هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کار بۆ پاراستنی گەل و هێنانەدی ئاشتی دەکەن

زرگان ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێرشی دەکرێتە سەر و بۆردومان دەکرێت، لەپێناو پاراستنی گەل و بەرقەراربوونی ئاشتی لە ناوچەکەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوام لە کاردان.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- هێزەکانی پاراستن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامانجیان خەباتێکی فرەلایەنە بۆ پارستنی هەرێمەکانی، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە بە درێژایی هێڵی ئاگریندا بڵاوبوونەتەوە و پاراستنی خاک دەکەن، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی ژنان لەناو شار و شارۆچکەکان و هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە ژن-HPC-JIN لە گەڕەکەکاندا جێگیرکراون و بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە.

 

لە منداڵەوە تا گەنجان، ژن، پیاوان و بەساڵاچووان لە ناوچەی زرگانی سەر بە کانتۆنی حەسەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان لە ڕێگەی بازگەکانەوە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی دەپارێزرێن.

 

ژنانی ئەرکدار بە پاراستنی وڵات و هاوڵاتیان بۆ نوژنها دوان، گوڵستان محەمەد فەرحان، یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەرکیان پاراستنی گەل و بەهاکانی کۆمەڵگەیە و وتی: ئەمڕۆ ئێمە پشکنین بۆ پاراستنی گەل و خەڵکی مەدەنی دەکەین، لە ڕاستیدا ئەگەر ئێمە پاراستن نەکەین ئاڵۆزییەکان لەناو هەرێمەکاندا دروستدەبێت و شانە تیرۆریستییەکان دەچنە ناو هەرێمەکان و سیستمی بەرگری و ئەمنیمان تێکدەدەن، لە هەمان کاتدا تەقینەوە زۆر ڕوودەدات، خەڵکی مەدەنی، ژنان و منداڵان دەبنە قوربانی. بەپێی پێویستی و پێداویستییەکانی ئێستا ئێمە ئەرکەکانمان ڕادەپەڕێنین و هەمیشە لە بازگەکاندا کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلی مەدەنی و ناسنامەکانیان دەکەین.

 

"یەکگرتوویی ئێمە گەرەنتی سەرکەوتنە"

گوڵستان وتیشی: گەلەکەمان زۆر دڵخۆشە کاتێک ئێمە دەبینن ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخەوەیە لە ناوچەکەدا هەیە، ئێستا ئێمە لە هێڵی ئاگرین داین و خەریکە شەڕ و ئاڵۆزی ڕوودەدات، ئێمەی ژنان هەوڵدەدەین ڕێگری لە پشێوییەکان بکەین و ئارامی گەلەکەمان مسۆگەر بکەین و گەلەکەشمان لەو پێناوەدا بەرخۆدان دەکات، بۆیە یەکێتی ئێمە گەرەنتی سەرکەوتنە.

 

"ئەرک و بەرپرسیارێتی من تەنها لە پاراستنی ناوچەکەدا سنوردار نییە"

حەنان خەلەف ئەلسەلیم، تەمەنی ٤٠ ساڵە و دایکی ٣ منداڵە، لە ئێستادا بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە لە بازگەکانی شارەدێی زرگان ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات و دەڵێت: دوای ئەوەی لێرە ئەرکەکانم جێبەجێ دەکەم، دەچمە ماڵەوە و لەوێش ئەرکەکانم تەواو دەکەم و دەگەڕێمەوە بۆ ناوەند، ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆرم هەیە، هەوڵ دەدەم هەموویان بەجێ بگەیەنم، هەموو ژنێک بەهای سەد پیاوی هەیە، باری ژن قورسترە لە هی پیاو، ئێمە ڕێز لە گەلەکەمان دەگرین، هەرگیز کۆتاییمان نایەت و پاراستن شتێکی بنەڕەتییە لە کۆمەڵگەدا. پاراستنی ئەم خاکە تەنها ئەرکی ئێمە نییە، ئەرکی هەموو تاکێکە کە لەسەر ئەم خاکە دەژی.