لە سیستمی نەخۆشخانەی منداڵاندا تەنها ڕێگە بە دایک دەدرێت خزمەتی منداڵەکەی بکات

ئەو دابونەریتەی کە منداڵی بە موڵکی باوک داناوە لە ڕابردووەوە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، بۆ ناسنامە و گەشتی دەرەوەی وڵات دایکان ژمارە سفرن، بەڵام کە منداڵ داخڵی نەخۆشخانە کرا موڵکی دایکە و تەنها ڕێگە بە دایک دەدرێت لەگەڵ منداڵەکە بمێنێتەوە و خزمەتی بکات.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- عەقڵیەتی پیاوسالار و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕابردووەوە تا ئێستا منداڵی تەنها بە موڵکی باوک داناوە و دایکی تەنهاوەک دروستکەر و خستنەوەی منداڵ بینیووە، لە عێراق و باشووری کوردستان وایکردووە لەکاتی دەرکردنی ناسنامە ئەگەر باوک ئامادە نەبێت دایک ڕێپێدراو نییە بۆ دەرکردنی ناسنامە، تەنها لە دۆخێکدا ئەگەر باوکەکە لە ژیان نەبێت، ئەوکات دایک ئەرکی سەرپەرشتی پێدەدرێت لەڕووی یاساوە، بەدەر لەوە یاسا دایکانی وەک پلە دوو داناوە، بۆ زۆربەی کاروبارە یاساییەکان و گەشتکردنی دەرەوەی وڵات دایک بێ ڕێگەپێدانی باوکی منداڵەکە ڕێگەپێدراو نییە گەشت بە منداڵەکەی بکات، بەڵام بۆ پەروەردە کردن و بەخێوکردنی لەناو ماڵدا لۆمەی دایک دەکرێت، بە جۆرێک ئەگەر منداڵێکی خراپ بێت لە چاوی کۆمەڵگەدا، ئەوا دایکەکە وەک تاوانبار دەبێندرێت و کەس پەنجەی تۆمەت بۆ باوک درێژ ناکات، لە کاتێکدا پەروەردە و بەخێوکردن و پێگەیاندنی منداڵ لە ئەستۆی دایک و باوکە نەک تەنها دایک.

 

دایک مافی خاوەنداری منداڵەکەی لێ زەوت کراوە

هەرچەندە بۆ کاتی دەرکردنی ناسنامە و ڕەگەزنامە هیچ ڕۆڵێک نەدراوە بە دایکان و دەبێت باوکان ئامادە بن، ئەگەرنا دەبێت "وەکالەت" بۆ ژنەکە بکاتەوە و ڕێگەپێدراوی بکات، ئەوکات دایک دەتوانێت کاروباری دەرکردنی ناسنامە و ڕەگەزنامە تێپەڕێنێت، بۆ گەشت کردنیش بەهەمان شێوە دەبێت باوکی منداڵەکە ڕێگەبدات و لەسەر پارچە کاغەزێک ڕەزامەندی نیشان بدات کە دایکەکە بۆی هەیە منداڵەکەی لەگەڵ خۆی بباتە گەشت بۆ دەرەوەی عێراق، ئەگەرنا دایک ناتوانێت منداڵەکەی لەگەڵ بێت، دەبینین دایک مافی پێنەدراوە خاوەنداری لە منداڵەکەی بکات و منداڵان تەنها موڵکی باوکەکانن.

 

لە نەخۆشخانە ئەرکەکە خراوەتە سەر دایک

ئەگەر باس لە کاتی نەخۆشبوونی منداڵ و پێویستی بە مانەوەی لە نەخۆشخانە بکەین، دەبینین هەموو ئەرکێکی خزمەتکردن بە دایک دراوە، بە نموونە لە نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، تەنها ڕێگە بە دایک دەدرێت چاودێری منداڵەکەی بکات و لەگەڵیدا وەک هاوەڵی بمێنێتەوە، باوکەکە تەنها چەند خولەکێک ڕێگەپێدراوە بچێتە ناو نەخۆشخانە، لە کاتێکدا منداڵ پێویستی بە دایک و باوکیەتی، بەڵام ئەمە لەبەرچاو ناگیرێت، وەک سیستمێکی پۆلیسی بەناو قاوشەکانی نەخۆشخانەدا دەگەڕێن و ئەگەر باوکی منداڵەکە لە ژوورەوە بێت، ئەوا دەیکەنە دەرەوەی نەخۆشخانە و دەڵێن دەبێت تەنها دایک هاوەڵی منداڵەکە بێت.

 

ڕەنگە بیانووی ئەمە ئەوەبێت باوکان سەرقاڵی کارن و ناتوانن هاوەڵی منداڵە نەخۆشەکەیان بکەن، بەڵام خۆ دایکانیش بەهەمان شێوە خاوەنی کارن و دەتوانن هاوەڵی منداڵەکەیان بن لە نەخۆشخانە، لە کاتێکدا چاودێری و هاوەڵی منداڵێکی نەخۆش، تەنها بەیەک کەس ناکرێت کە ئەویش دایکەکەیە، لەناو نەخۆشخانە بۆ بەشی پشکنین و تاقیگە کە شوێنەکان دوورن لە قاوش دەبێت دایکەکە چەند مەترێکی ببڕێت و منداڵە نەخۆشەکەی بەدیار کەسانی نەناسراو بەجێبهێڵێت، تا ئە و کارانە جێبەجێ دەکات، واتە دایکەکە زۆر ماندوو دەبێت و ئەرکێکی زۆری خراوەتەسەر، دەبوو ڕێگەبدرێت باوکانیش لەگەڵ دایکان هاوەڵی منداڵە نەخۆشەکەیان بن، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دایکان تەنها وەک دروستکەر و خزمەتکار دەبیندرێن، ئەگەر نا کەواتە با دایکان لە تەواوی بابەتەکانی تایبەت بە منداڵەکانیان وەک خاوەندار سەیر بکرێن.

 

ڕەنج و ماندووبوونی دایک لەبەرچاو ناگیرێت

هەر لە هەڵگرتنی ٩ مانگ کۆرپەلە لە سکدا و دوای لەدایکبوونیش، بە پەروەردەکردنی منداڵەوە دایکان ڕەنجێکی زۆر دەکێشن، بەڵام عەقڵیەت و دابونەریت و تەنانەت یاساش لە ڕەنجی دایکانی کەم کردووەتەوە، چونکە کاتێک منداڵ کراوە بە موڵکی باوک هیچ بەهایەکی بۆ دایکایەتی دانەناوە، ئەو هەستەی لای دایکان دروستکردووە کە منداڵەکانیان تەنها منداڵی باوکن نەک ئەوان، کاتێک دایک لەڕووی کاروباری یاساییەوە لە چاوەڕێی ڕێگەپێدانی باوکی منداڵەکەیە ئەوکات بۆی دەردەکەوێت، چ نایەکسانییەک لەنێوان دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان خوڵقێندراوە، ئەمانە هەمووی ڕەنج و ماندووبوونی دایکانی بە کەم نرخاندووە.

 

یاسا بەردەوامی بە دابونەریت داوە

بەدەر لە دابونەریتی کۆمەڵگە، ئەمەی باسکرا لە ڕووی یاساییەوەیە، واتە بە یاسا ڕێکخراوە کە باوکان بەرپرسن لە منداڵەکانیان و خاوەنداری لە منداڵەکانیان دەکەن، بە جۆرێک ئەو عەقڵیەتە تەنها ژنان بە دروستکەری منداڵ دەبینێت، نەک خاوەنی منداڵ، ئەمەش شۆڕبووەتەوە بۆ ناو یاساش، ئەگەر یاسا ڕێگە بدات دایکان بەشداربن لە کاروباری دەرهێنانی ناسنامە و ڕەگەزنامە، کە مەبەست لە هەڵگرتنی ناوی دایک نییە لێرەدا، مەبەست ئەوەیە کاتێک باوکەکە لە وڵاتدا کە باسی عێراق و باشووری کوردستان دەکەین ئامادە نییە، لەو کاتەدا دایک بتوانێت ناسنامە و ڕەگەزنامە بۆ منداڵە تازە لەدایک بووەکەی دەربکات، ئەوا ئەوکات دابونەریت و تێڕوانینی کۆمەڵگەش دەکرێت گۆڕانکاری بەخۆیەوە ببینێت.