ژنانی عەفرین ٥٨ ڕۆژ لەگەڵ شەڕڤانەکانیان تێکۆشانیان کرد

ژنانی عەفرین لە دژی هێرشەکانی سوپای تورک لە بەرخۆدانی سەردەمدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا، فاتمە هۆریک کە یەکێک بوو لەو ژنانە باسی بەرخۆدانی ٥٨  ڕۆژەی بۆ کردین.

ڕووبارین بەکر

 

شەهبا- دانیشتوانی عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ شەڕڤانانیان، لەسەر بنەمای شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل، بەرخۆدانیان کرد و هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لە بەرخۆدانی سەردەمدا ڕوویاندا، هێشتا لە مێشکی گەل و ژناندان، چونکە ژنانی عەفرین بە هەموو ڕێگەی بەرخۆدانەوە لە بەردەم سوپای تورک وەستاون.

 

دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، بە هەموو چەکێک هێرشیان کردە سەر کانتۆنی عەفرینی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێرشەکان بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەردەوام بوون و لە ١٨ی ئازاری هەمان ساڵدا دەوڵەتی تورک شاری عەفرینی داگیرکرد.

 

فاتمە هۆریک خەڵکی عەفرینە و شاهیدی بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژەی عەفرین بوو، باسی لە ڕۆژانی بەرخۆدانی سەردەم کرد و وتی: ئێمە لە بەرخۆدانی سەردەمدا لەگەڵ شەڕڤانانی خۆمان بووین، من یارمەتی بریندارەکانم دەدا و فێری بەکارهێنانی چەک بووم، گەلی عەفرین لەگەڵ شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا بەرگرییان لە خاکەکەیان کردووە و هەتا کۆتایی لەگەڵ شەڕڤانانی خۆیان تێکۆشان، بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک نەکەوێتە عەفرینەوە.

 

لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵ بەشداری شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بوو

لە بەرخۆدانی سەردەمدا لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵەوە گەل دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک وەستایەوە، فاتمە هۆریک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، نەک تەنها خۆی بەڵکو کوڕەکانیشی شەڕیان دەکرد و وتی: سێ منداڵم لە دژی داگیرکارییەکانی تورکیا و چەتەکان چەکیان هەڵگرت و ئێمەش لە بەرخۆدانی سەردەمدا پشتیوانیمان لێکردن، پاراستنی کوڕەکانم لە مەیدانەکانی جەنگدا هێزی پێداین و ئێمە هێشتا لە دژی سیاسەتەکانی داگیرکارین، دەوڵەتی تورکی داگیرکار بە هەموو چەکێکی قورس و فڕۆکەی جەنگییەوە ئەو ناوچە بچووکەی بە دڕندانەترین شێوە بۆردوومان کرد.

 

"سوپای تورک تەرمی چەتەکانی خۆیانی دەسوتاند"

فاتمە هۆریک، باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین و دڕندەیی ئەو هێرشانە کرد و وتی: هەموو دەڤەرێکی عەفرین هێرشی دڕندانەی لێکراوە، زۆرترین بەرخۆدانی لە ناوچەی ڕاجۆ دەنگی دایەوە، ئێمە لەو ناوچەیە بەرخۆدانیمان کرد و بەهۆی زیادبوونی هێرشی فڕۆکە و چەکی قورسەوە، چەندین هەڤاڵمان لەوێ شەهید بوون لەگەڵ ئەوەشدا، ئیرادەی ئێمە لە هەموو هێرشەکان بەهێزتر بوو، بەهۆی لاوازبوونی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە کەڤرکەر، تەرمی چەتەکانیان سوتاند و دەوڵەتی تورک بە بۆمب هێرشیان کردە سەر چەتەکانیان و هەوڵیاندا کە ڕای گشتی فریو بدەن، بەڵام بە چاوی خۆمان بینیمان کە چۆن دەیانسووتێنن.

 

هێرشی داگیرکاری لە دژی شەڕڤانان شکستیهێنا

فاتمە هۆریک دەربارەی ئەو کۆمەڵکوژییانەی سوپای تورک ئەنجامیان دا ڕایگەیاند، کۆمەڵکوژییەکان کاتێک دەستیپێکرد کە سوپای تورک لە دژی شەڕڤانان لاواز بوو، وتی: داگیرکاریی تورکیا هەموو شێوازەکانی شەڕی لە دژی هەرێمەکەمان بەکارهێناوە، سەرەڕای هەموو ئەو کردەوانەش ویژدانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نەجوڵا و بێدەنگ بوون، "ڕۆژێک لە بەرخۆدان لەگەڵ شەڕڤانان چوومە گوندی بیلکوو و لەوێ پێیان وتم میوانێک هەیە کە دەیویست بمبینێت، ئەو مەتینی کوڕی من بوو و لەوێ شەڕی دەکرد، من تەنها نەبووم، هەموو دایکەکان لە ڕاجۆ لەگەڵ شەڕڤانانیان بەرخۆدانیان دەکرد".

 

فاتمە هۆریک، کە دڵی بۆ گەڕانەوەی عەفرینی ئازاد لێدەدات، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ماوەی پێنج ساڵە هەموو بەربەستەکان تەنها بۆ گەڕانەوە تێدەپەڕێنین، هەنگاوەکانمان بەرەو پێشەوەیە و ئامانجمان ڕزگارکردنی عەفرینە.