پەروەردەیەکی دروست، بنیادنەری ژنێکی بەهێزی کۆمەڵگەیە

پەروەردەی خێزان بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت لە بونیادنانی ژنێکی هۆشیار و بوێر کە کێشەکانی ژیان چۆکی پێدانادات، لە هەمان کاتدا گرنگە بۆ هۆشیارکردنەوەی پیاوان لە مامەڵەکردنی دروستیان بۆ ڕەگەزی بەرامبەر، تا نەبنە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- خودکوژی دیاردەیەکی دەروونی هەمەلایەنە، چەندین هۆکار دەبنە هۆکاری کەسەکە بگاتە خاڵی کۆتا و کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، ئەم دیاردەیە زیاتر لە نێو ژناندا دەبینرێت لە ناو ئەو کۆمەڵگەیانەی کە زهنیەتی پیاوسالاری تیایدا باڵادەستە، هەروەها خێزان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەسەر دروستکردنی تاکەکان و پایەیەکی سەرەکی کۆمەڵگەیە، خێزانێکی سەرکەوتوو بونیادی کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتووە، چونکە پەروەردەی تەندروستی تاک هۆکاری تەندروستی هەموو کۆمەڵگەیە بە گشتی.

 

سیڤەر مستەفا، ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی، ئەزموونی چەندین ساڵی لە بواری ڕاهێنان و گەشەپێدانی خود و تاک هەیە، باسی لە گرنگی ڕۆڵی پەروەردەی خێزان و چەمکی پەرەپێدانی مرۆیی کرد، دەشڵێت: خێزان پایەیەکی سەرەکییە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پەروەردەی ژنێکی گەشبین و ئازا، کە بوێرانە لە بەرامبەر توندوتیژییەکان دەوەستێتەوە و ئاستەنگییەکان چۆکی پێدانادات.

 

"پاڵپشتی خێزانەکان، متمانە و بوێری بە ژنانی گەنجی کۆمەڵگە دەبەخشێت "

سیڤەر موستەفا لەسەرەتای قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە دایک و باوک هەر لە سەرەتای پەروەردەی خێزانییەوە پێویستە جیاوازی لەنێوان کچ و کوڕەکانیان نەکەن و وتی: خێزان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بونیادنانی تاکێکی گەشبین یاخود ڕەشبین کە زیانی بۆخۆی و چواردەورەکەشی دەبێت لە داهاتوو، بۆ نمونە کۆمەڵگەی ئێمە بەردەوام بە جیاوازی سەیری ژنانیان کردووە لە پیاوان، تەنانەت لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا کۆمەڵگە بە چاوێکی کەمترەوە سەیری منداڵە کچەکانیان کردووە."

 

وتیشی: پێویستە خێزانەکان ئازادی بە کچەکانیان ببەخشن بەو مانایەی گەشبینی و متمانەبەخۆبوونیان پێببەخشن، کە پشت بە خۆیان ببەستن و ناخۆشی و ئاستەنگییەکانی ژیان نەتوانن کاریگەری لەسەر ژیانیان دروستبکەن و لە داهاتوودا چۆک بۆ کێشەکانی ژیانیان دانادەن، کۆمەڵگەی ئێمە داخراوە و ئەمەش هۆکاری زیادبوونی هاندانی خودکوژی ژنانە، چونکە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردەی نادروستی خێزان، هۆکاری دروستکردنی ژنێکی ڕەشبینە، کە زۆربەی جار دەبنە قوربانی ئەو زهنییەتەی، ژنبوونی وەک مانا ڕاستەقینەکەی نەناسیووە.

 

"لە کۆمەڵگەدا هیچکات لایەنی ژن ناگیرێت"

سیڤەر موستەفا ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، لە سەرجەم شوێنەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە بەهۆی ناهۆشیاری پیاوانەوە، "ئەنجامی توندوتیژییەکانی سەر ژنان هۆی ئەوەیە کە پیاوان هۆشیاری و پەروەردەیەکی دروستیان نییە، کە نەبنە هۆکاری توندوتیژییەکانی سەر ژنان و بە چاوی مرۆڤ بوونەوە لە ژنان بڕوانن، گرنگە دایک و باوکەکان کار لەسەر دروستکردنی کچێکی گەشبین و ئازا و بوێر بکەن، لە هەمان کاتدا منداڵە کوڕەکانیشیان بە شێوازێک پەروەردەبکەن کە مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا بکات."

 

هەروەها وتی: کاتێک خێزانێک منداڵێکی کچ پەروەردە دەکەن ڕێز و خۆشەویستی پێنادەن و بەردەوام لەگەڵ براکەیدا جیاوازی دەکەن و ئەرک و مافەکانی پێ ئاشنا ناکەن، بەردەوام بە هۆکاری کچبوونی ڕێگری زۆر شتی لێدەکەن و لەلایەنی دەروونیەوە فشاری دەخرێتە سەر، لە داهاتوودا کاتێک ئەو کچە دەچێتە شوێنێکی گشتی لەناو کۆمەڵگە ڕووبەڕووی چەندنین جۆری توندوتیژی و دەستدرێژی دەبێتەوە، ئەمەش بەردەوام لەگەڵی دەڕوات لایەنە دەروونییەکەی کاریگەری قورسی دەخاتەسەر و تووشی دارمانی دەکات.

 

سیڤەر ئەوەشی خستەڕوو زیادبوونی فشارە دەروونییەکان بۆ سەر ژنان بەهۆی تێڕوانینی ناهۆشیارانەی کۆمەڵگەوەیە، "لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کاتێک کچ تووشی کێشە و دەستدرێژییەک دەبێت ناتوانێت قسەبکات و بۆ کەسی باسبکات، چونکە دەترسێت لەوەی جارێکی تر بەهۆی توانجی کۆمەڵگەوە تاوانبار بکرێت لەوەی کە خۆی هۆکار بووە دەستدرێژی و توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامبدرێت، بەهۆی ئەقڵیەتی کۆمەڵگەوە هیچ کات لایەنی ژن ناگیرێت و لە ئەنجامدا تەنگەژەیەکی دەروونی بۆ دروست دەکات و دواتر بەرگەی ناگرێت.

 

سیڤەر موستەفا، جەختیکردووە لەسەرئەوەی کە پێویستە ژنان ئەو بەربەستانە بشکێنین و ئازادییەک فەراهەم بکەن، کە چیتر ژنانی کۆمەڵگە ئەوەی لە ناخیاندایە نەیشارنەوە و باسی بکەن تا گوێیان لێبگیرێت و لە هەمانکاتدا خێزانەکان پاڵپشتی کچەکانیان بکەن، کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە و متمانەیان پێببەخشن.

 

"پەرەپێدانی خودی، دەرگایەکی ئومێدت لە نائومێدیدا نیشان دەدات "

سیڤەر موستەفا کە چەندین ساڵ ئەزموونی وانەوتنەوەی هەیە لە بواری گەشەپێدانی خودیدا، باسی لە گرنگی چەمکی پەرەپێدانی مرۆیی کرد لە بونیادنانی تاکێکی سەرکەوتوو، "پێویستە هەموو کۆمەڵگە لە مانا و مەبەستەکانی پەرەپێدانی مرۆیی تێبگات، گەر تاکێک لە هەر تەمەنێکدا بێت و لە ڕووی کەسایەتییەوە کەموکورتی هەبێت، دەتوانێت بە هۆشیاربوونەوەی خودی و پەرەپێدانی مرۆیی کار لەسەر خۆی بکات و لە تاکێکی ڕەشبینەوە بگۆڕێت بۆ تاکێکی گەشبین کە ئازایانە ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی بەردەمی دەبێتەوە".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کاتێک ژنێکی گەنجمان هەیە ڕووخاوە، لایەنە هزری و دەروونیەکانی تێکچووە، گرنگە چەمکی پەرەپێدانی مرۆیی بکات بە وانەیەک لە ژیانی و لە ڕێگەیەوە مافەکانی خۆی بزانێت، هەست بە گرنگی و خۆشەویستی خۆی بکات، لە دید و تێڕوانینە نەرێنییەکانی ژیان بێتە دەرەوە و دەرگایەکی تازەی ئومێد بۆ ژیانی بدۆزێتەوە.