بێخاڵ عەلی: خولی هاوینە کراوەتە کەرتی بارزگانی و لەسەر منداڵ بەڕێوەدەچێت

بێ ئاگاداری لە سود و زیانی خولە هاوینەکان، خێزانەکان پەنا دەبەنەبەر خولی هاوینە بۆ منداڵەکانیان، ئاگادار نین لەوەی ئەم خولانە کاریگەری دەروونی هەیە و کراوەتە کەرتی بازرگانی.

شنیار بایز

 

سلێمانی- خولە هاوینەکان، تەواوی کاتەکانی بەشی زۆری خوێندکارانی داگیرکردووە لە پشووی هاویندا، خوێندکاران بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاتر بە بەراورد بە کاتی دەوامی فەرمی ڕوودەکەنە خولەکان، بەشێکی دیکەیان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و هونەر و میوزیک ڕوودەکەنە خولەکان، ئەم خولانە کاریگەری باش و خراپیشیان هەیە، بەڵام کاریگەری خراپەکەی زیاترە، چونکە دەبێتە هۆی ماندوکردنی دەروونی منداڵەکان.

 

خێزانەکان بەشێکیان وەک چاولێکەرییەک منداڵەکانیان دەنێرنە خولە هاوینەکان، بەڵام دەربارەی کاریگەرییەکانی زانیارییان نییە، تەنها ئامانجیانە منداڵەکانیان کەم نەبێت لەناو منداڵی خێزانەکانی دەوروبەریان، لە بەرامبەردا خولەکان کراونەتە کەرتێکی بازرگانی و تەنها بۆ کۆکردنەوەی پارە و بەفیڕۆدانی کاتی منداڵان بەڕێوەدەچن.

 

"خولی هاوینە دەروونی خوێندکار ماندوو دەکات"

بێخاڵ عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانە لە گوندی چاڵاوە، دەربارەی خولی هاوینە بۆ منداڵان چەندین ڕووکردنەوەی جیاوازیدا و تیایدا ڕوونیکردەوە، کردنەوەی خولی هاوینە بۆ منداڵان و فێرخوازان لایەنی باش و خراپی هەیە، لایەنە باشەکەی بریتییە لەوەی کە دەکرێت ئەم خوێندکارانە لە ڕێی ئەم خولانەوە زیاتر پەرە بە لایەنی زانستیان بدەن و بتوانن سودێکی باشی لێوەربگرن، لە بەرامبەردا لایەنی خراپی هەیە، سەرەکیترینیان ماندووبوونی خوێندکارەکەیە، ئەو منداڵە بەهۆی ئەوەی لە پشووی هاوینەدایە و ماوەی چەند مانگێکە دەخوێنێت، کاتێک دەچێتە ئەو خولانە ماندوو دەبێت، بە جۆرێک کە دووبارە دەرگای خوێندنگە دەکرێتەوە ئەو تووشی ماندووبوون بووە، توانا و تاقەتی خوێندن و گوێگرتنی نییە لە مامۆستاکەی.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک کات کاریگەری لەسەر جەستەی منداڵەکە دروستدەکات، بەهۆی ئەو ماندووبوونەی لە کاتی پشووی هاوینیدا تیایی بووە، جگە لەوەش کاریگەری لەسەر دەروونی دروستدەکات، دووریدەخاتەوە لە حەزی خوێندن کە لە ئەنجامدا لە نمرەی وانەکانیدا سەرکەوتن بە دەستناهێنێت.

 

"کردنەوەی خولی هاوینە بووەتە کەرتی بازرگانی"

ئەو بەڕێوەبەرە، باسی لەوەشکرد هەرچەندە کردنەوەی خول کارێکی باش و بەسودە، بەڵام لە ئێستادا بووەتە کەرتێکی بازرگانی لەلایەن مامۆستا و بەڕێوەبەرەکانەوە، هۆکاری ئەم بە بازرگانیکردنەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی مووچە و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان کە مامۆستا و بەڕێوەبەرەکانی ناچار بەوە کردووە هانا بۆ کردنەوەی خولی هاوینە ببەن بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانیان.

 

"ئەمە وایکردووە ژمارەی ئەو خولە هاوینانەی دەکرێتەوە ڕێژەیان بەرەو هەڵکشان بڕوات، لە کاتێکدا زۆرینەیان یەک سیستم و شێواز بەکاردەهێنن کە شێوازێکی ناتەندروستە، چونکە پێویستە خولی هاوینە زیاتر بۆ ئارامکردنەوەی دەروونی خوێندکار بێت و گەشت و لایەنی بەسەربردنی کاتی خۆشی تێدابێت، نەک تەنها خوێندن و دووبارە هیلاککردنی دەروونی خوێندکار بێت".

 

مامۆستا بێخاڵ بە پێویستی دەزانێت کۆمەڵێک وەرزش و یاریکردن و گەشت هەبێت لەناو خولەکان کە هزری خوێندکار چالاک بکات، وەک "مەلەکردن، شەتڕەنج یاخود مۆسیقا".

 

"هەموو سیستمە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کەموکورتیان تێدایە"

بێخاڵ عەلی باسی لەوەکرد، کاتێک خوێندکارێک دەچێتە پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە هاوینەکەیەوە دەچێتە خول و مامۆستای تایبەت دەگرێت، هۆکاری ئەمەش ئەو بیرکردنەوە هەڵەیەی کە لای خوێندکاران دروست بووە بەرامبەر پۆلی ١٢ و پێیانوایە دێوەزمەیەکە، وتی: پێویستە ئەو خوێندکارانە لە هاویندا گەشتێک و چەند کاتیکی تایبەت بەسەربەرن بۆ ئەوەی دەروونیان ماندوو نەبێت بۆ پۆلی ١٢، هەموو سیستمێک لە کوردستاندا کە دێتە کایەوە کەموکرتی خۆی هەیە، هەرچەندە سیستمی پەروەردە هەوڵی لەگەڵ دەرێت و چەندین چاکسازی تێداکراوە، بەڵام کەموکورتی تێدایە، هۆکاری ئەمەش نەبوونی خولە بۆ مامۆستا و بەڕێوەبەرەکان بۆ ئەوەی دووبارە خۆیان نوێبکەنەوە و بزانن چۆن دەبێت مامەڵە لەگەڵ خوێندکاران بکات، بۆ ئەوەی خوێندنگە لای خوێندکار خۆشەویست بکات وای لێبکات حەز بە خوێندن بکات، هەروەها لە خودی خوێندنگەکان خول بکرێتەوە نەک لە هاویناندا، هەروەها مامۆستایان شارەزای سیستمی پەروەردە بکرێن، ئاگاداری ئەو یاسا و ڕێکارانە بن کە پارێزگاری لە مامۆستا خودی خۆی و خوێندکاریش دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بە هەماهەنگی سیستمێکی پەروەردەیی تەندروست بەڕێوەبەرن.

 

"هەرشتێک بە پارە بێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە نرخە"

ئەو مامۆستایە ئەوەشی خستەڕوو کە مەرج نییە ئەوەی بچێتە خولەکان ئاستی بەرز بێت، نمرەی باش بهێنێت، زۆر خوێندکار هەن ناچنە خولەکان تەنها بە پاڵپشتی خێزان و هەوڵی خۆی، دوورکەوتنەوە لە سۆشیاڵ میدیا توانیویەتی نمرەیەکی باش بەدەست بهێنێت، وتیشی: "لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەداخەوە هەرشتێک بە پارە بێت بە نرخە، کاتێک خێزانێک بڕە پارەیەک دەدەن بە خولی منداڵەکانیان، هەر ئەو مامۆستایەیە کە لە کاتی دەوامی فەرمی وانە دەڵێتەوە کەچی خێزانەکە پێی باشترە، چونکە لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی دەداتێ، بە پێچەوانەوە گرنگی و ڕێزی خوێندنگەکان لای خوێندکار و خێزانەکان کەمبووەتەوە".

 

وەک چارەسەر ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەوەی چیتر ئەم بیرکردنەوەیە لای خێزان و کۆمەڵگە نەمێنێت پێویستە، خوێندنگەکان بە خوێندکاران ئاشتبکرێنەوە لە ڕێی ڕەفتاری جوانی مامۆستایان، خۆیان بکەن بە هاوڕێ و دایکیان، گەشت و پێشبڕکێی جۆراوجۆریان بۆ ڕێکبخەن، هەروەها دایک و باوک هانی منداڵەکانیان بدەن خوێندنگەکانیان خۆشبوێت.