دێنێ و درەو دووانەیەکی ژینگەپارێز

لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەڵەبجە بەردەوام دوو کچی دووانەی لێکچوو بە بەری بەیان کۆڵان و ماڵ، پارک و شوێنە گشتییەکان لە ماددە پلاستیکیەکان پاک دەکەنەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- دێنی هاوکار و درەو هاوکار دوو کچی ژینگەپارێزی دانیشتووی شاری هەڵەبجەن، هەرچەندە بە تەمەن منداڵن، بەڵام خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزن بۆ پاراستنی ژینگە، بەردەوامیش هەوڵ دەدەن ژینگەی دەوروبەریان پاک بکەنەوە و ماددە پلاستیکییەکانی سەر ڕێگەیان کۆدەکەنەوە.

 

لە لێدوانیکی تایبەتیاندا بۆ نوژنها دێنێ هاوکار باسی لەوەکرد لەگەڵ خوشکەکەی هەستاون بە کۆکردنەوەی پلاستیک لەبەرئەوەی ژینگەکەیان پیس نەبێت، دەشڵێت: پلاستیک بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەمێنێتەوە و لە خاکدا شی نابێتەوە، بۆیە بڕیارماندا کە ماددە پلاستیکییەکان کۆبکەینەوە.

 

لە ڕێگەی سیمینارەوە لە قوتابخانە فێری ژینگەپارێزی بووین

دێنێ هاوکار خستیەڕوو کە لە قوتابخانەکەیاندا سیمینار کراوە سەبارەت بە زیانەکانی مادەی پلاستیکی، بۆیە بڕیاریانداوە لە سەرجەم شوێنە گشتییەکان و ماڵە دراوسێکانیان ماددە پلاستیکییەکان کۆبکەنەوە، "کاتێک ماددە پلاستیکییەکان کۆدەکەینەوە دەیبەینە کارگەی پلاستیکی بۆ ئەوەی دووبارە ڕیسایکل بکرێتەوە و لە دروستکردنی کورسی بەکاربهێنرێتەوە"، هەروەها داوا لە گەنجان و منداڵانیش دەکەن دەبەی پلاستیکی فڕێنەدەن و لە جێگەیەک کۆیبکەنەوە، تا دەبرێتە کارگەی ڕیسایکلین.

 

لە شاری هەڵەبجە کارگەی ڕیسایکلینی پلاستیکی هەڵەبجە لەلایەن بەشی ژینگەی ڕێکخراوی نوێوە لە ١٦ی ئاداری ٢٠٢٢ کرایەوە و سەرپەرشتی دەکرێت، لەپێناو پاراستنی ژینگەی هەڵەبجە.