ژنانی گەنج هیواخوازن نەورۆز ببێتە ئازادی گەلان
ژنانی گەنج پیرۆزبایی نەورۆز دەکەن و دڵخۆشبوون کە لە بناری قەندیل ئاهەنگی نەورۆزیان پیرۆز کرد، هیواخوازیشن نەورۆز ببێتە ئازادی گەلان.
لاڤین مەحمود
ڕاپەڕین- ژنانی گەنج کە لە ئاهەنگی بناری قەندیل بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردی و بە رۆحی گەنجانەی خۆیانەوە بەشداربوون بۆ ئاژانسی نوژنها دوان و ئاماژەیان بەوەدا کە نەورۆز جەژنێکی نەتەوەییە و هیواخوازیشن ببێتە ئازادی گەلان.
دیلان ڕێبوار ژنێکی گەنجە و لە ئاهەنگی نەورۆزی بناری قەندیلەوە پیرۆزبایی لە کوردان دەکات و دەڵێت: "پێویستە گەلی کورد هیوای ئازادی بخوازێت"، ئیلهام سلێمان، ژنێکی گەنجی دیکەیە و دەڵێت نەورۆز پاراستنی جەژنی نەتەوەیی کوردە، "پێویستە گەلی کورد یەکڕیز بێت چونکە چەندین کێشە لە وڵاتەکەماندا هەیە بۆ ئەوەش پێویستە یەکڕیز بین لەپێناو مانەوەماندا".
گیڤارا محەمەد، لە سەنگەسەرەوە بەشداری ئاهەنگەکە بووە و پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکات، گیڤارا وتی: زۆر خۆشە لە نەورۆزدا چوار پارچەی کوردستان کۆدەبینەوە و ئاهەنگ دەگێڕین.
مەرزیە ئەحمەد، لە سەرەتادا پیرۆزبایی نەورۆزی کرد و هیواخوازە هەموو ساڵێک جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل بە بەرفراوانی بکرێتەوە، مەرزیە ئەحمەد دەڵێت: "نەورۆز گرنگە چونکە دووبارە ژیانەوەیە، ئێمە هەموو ساڵێک دووپاتی دەکەینەوە کە بەرخۆدان بەردەوامە و شکست بوونی نییە لەلامان".
ت.پ