ئازاری ژنانی تەبقە لە دوای نەمانی داعش هێشتا بەردەوامە

بەپێی خەمڵاندنەکان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار منداڵی بێ دایک و باوک لە سەرانسەری سوریا هەیە، لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە زیاتر لە دە ساڵە وڵاتەکەی وێران کردووە و ژنانیش لە هەلومەرجی ئابووری سەختدا ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ دەگرن.

رەنیم ئەحمەد

تەبقە- داعش کۆتایی هات، بەڵام ئەو ئازارانەی کە بەسەر ژنانی ناوچەی تەبقە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هات هێشتا کۆتای نەهاتووە، بەو پێیەی بەشێکی زۆریان کوڕ یان هاوسەرەکانیان لەدەستداوە، ژنان بەرپرسیارێتی منداڵ و نەوەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.

 

وەفا حەتاب، لەدوای کوژرانی دوو کوڕەکەی لە سەردەمی داعشدا ئێستا  پێنج نەوەکەی بەخێودەکات، بەدەست بارودۆخێکی زۆر سەختی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، ئەوان لە خانوویەکی نیمچە وێرانبوو لە قەزای سێی تەبقە دەژین، بەدوای سەلامەتی و کەمترین پێداویستییەکانی ژیان دەگەڕێن، هەروەها ئاگاداری کچە نابیناکەی دەبێت کە پێویستی بە چاودێری بەردەوام هەیە.

 

وەفا حەتاب و هاوسەرە تەمەن ٧٠ ساڵەکەی، بارودۆخی شەڕەکە وای لێکردوون بەرپرسیارێتییەک هەڵبگرن کە ساڵانی تەمەنیان چیتر ڕێگەیان پێنادات هەڵیبگرن، ناتوانرێت ئەو واقیعە بە ئازارە بشاردرێتەوە کە تیایدا دەژی، جگە لە لەدەستدانی بژێوی ژیانی باس لە دۆخی ژیانیان دەکات و دەڵێت "هاوژینەکەم تووشی نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ بووە و پێویستی بە نەشتەرگەری بەردەوام هەیە، کچەکەم پێویستی بە چاودێری تایبەت هەیە، و دۆخی خراپی ژیان دوای لەدەستدانی دوو کوڕەکەم کە بەرپرسیار بوون لە ئێمە هەژاری بەرۆکی گرتین، ئێمە لەسەر یارمەتی مرۆیی دەژین و ئەوەی هەندێک لەو کەسانەی هاوسۆزی ئێمەن دابینی دەکەن."

 

تاوانی داعش

وەفا حەتاب ئەو ڕۆژە بە بیر دەهێنێتەوە کە داعش چووە ناو ماڵەکەیانەوە و دەڵێت " داعشەکان چونە ناو ماڵەکەمانەوە و کوڕەکەم و هاوسەرەکەیان دەستگیرکرد، منداڵێکیان هەبوو کە تەمەنی تەنها ٦ مانگ بوو، دوو سەعات دوای ڕفاندنی کوڕی یەکەمم، کوڕی دووەمم ڕفێندرا، و کاتژمێر ٩:٣٠ی شەو هاوسەری کوڕی دووەمم ڕفێندرا”.

 

هیوای ئەو بۆ ئازادکردنیان زۆر بوو، بەڵام ئەو ڕەحمەتەی کە هەرگیز نەچووە ناو دڵی بەکرێگیراوانی داعشەوە، برینێکی لێکەوتەوە کە ساڕێژ نەبوو.“ دوای ماوەیەک لە گۆڕەپانی گشتیدا لە سێدارەدران، ئەوان بە زۆر شتی ناڕاست تۆمەتباریان کردوون، کوڕەکانم هیچیان نەکرد، یەکێکیان شۆفێری تاکسی و ئەوی دیکەیان کرێکاری ئاسای بوو و تەنیا خەمی ئەوان ئەوە بوو کە بە کەرامەتەوە بژێوی ژیانمان دەستەبەر بکەن”.

 

بە پێی ئامارەکان مەزەندە دەکرێت لە سەرانسەری سوریا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار منداڵی بێ باوک هەبن و نەوەکانی وەفا حەتابیش لەم ئامارەدان، ئازار هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، ئەم داپیرەیە دەڵێت تا ئەم ساتە چارەنووسی ژنەکانی کوڕەکانی نازانێت کە چییان لێ بەسەر هاتووە، ئەم دوو منداڵە بێ باوک و دایکە لە ژێر چاودێری کەسانی بەساڵاچوودا دەژین و دۆخێکی سەختی ژیان بەڕێ دەکەن.

 

وەفا حەتاب دەڵێت ناتوانرێت ڕابردوو بگەڕێندرێتەوە، بەڵام هیوادارە دۆخی داراییان باشتر بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بتوانێت پاڵپشتی ئەو منداڵانە و کچە نابیناکەی بکات، “پێویستە هاوکاری و دابینکردنی چارەسەر بۆ ئەم منداڵە بێ باوکانە پەیدابکەین تا لە مافی خوێندن بێبەش نەبن،دۆخی خێزانەکەشمان سەختە چونکە هاوسەرەکەم نەخۆشە و کچەکەشم نابینایە ”.

 

 

 

بارودۆخی خێزانەکانی دیکەش باش نیە، غوسون ئەلحەمشۆ، لە دوای مردنی کوڕ و هاوسەرەکەی و لەدەستدانی کچەکەی، لە هەلومەرجێکی سەخت و دۆخێکی کارەساتبار و مرۆیی دەژی و بارێکی قورسی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت کە چاودێری کردنی هەشت منداڵە.

 

بەم شێوەیە باسی لە دۆخی خۆیانکرد دوای هێرشی داعش بۆسەر ناوچەکەیان، دەڵێت، " لەژێر کۆنترۆڵی بەکرێگیراوانی داعش بەسەر ناوچەی تەبقەدا، کوڕەکەی لەدەستداوە، کە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ڕەققە چارەسەری بۆ دەکرا، دوای ئەوەی لەکاتی کارکردندا بریندار بوو."

 

  دەشڵێت: " پێنج ساڵ لەمەوبەر کوڕەکەم لەدەستدا، دوای ئەوەش هیچ هەواڵێکمان لەسەری نییە و هیچ لەبارەیەوە نازانین، هەروەها کچەکەم و هاوسەری کوڕەکەشم لەڕێگەی خۆیان بۆ شاری حەلەب بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی و لە کاتی گەشتەکەیاندا لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیرکران”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە شاری مونا کاردەکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو شتانە دەستەبەر بکات کە نەوەکانی پێویستیانە، بەڵام ڕووبەری ماڵەکەی بچووکە، بۆیە لەبەردەم ماڵەکەدا دادەنیشێت بۆ تەواوکردنی ئەم کارە، دەڵێت " بەرپرسیارییەتی خێزانێکی ١١ کەسیم لە ئەستۆدایە، داوای دابینکردنی یارمەتی بۆ نەوەکانم دەکەم، تەنانەت ئەگەر شتێکی بچووکیش بێت، چونکە من نەخۆشم و چیتر ناتوانم ئەم کارە پڕ ماندووییە بکەم، و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ئەم منداڵە بێ باوکانە بن".