ناوەندی پاراستنی ژنان: ئازادی ژنان بە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد پێکدێت

ناوەندی پاراستنی ژنان کە سەر بە ئەنجومەنی ژنانە لە هەرێمی فورات ژنان لە توندوتیژی دەپارێزێت، هەروەها هۆشیاری و زانیاری پێشکەش دەکات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پەروەردەوە.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- لە ساڵی ٢٠١٨، ئەنجومەنی ژنانی فورات ناوەندێکی پاراستنی ژنانی کردەوە بۆ پشتگیریکردن و بەهێزکردنی ژنان دژی توندوتیژی دژ بە مافەکانیان، کە هەموو ڕێگاکانی ژیانی سەلامەتی ئەو ژنانە دەگرێتەوە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و زارەکی دەبنەوە.

 

جیهان دەرویش، هاوسەرۆکی دەستەی ژنانی کانتۆنی کۆبانێ لە هەرێمی فورات، جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی ناوەندی پاراستنی ژنان پشتیوانیکردنی ژنانە و پاراستنیانە لە توندوتیژی.

 

"هێزە دەسەڵتدارەکان ماف و ناسنامەیان لە ژنان سەندووە"

سەبارەت بە گرنگی و کارەکانی ناوەندی پاراستنی ژنان، جیهان دەروێش هاوسەرۆکی دەستەی ژنانی هەرێمی فورات وتی: لە هەزاران ساڵەوە تا ئەمڕۆ، ژنان بە شێوەی جیاواز ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەراسانکردن بوونەتەوە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکان و سیستمی سەرمایەدارییەوە، هێزە دەسەڵاتدارەکان بە پێشێلکردنی مافەکان ژنان، کۆیلەکردنیان، ماف و ناسنامەیان لێ سەندوون.

 

"بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی ژنان کۆت و بەندەکان تێکشکێندران"

جیهان دەرویش لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ و ڕاگەیاندنی سیستمی خۆبەڕێوەبردن و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، ژنان بە هەموو سیاسەتەکانیان لە دژیان خەباتیان کرد و وتی: دوای بەشداریکردنی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و دامەزراندنی ناوەند و ڕێکخراوەکانی ژنان،  کۆت و بەندەکان شکێندران، لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا، ژنان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە لەلایەن خێزانەکان، پیاوان و باوکان، هەندێک لە ژنان هیچ جێگایەکیان نییە پشتیان پێ ببەستن کاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، وەک دەستەیەکی ژنان، ئێمە بە تایبەتی بۆ کەیس و کێشەکانی ژنان بە گرنگمان زانی کە ناوەندێکی پاراستنی ژنان یان ماڵێک بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، لەگەڵ ئەو ناوەندانەدا، ئێمە هەوڵ دەدەین کێشەکانی ژنان چارەسەر بکەین.

 

جیهان دەروێش ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی ڕابردوودا یاسایەکی تایبەت بۆ ناوەندی پاراستنی ژنان پەسەند کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢، یاسای ناوەندی پاراستنی ژنان لە هەرێمی فورات لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانان پەسەندکرا و لەسەر بنەمای پەروەردە و پاراستنی ژنان لە ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەسەندکرا، مەرجەکانی چوونە ژوورەوە و چوونەدەرەوەی ژنان دیاریکران.

 

"پەروەردەکردنی ژنان بنەمای کاری ئێمەیە"

جیهان دەرویش ئاماژەی بەوەدا کە بەهێزکردنی ژنان لە بواری ئایدۆلۆژی و پەروەردەکردنیان خاڵێکی سەرەکی سیستمی ناوەندی پاراستنی ژنانە و وتی: بۆ باشترکردنی دۆخی دەروونییان و چۆنیەتی قبوڵکردنی کێشەکانیان و دۆزینەوەی چارەسەر لە سەرەتاوە، ژنان لە بواری ئایدۆلۆژیدا هۆشیار دەکەینەوەو پەروەردەیان دەکەین و چەندین گفتوگۆ لەگەڵیان ئەنجام دەدەین، هۆکاری پەسەندکردنی ناوەندەکە بۆ ژنان لە نێو خانەی پاراستندایە بە هەماهەنگی لەگەڵ ماڵەکانی ژنان و لیژنەکانی ژنان لە کانتۆن و ڕێکخراوەکانی ژنان کە پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە هەیە، دوای ڕاپۆرتێکی نووسراو، بارودۆخی ژنان بە هەموو وردەکارییەکانەوە دەنووسرێت و پێشکەش بە لیژنەی ژنان لە هەرێمی فورات دەکرێت و دواتر ژنان قبوڵ دەکرێن.

 

"هەندێک لە پیاوان گەشەکردنی ژنان و کۆمەڵگە قبوڵ ناکەن"

جیهان دەرویش لەبارەی ڕوانگەی کۆمەڵگە و ژنانەوە وتی: هەمیشە لەناو کۆمەڵگادا کار دەکەین، پەسەندکردنی باش هەیە لەلایەن دەستەی ژنان و دامەزراوە تایبەتەکان بۆ ژنان بە تایبەتی، چەندین سکاڵا هەیە لەلایەن ژنانەوە سەبارەت بە دەسەڵاتداری و نەریتەکان و هۆشیاری پیاوسالاری و نێرینەیی، ئەم ڕێکخراوە ڕزگارکردنی ژنانە لە توندوتیژی و چەوسانەوە و کۆیلایەتی، بەڵام بیرۆکە و کردەوەکانی ئەم دامەزراوانە لەلایەن پیاوانەوە قبوڵ ناکرێن، ئەو پیاوانەی کە هێشتا لەگەڵ هۆشیاری پیاواندا دەژین، بیرۆکەی گەشەکردنی ژنان لە کۆمەڵگەدا قبوڵ ناکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، جیهان دەرویش وتی: بە بەردەوامی لە کۆمەڵگەدا کاردەکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئەنجامدانی سیمینار و گفتوگۆی گروپ بۆ ژنان و پیاوان، لەبەر ئەوەی دەبینین ئازادی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و هۆشیاردا بەدەستیەت، دەبێت کار بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ژنان.