"بەشدارییەکەم لە دەنگۆی کۆمەڵایەتی گرنگتر بوو"

مهدیا هیلال ئاماژەی بەوەکرد، خەونی بوون بە شەڕڤانی بە بەشداریکردن لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان بەدیهێناوە و وتی: ئەم بەشدارییە گرنگترە لەو دەنگۆیانەی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- مهدیا هیلال، لە گوندی میدلیە لە چیای کزوان، کە ٥٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری حەسەکە دوورە و لەلایەن شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگەوە لە چەتەکانی داعش ئازاد کرا، لە ساڵی ٢٠١٤ چووە پاڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان، یەکەم ژنی گەنجە لەناو هۆزەکەیدا بەشداری خەبات بووە، مهدیا هیلال کە لە ئێستادا بەڕێوەبەری گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەربارەی بەشداریکردنی قسەی کرد.

 

ژنان وەک "بەرمالی ماڵەوە" دەبیندرێن

مهدیا هیلال ڕایگەیاند، ئەو لە هۆزێکدا گەورە بووە کە ژنان بە "بەرمالی ماڵەوە" دەبیندرێن و وتی: ئەمە زۆر ئاسایی بوو، کاریگەری هۆزەکە لەسەر خێزان زیادی کردبوو، ئێمە وەک کچانی خێزان جگە لە کشتوکاڵ و ئەرکی ماڵەوە بەهیچ شتێکی دیکەوە سەرقاڵ نەبووین، هەموو خوشکەکانم هاوسەرگیرییان کرد و خێزانیان دروستکرد، بەڵام من لەبەر ئامانج و خەونەکەم مامەوە، بە سەربازبوون خەونم بوو لەگەڵ مندا گەشەی کرد.

 

"بەشدارییەکەم لە دەنگۆی کۆمەڵایەتی گرنگتر بوو"

مهدیا هیلال، وتی: زۆرترین هەستی خۆشەویستی لە مێشکمدا ئەو بزووتنەوەیە بوو کە ژنانی شەڕڤانم بینی و ئەمەش لەگەڵ شۆڕشی ١٩ی تەمموز ڕوویدا، بەهۆی گوندەکەمان و ئەو شوێنەی کە هەڤاڵانی تیادا بوون، زۆر دوور بوو، بە تایبەتی دوای ڕزگارکردنی ناوچەکەمان لە چەتەکانی داعش، ئارەزووی بەشداریکردن زیاتر بوو، دوای هەوڵێکی زۆر، توانیم بگەمە ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ترسێک هەبوو لەوەی کە چۆن دەبم بە سەرباز، خێزانەکەم و مامەکانم چی دەڵێن، هتد، پاشان هەموو شتێکم هێنایە پێش چاوم و بەشدار بووم، بەڵگەنامە پێویستەکانم بۆ بەشداریکردن ئامادە کرد و دوای ئەوەی بووم بە ئەندامێکی فەرمی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان و دەستم کرد بە بەردەوامبوون، خێزانەکەم ئاگادار کردەوە، مامەکانم خۆیان لە من جیا کردەوە و دەیانویست واز لەو ڕێگایە بهێنم کە گرتبومەبەر، بەڵام خواست و بەشدارییم لە هەموو دەنگۆکانی کۆمەڵگە گرنگتر بوو.

 

"کۆمەڵگە فشاری دەخستە سەر خێزانەکەم"

مهدیا هیلال، یەکەم کچی هۆزەکە بوو کە بەشداری هێزە ئەمنییەکانی لەو ناوچەیەی کرد و وتی: لە ناوەڕاستی چەندین بەربەست لە بەردەم نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا، ژنێکی عەرەب دەچێتە پاڵ هێزێک و لە خاڵەکانی پشکنیندا وەستاوە و پاسەوانی دەکات، ئەوە شتێکی زۆر نوێ بوو، فشاری کۆمەڵگە لەسەر خێزان زۆر بەرز بوو، بەڵام ئەوان لەگەڵ بڕیارەکەی من بوون، بۆیە تا ئەمڕۆش ئێمە دژی وشەکانی کۆمەڵگە تێدەکۆشین، ئەو دەرگایانەی کە لەبەردەممان کرانەوە وەک ژنانی عەرەب و خۆشەویستیمان بۆ ئەوان هێزێکی دروستکرد، دوای پەروەردە ئێستا تێگەیشتم کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کێن و کارەکانیان لە هەموو وردەکارییەکانیدا چییە، هەروەها لە ناوچەیەک لە کۆمیتەیەکی گروپەوە بوومە بەڕێوەبەری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان.

 

"پێویستە نیشانی بدەین کە ئەم جیهانە جیهانی پیاو نییە"

مهدیا هیلال ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی عەرەبی زیاتر لە ناوچە ئازادکراوەکان خۆیان ڕێکخستووە و باسی لە سەختییەکانی خۆی کرد و وتی: هەرێمی شەداد و دێرەزوور تازە ڕزگارکرابوو، ناوچەکە زۆر قورس بوو بەهۆی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە و ژنان لە قەیراندا دەژیان، سەرەڕای ئەو بیرکردنەوە خێڵەکی و هەنگاوەی کە داعش بەجێی هێشتووە، دەتوانین ڕێنمایی ژنان بکەین و چارەنووسیان بگۆڕین، دەتوانین ژمارەی ژنان زیاد بکەین، شەڕی تایبەت و هەڕەشەی کوشتن لە دژی ژنانی عەرەب بە ئامانجی دروستکردنی ترس و وازھێنان لە ڕێگای هەڵبژێردراو دەکرا، بە باوەڕبوون بە ئامانجەکانمان، دەتوانین بەسەر ترسدا زاڵ بین و هەنگاوی بەردەوام بنێین بەرەو سەرکەوتن، بە تایبەتی، ئەو ڕاستییەمان تێپەڕاند کە ئێمە ئەو لێدان و شەرمەزارییە قبوڵ ناکەین کە هەزاران ساڵە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت و ئەم جیهانە جیهانی پیاو نییە و ژنان ماف و ڕۆڵیان هەیە.

 

"ڕۆژانە، مانگانە و ساڵانە لە گۆڕانکاریدا دەژین"

مهدیا هیلال ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە گۆڕانکارییەکان وتی: لە پرۆسەی سەرەتایی خۆمدا، شەرمن بووم، نائومێد بووم، دوودڵ بووم و هەموو ئەو شتانەی کە سیستمی پیاوسالاری و هۆشیاری دەوڵەت لە ئێمەدا چاندبوونی، توانیم تا ڕادەیەک تێیپەڕێنم، ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە لە گۆڕانکاریدا دەژین، بۆیە لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگ و ساڵ، پەیوەندییەکانمان و زانست قووڵتر دەبنەوە.

 

مهدیا هیلال ئاماژەی بە خەباتی دژ بە بۆچوونەکانی پیاوان کرد و وتی: پیاوان بە چاوی پەراسووەکانی ئادەم سەیرمان دەکەن، بەڵام کاتێک گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان دەکەین لەسەر کار و زانست، بێدەنگ دەبن، ئێمە و پیاوان هەمیشە لە کێبڕکێداین، چونکە باوەڕمان بە هۆکاری ئازادی ژنان و فەلسەفەی ژیانی ئازاد هەیە، بۆ نموونە، هەندێک لە هاوڕێ نێرینەکانمان دەڵێن کە ڕێگە نادەن خوشک و دایکەکانیان بەشداری لە خەباتدا بکەن، هەندێکیشان لەگەڵ خوشک و دایکەکانیان لە هێزەکانماندان، گۆڕینی هۆشیاری زۆر گرنگە، بۆیە پێویستە شیکردنەوەی ئێمە بۆ هەموو شتێک قووڵ بێت، بەتایبەتی لەسەر کێشەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، دەتوانین گۆڕانکاری لە هۆشیاری هۆزەکاندا بکەین.

 

"دەبێت خۆمان بە بەرپرسیاری چارەسەرکردنی کێشەکان بزانین"

مهدیا هیلال ئاماژەی بە یەکگرتوویی گەلان کرد و وتی: ئەوەی ئێمە فێری بووین، برایەتی گەلان و یەکگرتوویی نەتەوەکانە، لە ڕۆحی بەرپرسیارێتیدا، پێویستە نزیک بین لە ژنان و هێرشەکانی سەریان بە هێرش بۆسەر خۆمان بزانین، لەبەر ئەو ڕووناکییەی ئەمڕۆ بینیمان، دەبێت ئەوانیش ئەم ئازادییە ببینن و هەستی پێ بکەن و بژین، گرنگترین شت لە کەسایەتی خۆیدا ئەوەیە کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەیڵێت و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە چارەسەرکردنی هەر ١٢ پرسەکەی کۆمەڵگەدا کە لە کتێبی سۆسیۆلۆژیای ئازادیدا ئاماژەیان پێکراوە.

 

مهدیا هیلال لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەوانەیە تەنها لە تەلەفزیۆنەوە بینیبێتمان کە ژنان دەبن بە پێشەنگ و ئاستێکیان هەیە لە سوپا و هێزەکاندا، بەڵام نەماندەزانی کە ئێمە لە ڕاستی و کەسایەتی خۆماندا دەژین، ئەمڕۆ دەرفەتمان هەیە و ئەو ئاستەی ئەمڕۆ پێی دەگەین زۆر پیرۆزە، بۆ ئەوەی بتوانین دەستکەوتەکانی ئێستا بپارێزین، ئەرکی ئێمە قورسە، پاراستنی ژنان و کۆمەڵگە و بەهێزکردنیان لە دژی هێرشەکان ئەرکی سەرەکیمانە، دەبێت دەستی یارمەتی بۆ ئەو ژنانە درێژ بکەین کە هێشتا ئێمە ناناسن.