تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توندوتیژی سەر ژنانیان زیادکردووە

حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەیەکی بەربڵاون لە ئێستادا، توێژەرێکیش دەڵێت: نەبوونی سزا وایکردووە توندوتیژییەکان زیاد بکات.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لە زیادبوونە و بە پێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٣ ژن، کوژراون، سووتاون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، بەپێی ئەو کەیسانەی لە ناوەندە فەرمییەکانی وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستاندا هەن، ١٥ هەزار و ٨٩٧ کەیسی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە، بەپێی هەندێک لە کەیسەکان، حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و هەراسانکردنی ژنانی گەنجە، لەلایەن کەسانی دەرەوەی خێزانەوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەراسانکردن و توندوتیژی دەروونی بەشێکی سەرەکی توندوتیژی دژی ژنانە کە لە ئێستادا بەربڵاوە.

 

شەیما جەمال، توێژەری کۆمەڵایەتی لە شاری هەڵەبجە، باس لەوە دەکات توندوتیژی چەندین جۆری هەیە، وەک دەروونی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری و جەستەی، هۆکاری بەشێک لە توندوتیژییەکانیشی گەڕاندەوە بۆ ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

 

ڕاگەیاندن کەسی توندوتیژیکار وەک پاڵەوان پیشان دەدات

شەیما جەمال ئاماژە بەوەدەکات کە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکانن، چونکە دەزگایەکی میدیایی زۆر هەیە و بێ سانسۆرن، وتیشی: بۆ نمونە لە شارێک هەواڵێکی بچوک ڕوویداوە، ڕاگەیاندن بە گەورەیی و وەک پاڵەوان توندوتیژیکار پیشان دەدات و دەبێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی توندوتیژی زیاتر ببێـت، بە تایبەت لەناو گەنجاندا، هەروەها هۆکاری زۆر زیاتر هەیە بۆ زیادبوونی توندوتیژی، بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت.

 

پێویستە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندن بۆ هۆشیاری کۆمەڵگە بێت

ئەو توێژەرە باسی لەوەکرد، لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندن ڕۆڵی هەیە لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، پێویستە تاک هۆشیار ببێتەوە و بزانن چ بەرنامەیەک ببینرێت، "پێویستە ڕاگەیاندن و بەرنامەکان بۆ خزمەتی کۆمەڵگە بێت، نەک بۆ زیادبوونی لایک و بینەرەکانی.

 

شەیما جەمال تیشکی خستەسەر نەبوونی سزا بەسەر کەسی توندوتیژیکار، کە وەها دەکات، توندوتیژیکار سزای خۆی وەرنەگرێت و بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی توندوتیژی، دەبێت جێبەجێکردنێکی وەها هەبێت، کە کەسی توندوتیژ بیر لە سزاکەی بکاتەوە، "لەبەرئەوەی لە وڵاتی ئێمە ئەو کەسانەی توندوتیژی دەکەن سزا نادرێن، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی ڕوو لە زیادبوونە.