مامۆستایەکی ژن لە گەرمیان ٦ ساڵ پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە

بەهار عومەر یەکێکە لەو ژنانەی کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری نەیتوانیوە ببێتە ڕێگر لەبەردەم تواناکانی و وەک مامۆستایەکی ژن چەندین جار خەڵاتی پێ بەخشراوە.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- مامۆستایی پیشە و بەرپرسیارێتیەکی گرنگە کە تەنها لەسەر خوێندن و فێرکردن نەوەستاوە بەڵکو دەبێت پشت ببەستێت بە توانا و لێهاتووی مامۆستا، دەبێت بە شێوازێک وانە بڵێتەوە کە خوێندکار هەست بە بێزاری نەکات و دەبێت پەیوەندیەکی باش لەگەڵ خوێندکارەکانی دروست بکات، بەهار عومەر دانیشتووی شارۆچکەی باوەنورە لە سنوری گەرمیان، وەک مامۆستا لە قوتبخانەی پێباز وانەی زیندەزانی دەڵێتەوە و دوای دەوامی قوتابخانەی لە سەنتەرێک کۆرس بۆ قوتابیانی پۆلی ١٢ دەکاتەوە، بەهۆی شێوازی وانە وتنەوە و نمرەی بەرزی خوێندکارەکانی چەندین خەڵاتی رێزلێنانی وەرگرتووە.

 

"گەشتومەتە ڕادەی عەشق بۆ کارەکەم"

بەهار عومەر ئاماژەی بەوەکرد، بەحەزی خۆم بەشی مامۆستایم هەڵبژارد و لە ساڵی ٢٠٠٧ خوێندنم تەواو کرد، لەو کاتەوە وەک مامۆستا بەردەوامم لە پرۆسەی خوێندن و فێرکردن، گەیشتوومەتە ڕادەی عەشق لە پیشەکەمدا و زۆرم خۆشدەوێت، چونکە ئەگەر مامۆستایی بێت یان هەر کارێکی تر ئەگەر خۆشتنەوێت ناتوانیت سەرکەوتو بیت تیایدا، من لە سەنتەرەکاندا کۆرس دەکەمەوە جگە لە دەوامی فەرمی خۆم، بەڵام هیچ کاتێک بە مێشکمدا نەهاتووە کە واز لە مامۆستاییەکەم بهێنم، چونکە خوێندکاریش پێویستی بە ئێمە هەیە تا بەردەوام بین.

 

"ئەنجامی باشی خوێندکاران ماندووبوونمان لەبیر دەبەنەوە"

بەهار عومەر ئەوەشی خستەڕوو، لە کارەکەمدا زۆر هیلاک دەبم لە ڕووی جەستەیی و دەروونیەوە، چونکە زۆربەی کات ئێمە بە پێوە دەوەستین و وانە دەڵێینەوە، بەڵام لە کۆتایدا کە خوێندکارەکان دەچنە تاقیکردنەوەی نیشتیمانییەوە و بە ئەنجامی باش دەگەڕێنەوە دەستخۆشی ئەوان و هاندانی ئەوان و گەشتنیان بەو شوێنەی کە خۆیان دەیانەوێت وامان لێ دەکات کە ماندووبوونمان بڕەوێتەوە، ئاستی قوتابیان لە ئێستادا باشترە و هەوڵ دەدەن بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باش و وەرگرتنی لە بەشێکی باش.

 

وتیشی: "ئێستا شێوازی وانە وتنەوە و سیستەمی پەروەردە گۆڕاوە و بەرەو پیش چووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک ئەو پێشکەوتنە نابیندرێت، زۆر جار داتاشۆ بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی بە ڤیدۆ لە پێش چاوی خوێندکارەکان بێت و لە کاتی تاقیکردنەوەدا بە ئاسانی بێتەوە بیریان، خۆی پرۆسەی خوێندن تێگەیشتە و خوێندکاران تا ڕادەیەکی باش شێوازی وانە وتنەوەی منیان بە دڵە و لێی ڕازین، تەنانەت لەڕووی دەروونەیەوە ئاسوودەن کە لای من دەخوێنن، دەبێت مامۆستا تێکەڵ بێت لەگەڵ خوێندکارەکانیدا و ئەو دیوارە تێکبشکینێت کە نرخی مامۆستا دەدات بەسەر خوێندکاردا و وەکو هاوڕێیەکی نزیکی یەک مامەڵە لەگەڵ یەکدا بکەن، چونکە مامۆستا و خوێندکار تەواوکەری پرۆسەی خوێندنن و بەو شێوەیە خوێندن ئاسان دەبێت و لەیەک تێگەیشتن دروست دەبێت.

 

"خێزان کاریگەریەکی گەورەی هەیە لەسەر خوێندنی خوێندکار"

بەهار عومەر ڕوونیکردەوە، کە یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر ئاستی خوێندنی خوێندکار خێزانەکانن، چونکە کاتیک دەبینین خوێندکارێک سەرکەوتووە و ڕێز لە مامۆستاکانی دەگرێت دەزانین کە لە خێزانێکی سەرکەوتووەوە هاتووە ئەگەر دایک و باوکیشی خوێندەوار نەبن، دەبێت هانی خوێندکارەکان بەدەن تا خوێندنگەیان لا خۆشەویست بکەن و سەرقاڵ نەبن بە سۆشیال میدیاوە، زۆرجار پەرتەوازەیی خێزانەکان بە خوێندکارەکانەوە دیارە، وە قوتابی کچ زیاتر هەوڵدەدات و دەخوێنێت بەڵام دەترسن و فشاریان زۆرە.

 

هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاریگەری هەیە لەسەر خوێندنی خوێندکار و هەندێکیان بۆ سوود وەرگرتن بە کاریدەهێنن، بەڵام بووە بە زیان بۆ هەندێکی تریان.

 

"چەندین خەڵاتم وەرگرتووە بەهۆی بەرزی دەرەجەی خوێندکارەکانمەوە"

بەهار عومەر وتیشی:" زۆرجار خوێندکاران لەبەرئەوەی نمرەیەکی بەرزیان هێناوە دیاری و سوپاسنامەم بۆ دەهێنن، وە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەلارەوە ڕێز و سوپاسنامەی تایبەتیم وەرگرتووە لە پای دڵسۆزی و ماندوبوونم بۆ کارەکەم و بۆ ئەوەی کە خوێندکارەکانم نمرەی بەرزیان هێناوە لەسەر ئاستی هەرێم، کاتی دەست بەکاربوونم لە دهۆک بوو ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ سوپاسنامەیان پێشکەش کردووم تا ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣، چەندین جار وەک مامۆستایەکی ژن پلەی یەکەمیم بەدەست هێناوە، جگە لە بواری خوێندن خەڵاتی ترم وەرگرتووە لە پای ئەو چالاکیانەی ئەنجامم داوە."

 

بەهار عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، " دیاریەکان بۆ من زۆر گرنگن و هانم دەدەن کە هەمیشە هەوڵ بدەم کاری باشتر بکەم ببم بە یەکێک لە مامۆستا باشەکان، هەمیشەش گرنگیم بە پاکوخاوێنی و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانم داوە و بە ماڵی خۆمی دەزانم."

 

"دەبێت کار بکرێت لەسەر ئەقڵیەتی تاک"

بەهار ڕوونیشیکردەوە و وتی: " هەرچەندە پێشتر و ئێستاش ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەمیشە زاڵبووە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا و پێیان قبول نەکراوە منداڵە کچەکانیان بخەنە بەر خوێندن، بەڵام خێزانەکەم و هاوژینەکەم بە تایبەتی دایکم زۆر هاوکاریان کردووم لە هەموو بوارێکدا و پاڵپشتیان کردووم کە وەکو ژنێک پشت بە خۆم و توانای خۆم ببەستم."

 

هەروەها لە کۆتایدا بەهار عومەر وتی: "دەبێت لە کۆمەڵگەدا کار لەسەر ئەقڵی تاک بکرێت، ئەگەری هەیە ڕۆژێک منداڵەکانمان باجی ئەقڵی تاک بدەن، چونکە زۆر جار  ئەو ئەقڵیەتە ڕێگە بەوە نادات کە ژنان کار بکەن و پشت بە توانای خۆیان ببەستن، پێشتریش ژنان هەر کاریان کردوە و بە توانا بوون، بۆیە ڕێگری کردن لە ژنان کە نەڕۆنە دەرەوە و هەر لە ماڵەوە بمێننەوە سەردەکێشیت بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی و کێشە."