"ژنانی خوێنەر مەترسین بۆ سەر ئەقڵییەتی پیاوسالاری"

ژنانی خوێنەر دەبنە مەترسی بۆ ئەو کۆمەڵگانەی پیاو سالارن و دەیانەوێت ژنان بێدەنگ بن، لە گروپی یار لە سەیدسادق ژنانی خوێنەر بەردەوام بە خوێندنەوە سەرقاڵی زیادکردنی ئاستی ڕۆشنبیری خۆیان و کۆمەڵگەکەیانن.

ئاسوودە محەمەد

 

شارەزوور- گروپی کتێبی یار، گروپێکی تایبەت بەکتێب خوێندنەوەیەو ماوەی شەش مانگە دامەزراوە لە شارۆچکەی سەیدسادق لەلایەن سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوانەوە، زیاتر لە ٣٠ ئەندامی هەیە کە ڕێژەی زۆری ژنان تیایدا بەشدارن.

 

 ئەندامانی گروپەکە دوو هەفتە جارێک کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەو کتێبە دەکەن کە هەڵیان بژاردووە و هەر کەسە و لە دیدگای جیاوازی خۆیەوە تێگەشتنی بۆ کتێبەکە باسدەکات و شیدەکەنەوە.

 

بابەت و ناوەڕۆکی کتێبەکان جیاوازن بەڵام زیاتر لە چوارچێوەیەکی پەروەردەیین چونکە تەمەنی ئەندامەکان لە تەمەنی پێگەشتن و لاویدان و ئاڕاستە و پەروەردە بۆیان زۆر گرنگە تا بتوانن بونیادی تاکێکی سەرکەوتووی کۆمەڵگە بنێن.

 

لە سەرەتای دەستپێکی گروپەکە ئەو پێشوازییە گەرمەی نەبوو بەڵام لەئێستادا هەر جارە و ئەندامەکانی زیاد دەبێت ئەمەش پەرۆشی گەنجان و گرنگی کتێب بۆیان دەسەلمێنێت.

 

 ئامانجی گروپەکە زیادکردنی ئاستی ڕۆشنبیری لاوانە

سومەیە محەمەد، سەرۆک ودامەزرێنەری گروپی کتێب یار، دەڵێت: "ماوەی شەش مانگە ئەم گروپەم دامەزراندووە بەئامانجی کتێب خوێندنەوە و ڕۆشنبیرکردنی لاوەکانمان، چونکە کتێب خویندنەوە بۆ هەموو کەسێک گرنگە بەتایبەت بۆ ژنان، چونکە دایک یەکەمین قوتابخانەی فێرکردنی خێزانە کەواتە پێویستی بە زانیاری و کتێب خوێندنەوەیە و خوێندنەوەی ژنان کاریگەریەکی گەورەی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەیە."

 

هەروەها سومەیە محەمەد وتی: " گەر ویستت گەلێک بەرەو پێشەوە ببەیت ئەوا پێویستە ژنەکانیان بەرەو پێشەوە ببەیت، گەر ژنێک بخوێنێتەوە ئەزانێت مافەکانی چین و ڕێگە نادات کەس لەبری ئەو بڕیاربدات و بەلاڕێیاندا ببات، هەر کاتێک ژنان نەیان خوێندەوە بێدەنگ دەبن گەر ژنانیش بێدەنگ بن کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار دروست دەبێت، بۆ ژنان گرنگە چونکە لە ڕێگەی خوێندنەوەوە ئاشنای مافەکانی خۆی و کۆمەڵگەکەی دەبێت و هیچ کاتێک شەرم نیە بۆ ژنان بخوێننەوە بەڵکو سەربەرزییە."

 

سومەیە دەڵێت خوێندنەوەی ژنان دەبێتە مەترسی بۆ ئەو پیاوانەی دەیانەوێت زاڵبن بەسەر ژناندا و کۆمەڵگەی پیاو سالاری  دروستبکات و هەروەها دەبێتە مەترسی بۆ سەر  ئەو کۆمەڵگانەی دەیانەوێت ژن بوونی نەبێت و لە پێگەکەیان کەمبکەنەوە، بەڵآم ژنانێکی زۆر بەردەوامن لە خوێندنەوە و لەقسەی کۆمەڵگە ناترسن هەر ژنێکیش ترسا ئەوا ناگات بەئامانجی خۆی.

 

 سەیدسادق خاوەن کتێبخانەیەکی گشتی و کتێبخانەیەکی دیکەیە و لەڕابردوودا دوو گروپی جیاوازی تایبەت بەخوێندنەوە هەبوون و بەهۆکاری جیاواز نەمان و لە ئێستادا گروپی کتێب یار تاکە گروپی کتێب خوێندنەوەیە و بەردەوام ئەندامەکانی زیاد دەکات و لەشێوازی قسە و دەربڕینیان کاریگەری کتێب خوێندنەوە لەسەریان دەردەکەوێت.