەوە پیرۆزترن بە چاوی سوک و وەک کاڵا سەیر بکرێن و مامەڵەی ناڕاستیان لەگەڵدا بکرێت.

 

قومری حەمەد، بەڕێوبەری چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر،پێی وایە ئەو ئازادییە ڕەهایەیی ئێستا دەیبینین، ئەو ئازادییە نەبوو کە ژنان خەباتیان بۆ دەکرد، وتیشی: قومارکردن خۆی حەرامە، کە چی ئێستاکە دەبینین قومار بە ژن و کچ و منداڵ دەکرێت و دەیانبەن بۆ سەر مێزی قومار، ئەمەش دیاریدەیەکی زۆر قێزەونە، بەهۆی نابەرپرسیاریەتی هاوژینەکانیان یاخود باوک و براکانیان ژنان ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوە.

 

بە پێویستی زانی کە دایکان و باوکان وەک هاوڕێ بن بۆ منداڵەکانیان و لەهەمان کاتدا چاودێریان بکەن، بەم شێوەیە ئاگاداری پەیوەندی منداڵەکانیان دەبن و کەمتر تووشی هەڵە دەبن، ئەگەر هەڵەشیان کرد لەوکاتەدا دایکان و باوکان دەتوانن چارەسەری بکەن و ڕێگری بکەن لەوەی بگاتە ئەم ئاستە کە قوماریان پێوە بکرێت.

 

قومری حەمەد وتی: بەداخەوەم بۆ هەرێمی کودستان و کۆمەڵگەی کوردی کە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات، داوا کارم لە سەرۆکی حوکمەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان و دەسەڵات و ئەو لایەنانەی وابەستن بەم کارە، ئەم کارە لە کورد و کوردستان ناوەشێتەوە دەبێت بەهەموو شێوەیەک ڕێگری لێبکرێت.

 

لە کۆتایدا وتی: ئێمە وەکو ژنان لە پشت ئەو ژنانەین کە تووشی ئەم حاڵەتانە دەبن و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین، داواکاریشم لەو کەسانەی کە قومار دەکەن بە خۆیاندا بچنەوە و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە ژنەکانیان و ڕێزیان بگرن و چاودێریان بن، هەموو کات کاری جوان و باش بکەن هەم بۆ جوانترکردنی خێزانەکانیان هەم بۆ خزمەت کردنی کۆمەڵگە و شارەکەیان.