کوشتنی ژنان لە زیادبووندایە و هەواڵەکان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە

لەگەڵ بوونی چەندین یاسا بۆ پاراستنی مافی ژنان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەڵام تا ئێستاش ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

سلێمانی

 

لە باشووری کوردستان کێشەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری قۆرخکار هەموو جومگەکانی ژیانی تەنیوە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان کردووە، ڕۆژانە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە و پێشێلکارییەکان بەرامبەر مافی ژنان لە زیادبووندایە، کوشتن و توندوتیژی لە هەڵکشاندایە بەڵام هیچ ئامارێکی فەرمی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە بڵاوناکرێتەوە، یاسا جێبەجێ ناکرێت و بکوژان داڵدە دەدرێن و دەستگیر ناکرێن.

 

نەبوونی یاسایەکی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنان و هاوردەکردنی چەک بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان زیاتر بێت و بەبێ وەرگرتنی سزاش بێ ترس ژنان لەلایەن پیاوانی خێزان و کەسی پلە یەکەم و دووەمەوە دەکوژرێن، چونکە کۆمەڵگەیەکە تیایدا پیاوان پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن دەسەڵات و یاساوە.

 

جگە لەوەش وەزارەتی ڕۆشنبیری بە بڕیارێک لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی کوشتن و توندوتیژی لە میدیاکانەوە دەکات، هۆکارەکەشی بوونی ڕێژەیەکی زۆرە لە ئامارەکان، ئامانجیانە کۆمەڵگە لە بارەیەوە هۆشیار نەبنەوە، لە کاتێکدا گرنگە لۆمەڵگە ئاگاداربێت دەربارەی ئەو توندوتیژیانەی دەکرێن، بۆ ئەوەی کار بکرێت بۆ باشبوونی دۆخی ژنان و نەمانی توندوتیژییەکانی سەریان.

 

ئامارەکانی مانگی شوبات و ئادار بەم شێوەیە بوون؛

هەولێر

١٨ی شوبات، لە شارۆچکەی قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر ژنێک بە ناوی شاجوان سەباح، ٢٢ ساڵ لەلایەن "م. و. ا"ی تەمەنی ٢٦ ساڵی هاوژینی پێشوویەوە لەسەر کێشەیەکی کۆنی نێوانیان بە گولـلە لێیدراوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا.

 

سۆران

٦ی ئادار، لە قەزای سۆران، تەرمی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٢ ساڵ رەوانەی نەخۆشخانەی سۆران کراوە کە گولـلە بە جەستەیەوە بووە، دوای گیان لەدەستدانی بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ڕووداوەکە تەرمەکەی نێردراوەتە پزیشکی دادی سۆران.

 

ژنە گەنجەکە ناوی "ڕەیان تاریق"ە، خێزانەکەی لە کاتی ئیفادەکەدا وتوویانە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە، بەڵام تا ئێستاش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕانەگەیەندراوە.

 

کەلار

١٠ی ئادار، لە شارۆچکەی کەلار دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی ژنێک دەستگیرکراون وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، عەلی جەمال، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، "پاش ئەوەی لە بەرواری ٢٨ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی جوتیارانی شارۆچکەی کەلار لە بوونی تەرمی ژنێک لە خانویەکی سەربەخۆدا ئاگادار کراینەوە، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و بۆی دەرکەوتووە بە خنکاندن ژنەکە کوژراوە.

 

تۆمەتبار بەناوەکانی (ک. ٲ. ع.  لەدایکبووی ١٩٧٣) و (ٲ. ج. م. لەدایکبووی ١٩٧٨) دەستگیر کران و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.

 

کفری

١٠ی ئادار، لە شارۆچکەی کفری لە دەڤەری گەرمیان، ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستدا، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، ژنەکە لەدایکبووی ١٩٩٦ و لەلایەن خێزانەکەیەوە تەرمی کچەکەیان هێنرایە پزیشکی دادوەری شارۆچکەی کەلار، بە وتەی کەسوکارەکەی لە ماڵی خۆیان بە دەمانچە فیشەکی بەخۆیەوە ناوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە، تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بڵاونەکراوەتەوە.

 

هەولێر

١٦ی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، ژنێک بەناوی "صوره" تەمەن ٢٨ ساڵ، گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت، لەلایەن برایەکی کە تەمەنی ٣٢ ساڵە کوژراوە، دوای ماوەیەکی کەم توانیویانە دەستگیریبکەن، باس لەوەش دەکات ڕووداوەکە لە سەر کێشەیەکی خێزانی بووە، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدرێت.

 

کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ژنان ڕەگێكی مێژووی هەیە کە کێشەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سەردەستی پیاو-دەوڵەتەوە، بەڵام لە باشووری کوردستان بەهۆی چەقبەستووی و دابونەریتی کۆنەپارێزەوە کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بەناو دەکرێت، تا کۆمەڵگە بێدەنگی خۆی لە بەرامبەر ڕووداوەکان هەڵبژێرێت.