"ژنێکی ئازاد و هزری ئازاد ملکەچی هیچ ناچارکردنێک نابێت"

سمانە.ج دەڵێت: تاکە ڕێگا بۆ ئازادی ئەوەیە کە ئەو تابووانە بشکێنین کە بەدرێژایی ساڵان بۆ ژنان لە کۆمەڵگەدا دانراوە، دەبێت ئەم دیوارە بڕووخێنین کە دەوری ژنانی داوە.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- ماوەیەکی زۆرە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ناوچەکانی کوردستان و ئێران چ لە چوارچێوەی تاکەکەسی و سەربەخۆ و چ لە فۆرمێکی ڕێکخراوەییدا بەرجەستە بووە، ئەم بزووتنەوەیە لەناو کۆمەڵگەدا توانی خۆی بگەیەنێتە ئاستی شۆڕش، ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بەهێزە لە شۆڕشی ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتمەندییەکی بەرچاوتر و کاریگەرترەوە دەرکەوت، ئەویش بوێری ڕێکخستن و پێشەنگایەتی ژنان بوو.

 

سمانە.ج لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی دڵخوازی خۆی و لابردنی حیجابی ناچاری، پەیوەستبوونی خۆی بە شۆڕشەوە نیشاندا، دەڵێت: کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمەوە، بەهۆی ئەو جلوبەرگەی هەڵیبژاردووە و سەرەڕای ئەوەی حیجابەکەی بەتەواوەتی لەگەڵ پێناسەی ئەوان بۆ حیجاب یەکدەگرێتەوە، وەک ئەوە وابوو مردنی خۆمم بینیبێت، ئەم ڕووداوە دەکرا بەسەر ژیناکانی دیکەی ئێراندا بێت، من پڕم لە توڕەیی و ناتوانم دەنگم بەرز بکەمەوە، چونکە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە ڕێگە بە هیچ جۆرە توڕەیی و خۆدەربڕین و ناڕەزایەتییەک نادەن.

 

دەشڵێت: تاکە ڕێگا بۆ ئازادی، شکاندنی ئەو تابوانەیە کە ژنان بە درێژایی ساڵان لە کۆمەڵگەدا بۆی دروستیان کردووین، دەبێت ئەم دیوارە بشکێنین کە دەوری ژنانی داوە، حیجابی ناچاری و نەریت فشار بوو کە بەسەر ژناندا سەپێندرابوو، ژنێک کە خاوەنی ئازادی و بیرکردنەوەی ئازادە، ملکەچی هیچ زۆرەملێیەک نییە و ئاگاداری مافەکانی خۆیەتی، دەزگای ئیرشاد لە کوشتنی ژیناوە دەستی بەم نافەرمانییە گرت و شکاندنی نۆرمەکانی دیکە لە هەموو شوێنێکی ئێران بە ئاسایی دادەنرا، جۆرێک لە ناڕەزایەتی مەدەنی لەگەڵ حوکمڕانی دیکتاتۆری بووە هۆی کابوسێک بۆ ڕژێم و پاشەکشەی ڕووخانی ئەم ڕژیمەی بەهێزتر کرد.

 

سەرەڕای کردەوەی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نەیارانی حیجابی ناچاری و درێژەدان بە داخستنی سەندیکاکانی کرێکاری، بوونی ژنان لە شارە جۆراوجۆرەکان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە جلوبەرگی خواستیارییەوە  بەردەوامە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم شۆڕشە ئامانجی باڵاتری هەیە، کە ئازادییە، و ئازادی لە هەڵبژاردنی جلوبەرگ بەشێکە لە داواکارییەکان.