سلێمانی
لەگەڵ شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەڵام چەند ڕووداوێک هەیە ناتوانرێت نکۆڵی لێبکرێت، بۆیە ئاشکرا دەکرێت، ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە باشووری کوردستان و عێراق هاوشێوەی سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەکەی بەرزە، بەڵام بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان کە قەدەغەی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتنی لە میدیاکانی هەرێمەوە کردووە، ڕووداوەکان شاراوەن و کوشتن و خۆکوشتنەکان بەتایبەت ژنان ناکەوێتەوە بەرچاو و ڕای گشتی لەسەری بێئاگا ماوەتەوە.
بەشێک لە ڕووداوەکان لە نێو کامپەکانی ئاوارەکاندا ڕوودەدەن، ساڵانە چەندین جار بەهۆی شۆرتی کارەبارەوە چادر و ناوەندەکانیان دەسووتێت، بێکاری و قەیران ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ناتوانن بە ئازادی هاتوچۆی دەرەوەی کامپەکە بکەن، هەروەها ژنان لەناو کامپەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و ناچار دەکرێن لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری بکەن، سەرەڕای ئەوەش نەبوونی دەرفەتی کار ژیانیانی زەحمەت کردووە.
ئاوارەکانی شەنگال لە دوای ٣ی ئابی ٢٠١٤ و هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال ڕوویان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرد و ژیانیان لە کامپەکاندا بەردەوام دەکەن، دوای ڕزگارکردنەوەی شەنگال و ئارامی ناوچەکە ئاوارەکان خواستی گەڕانەوەیان هەیە، بەڵام پەدەکە ئاستەنگی دروستدەکات و ڕێگە بە گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال نادات لەلایەن خەڵکەکەیەوە.
ڕووداوە وتراوەکانی مانگی ئاب بەم شێوەیە بوو :
بەرواری ٥ی ئاب، دوو ڕووداوی جیاواز لە زاخۆ ڕوویاندا، ژنێک کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا و باوک و کچێکیش بێسەروشوێن بوون.
ئەو ژنە ناوی ن.س.م. کە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ کۆتایی بە ژیانی هێناوە، تەرمەکەی براوەتە پزیشكی دادی ئەو شارە، لەوکاتەوە هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی کەیسەکەوە نەخراوەتەڕوو.
باوک و کچەکە بە ناوی فاروق میرزا خەلەف و ئاخین فاروق، کە دانیشتووی کامپی چەم مشکو بوون لە سنوری ئیدارەی زاخۆ و شەنگالین بێسەروشوێن بوون، پۆلیسی زاخۆ لەسەر ڕووداوەکە داوای هاوکاری کردبوو بۆ دۆزینەوەی باوک و کچەکە.
دوای چەند ڕۆژێک تەرمی فاروق میرزا خەلەف لە باخچەیەکی شاری دهۆکدا دۆزرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا "لە ئۆپراسیۆنێکدا لە گەڕەکی سەرهەڵدانی شاری دهۆک بکوژەکە دەستگیرکراوە، ئەوەشیان ڕاگەیاند کە تاوانبار دانی بەوەدا ناوە، ئاخین خەلەفی ٦ ساڵانەشی کوشتووە"
شەوی ١٨ی ئاب دوو ژن بەهۆی ئەوەی بە هەڵە بەنزینیان کردووەتەوە موبەریدەوە سووتان و یەکێکیان بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئەو دوو ژنە یەکێکیان تەمەنی ٢٥ ساڵە و ئەوەی دیکەش ٣٠ ساڵە، بە گوێرەی زانیاریەکان ئەو دوو ژنە ویستویانە ئاوبکەنە موبەریدە، بەڵام بە هەڵە بەنزینییان کردووەتە موبەریدەکە و بەهۆیەوە گڕ لە موبەریدەکە بەربووە و هەردوو ژنەکە سوتاون.
لە بەرواری ٢٦ی ئاب، له گەڕەکی بەختیاری شارۆچكهی خانهقینی سهر به پارێزگای دیاله، دایكێكی تهمهن ٥٤ و كوڕە ٢٧ ساڵەکەی پێكهوه كوژران، بەپێی قسەی تهڵعهت ڕهفعهت، بهرپرسی ئاسایشى نهخۆشخانهی گشتی خانهقین کە بۆ میدیاکانی کردووە، کوڕێکی دیکەی ژنەکە، دایکی و براکەی کوشتووە و دواتر هەڵهاتووە، پاشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.




