سەرەڕای ڕێگرییەکانی هەڵەبجە ئاڤان بەردەوامە لە کارکردن

ئاڤان ئاوات، نمونەی ژنێکی ڕەنجکێشی شاری هەڵەبجەیە، کە سەرەڕای بەربەست و تەشەرەکانی کۆمەڵگە، بەڵام لەسەر پێی خۆی وەستاوە و ژنانی دیکەش فێردەکات خاوەن ئیرادە و کاری خۆیان بن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لە ناو قەیسەری شنروێ لە شاری هەڵەبجە ژنێک بە هەموو هیوایەکەوە بەردەوام لە کاردایە بۆ خزمەتکردنی ژنانی شارەکەی، ئەو ئامادەیە ئەو زانیارییانەی پێیەتی بەکەمترین کات بیگەیەنێتە فێرخوازەکانی، چونکە پێی وایە ژنان پێویستە لەسەر پێیەکانی خۆیان بووەستن و چیتر پێویست ناکا چاوەڕێی دەستی کەس بکەن.

 

ئەو ژنە بەرگدرووە ئاڤان ئاواتە، بەدەم کارکردنەوە دوا و باسی لەوەکرد، لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێیە و دەرچووی بەشی زانستە پراکتییەکانی کولێژی تەکنیکی ساڵی ٢٠١٧ی زانکۆی هەڵەبجەیە، ئاڤان کاری دروومان و دەستڕەنگینی لە خێزانەکەیەوە بۆ ماوەتەوە، چونکە، دایک، پور و خاڵەکانی بەرگدروو بوون، خۆشی لە گەنجییەوە حەز و ئارەزووی بۆ کارەکە  هەبووە.

 

ئاڤان دەڵێت: سەرەتا جلم بۆ خۆم دەدرووی و لەبەرم دەکرد، هاوڕێکانم جلەکانیان دەبینی و دەیانویت بۆیان بدورم، دواتر زانکۆم تەواو کرد و دانەمەزرام، هەوڵی تەواوەتیم دا فێری کاری دروومان ببم و بە پشتیوانی دایک و هاوڕێکانم توانیم شوێنێک بکەمەوە و دەستبەکار بم تێیدا.

 

بڕوانامەم لە سلێمانی وەرگرت بەڵام پێم خۆشبوو لە هەڵەبجە خزمەت بکەم

ئاڤان ئاواتی بەرگدروو باس لەوە دەکات، پاش ئەوەی پشگیری هاوڕێ و خێزانەکەی بەدەستهێناوە، هەوڵیداوە بەتەواوەتی فێر ببێت، "لە سلێمانی خولێکم خوێند و بوومە یەکەمی خولەکە، پێیان وتم هەر لەوێ ببم بە مامۆستا، بەڵام پێم خۆشبوو لە هەڵەبجە خزمەت بکەم و لە ساڵی ٢٠١٨ تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی کاردەکەم و فێرخوازان فێری دروومان دەکەم، زۆربەشیان بوونەتە خاوەنکاری خۆیان و بەردەوامن.

 

ئاڤان لە پلانیدایە لە داهاتوودا شوێنکارەکەی بکاتە کارگەیەکی بچوک و چەندین ژنیش بخاتەسەر کار، تاوەکو لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن.

 

دەستپێکردن قورسە بەڵام بەردەوام بوون گرنگە

ئافان باس لەو بەربەستانە دەکات کە لەکارەکەیدا هاتووەتە بەردەمی، بەڵام تێی پەڕاندووە، وتیشی: من سەرەتا ماڵەوەش ڕێگربوون لەوەی بێمە دەرەوە، تەنانەت تانە و تەشەری کۆمەڵگە و ئاستەنگی زۆر هەبوون، بەڵام کۆڵم نەدا و بڕوام بەخۆم هەبوو و بەردەوام بووم، دەبێت واز لە تانەکان بهێنین و ئەو قسانە وەربگرین کە سەرکەوتوومان دەکەن.

 

شوێنکاری ئاڤان ئاوات لەناو قەیسەری شنروێ و لە کاتژمێر ٢:٠٠ی نیوەڕۆ تا ١١:٠٠ی شەو تێیدا کاردەکات.