بەخێوکردنی ئاژەڵ لە ماڵدا نامۆییە و لە سروشت دایاندەبڕێت

بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو حەزکردن بە بەخێوکردنی ئاژەڵ زیادی کردووە، بەڵام هاوڵاتیان نەگەشتوونەتە ئەو ئاستەی هۆشیاری تەواویان لەبارەیەوە هەبێت، تەنها حەز بە بەخێوکردنی دەکەن بۆ ماوەیەکی کاتی، پزیشکێکیش داوا دەکات ئاژەڵەکان لە سروشتی خۆیان نەهێنرێنە دەرە

شنیار بایز

 

سلێمانی- تا دێت بەخێوکردنی ئاژەڵ بە تایبەت "سەگ، پشیلە و پەلەوەرەکان" لە کۆمەڵگەدا زیاد دەبێت، هەندێک ڕۆحی ئاژەڵدۆستیان هەیە، لە بەرامبەردا بەشێکی دیکەی هاوڵاتیان تەنها لەبەر حەزێکی کاتی ئاژەڵ دەکڕن و بەخێوی دەکەن، زۆرینەی ئەوانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن، ئەو ئاژەڵانە بەخێوناکەن کە لەسەر شەقامەکانن و پێویستیان بە چاودێری هەیە، بەڵکو ئاژەڵە زینەکان بەخێودەکەن.

 

کاتێک ئاژەڵ لە ماڵەوە بەخێودەکرێت، لە سروشتی خۆی دەهێنرێتە دەرەوە، جلی بۆ لەبەردەکرێت و لە ژوورێکی ماڵدا دایدەنێن بێ گوێدانە دەروونی ئاژەڵەکە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیاری تەندروستیان نییە لەبارەیەوە، بۆیە هەندێک کات ئاژەڵەکان لە خەمۆکی و نەخۆشیدا دەمرن.

 

"حەزکردن بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵان زیادیکردووە، بەڵام هۆشیاری زیاد نەبووە"

نەهلە محەمەد، پڕۆفیسۆر لە بواری مایکرۆبایۆلۆجی ڤێتێرنەری باسی لە بەخێوکردنی ئاژەڵ کرد، کە ئێستا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر بووە، بەڵام ئاستی هۆشیاری لە چۆنیەتی بەخێوکردنی ئاژەڵدا لاوازە، زۆرترین ئەو ئاژەڵانەی بەخێودەکرێن، بریتین لە "پشیلە، سەگ، ئەسپ، مریشک، قەل و قاز، جگە لەوانەش پەلەوەرە جیاوازەکان"، ئەو دکتۆرە ئاماژەی بەوەدا، لە مێژووەوە مرۆڤ و ئاژەڵ هاوڕێیەتی یەکدیان کردووە، چۆن مرۆڤێک حەز بە مامەڵەی ئاژەڵ دەکات، بە هەمان شێوەش ئاژەڵەکەش حەز بە مامەڵەکردنی دەکات، بەتایبەت ئەو مرۆڤانەی لە لادێکاندا دەژین، زیاتر مامەڵەی گونجاو لەگەڵ ئاژەڵەکاندا دەکەن.

 

"بوونی ئاژەڵ لە ماڵەکاندا لە سروشتی خۆیان دایاندەبڕێت"

ئاژەڵ پێویستی بە سروشتە بۆ درێژەپێدان بە ژیانی، کاتێک ئاژەڵێک لە ماڵێکدا بەخێودەکرێت تا چەند لە ژینگە دادەبڕێت؟ لە وەڵامدا دکتۆرە نەهلە باسی لەوەکرد، کاتێک ئاژەڵێک لە ماڵێکدا بەخێودەکرێت ئەو سروشتەی پێویستی پێیەتی لە ٪١٠٠ بۆی دابین ناکرێت، هەندێک لە بەخێوکەرەکان ئاژەڵ ڕادەگرن لە شوقەدا دەژین، بەمەش ئەو ڕووبەرە دابین ناکەن کە ئاژەڵەکە پێویستی پێیەتی، "دابینکردنی ڕووبەری پێویست لە ئاژەڵێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕدرێت، بۆ نمونە سەگێک یاخود پشیلە ناتوانێت لە ڕووبەری شوقەیەکدا بژی، چونکە بۆ ژیانی ئەو گونجاو نییە و کەمە، هەروەها ئاژەڵەکان هەمیشە حەز دەکەن بە ویستی خۆیان خواردن بخۆن، بخەون و خۆیان پاک بکەنەوە، بۆیە کاتێک کە بەخێوکەرەکەی کاتەکەی بۆ دیاری دەکات بێگومان ئاژەڵەکەی لە سروشتی خۆی هێناوەتە دەرەوە".

 

هەروەها وتیشی: یەکێک لە کێشەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان لە خێزانی کورددا، دابین نەکردنی پێداویستییەکانیانە، هەروەها کۆک نەبوونی ئەندامانی خێزان لەسەر بەخێوکردنی ئەو ئاژەڵە، یاخود هەندێک لە خێزانەکان کاتێک میوانێکیان دێت، لەبەر نەترسانی میوانەکە، ئاژەڵەکە لە ژوورێکدا دەبەستنەوە کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی سروشتی ئاژەڵەکەیە.

 

"ئاژەڵ لە ماڵەکاندا تووشی خەمۆکی دەبن"

پزیشک نەهلە هۆکاری سەرەکی خەمۆکی و مردنی ئاژەڵانی لە ماڵەکاندا گەڕاندەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری لە بەخێوکردنیاندا، دەشڵێت: کاتێک خێزانێک ئاژەڵ بەخێودەکەن، نازانن بۆ بەخێوی دەکەن، ئایا ئاژەڵدۆستن، یاخود تەنها بۆ چێژوەرگرتنیانە، بۆیە کاتێک کەسێک دەیەوێت ئاژەڵێک بەخێوبکات پێویستە لە چەند خاڵێک دڵنیابێتەوە، وەک، ئایا ئاژەڵەکە دەتوانێت لە ماڵدا بژی؟ کۆمەڵایەتییە؟ چەند کاتژمێر پێویستی بە چونەدەرەوە هەیە؟، زۆربەی ئەوانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن تەنها لەبەر پیسنەبوونیان ناهێڵن بچێتە دەرەوە، دواجار تووشی خەمۆکی دەبێت، یاخود تەنها یەک جۆر ئاژەڵ بەخێودەکەن و بەتەنها دەمێنێتەوە بۆیە تووشی خەمۆکی دەبن، گرنگە بەخێوکەری ئاژەڵان درک بەوە بکەن کە ئاژەڵ بەخێوکردن تەنها خۆشی و کاتی یاری نییە، پێویستی زۆری تری هەیە کە پێویستە بۆی دابین بکرێت، بۆیە ئەگەر تەواوی خێزانەکە ڕەزامەندیان لەسەری نەبێت بەخێوی نەکەن باشترە.

 

ژیانی مرۆڤ لە ماڵدا کاریگەری لەسەر سروشتی ئاژەلەکان هەیە

لە درێژەی قسەکاندا نەهلە محەمەد ڕوونیکردەوە کاتێک لە چێشتخانەی ماڵەکاندا خواردن لێدەنرێت ڕەنگە بۆ ئاژەڵەکە گونجاو نەبێت یاخود، بە دەنگی بەرزی ماڵ هەندێکیان سروشتیان لە دەستدەدەن، چونکە ئاژەڵەکان کاتی خۆیان هەیە و ناکرێت لە کاتی حەوانەوەی ئەوان ماڵەکە دەنگی بەرز بێت و بۆ ئەو نەگونجێت بە پێچەوانەوە دەبێت ژورێکی بۆ دابین بکرێت تەواو گونجاو بێت بۆ سروشتەکەی.

 

"هۆشیاری تەندروستی بۆ ئاژەڵان گرنگە"

پزیشک نەهلە باسی لە نەخۆشییەکانی ئاژەڵ کرد کە کاریگەری لە نێوان ئاژەڵ و بەخێوکارەکەیدا دروستدەکات، وتی: نیشانەی تووشبوون بە نەخۆشی لە ئاژەڵێکەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، تەنانەت لە جۆرە جیاوازەکانی یەک جۆر ئاژەڵیش نیشانەکان دەگۆڕدرێت، لە پەلەوەردا ئاژەڵەکە بێتاقەت دەبێت یاخود خواردن بە باشی ناخوات، لە پشیلەدا بە جۆرێکی دیکەیە بۆ نمونە، پشیلە لە دۆخی ئاسایدا حەزی بە یاری و خەوی زۆرە، ئەگەر بێت و ئەم ڕەفتارانە نەکات، دەیسەلمێنێت دۆخی تەندروستی تێکچووە، هەندێک کات پیسایی و میزەکەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بە پێویستی دەزانێت هەر ئاژەڵە و پزیشکی تایبەتی خۆی هەبێت تا دووربێت لەو کێشەوگرفتانە.

 

"زیاتر٦٠٠ جۆر نەخۆشی هەن لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ"

پزیشک نەهلە باسی لەوەکرد، بە نزیکەیی ٦٠٠ جۆر نەخۆشی هەن کە ئاژەڵ تووشی مرۆڤی دەکات، بە گشتی ئاژەڵەکان تووشی نەخۆشیە ڤایرۆسی و بەکتیرییەکان دەبن، بۆیە ئەگەر بەخێوکارەکان ئاگاداری تەندروستیان بن و هەڵبدەن بە زووترین کات چاکی بکەنەوە، بە دڵنیاییەوە ئاژەڵەکە باشدەبێت، بەڵام هیچ نەخۆشییەکیش نییە لە مرۆڤەوە بۆ ئاژەڵ بگوازرێتەوە، "زۆرینەی ئەوانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن لە ماڵدا تا ماوەیەک حەز بە بەخێوکردنی دەکەن دواتر تاقەتیان لێی دەچێت، بەشێکی زۆریان کاتیان نییە بۆ بەخێوکردنی، بۆیە کاتێک تووشی نەخۆشی دەبێت، بەتایبەت نەخۆشیەکی قورس کە کاتی زۆری پێدەچێت و لە ڕووی مادیشەوە زۆری تێدەچێت، بۆیە هەندێکیان وازی لێدەهێنن.

 

لە کۆتایدا، ڕوونیکردەوە لە بەخێوکردنی ئاژەڵدا، دەبێت هەموو دۆخێکی لەبەرچاو بگرن و هۆشیاری تەواویان لەبارەیەوە هەبێت، لە سروشتی خۆی دەرنەکەن، ئەگەر خێزانێک توانایان نییە سروشت بۆ ئاژەڵەکە دابین بکەن، بەخێوی نەکەن باشترە.