ژن... گەڕانێکی بەردەوام بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە

ستێر ڕەمۆ، بەڕێوبەری لیژنەی کۆمەڵایەتی کۆنگرەستار لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە کاتی شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنان بەسایەی شۆڕش بەسەر چەندین بەربەستدا زاڵ بوون.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- ژنان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بەردەوام لە ژێر ئازاردان بە ئایدۆلۆژیای پیاوسالاریی دەسەڵاتخواز کە ڕۆڵیان پەراوێزخستووە و ڕێگەیان لێگرتووە خۆیان پێشبخەن، بەڵام شۆڕش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا توانیویەتی چەندین چەمکی کۆنەپەرستی بگۆڕێت و کار بەردەوام بێت تا دەگاتە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان، لە ساڵی ٢٠١٢وە ژنان لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مەفەکانیان بەدەستهێناوەو لە هەموو بوارەکاندا شوێنی خۆیان گرتووە بەشداریان کردووە لە دامەزراندنی دەزگاکان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەیان.

 

"ژنی ئازاد، کۆمەڵگەی ئازاد" 

بۆ تیشک خستنەسەر ڕۆڵی ژنان و شۆڕشەکەیان لەگۆڕان و گەشەپێدانی بیرکردنەوەو گەشەپێدانی کۆمەڵگە، بەڕێوەبەری لیژنەی کۆمەڵایەتی کۆنگرەستار ستێر ڕەمۆ وتی: " گەورەترین ڕۆڵ لەگەشەپێدانی کۆمەڵگەدا دەکەوێتە پاڵ ژنانەوە، پریشکی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هزری ژنانەوە دەستیپێکرد و لەسەر ئەم بنەمایەش بە شۆڕشی ژنان ناسرا، ژنانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا قەرزداری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانن، چونکە داوای ئازادکردنی ژنان دەکات و ئازادی کۆمەڵگەی بە ئازادی ژنەوە بەستووەتەوە، ژنێکی ئازاد دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بنیاد بنێت، کە هەموو مافەکانی بە ژنان بەخشی".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنان توانیان مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن و دەستکەوتیان هەبێت کە هەوڵی پاراستنیان دەدات و بەرگریان لێدەکەن، وتیشی: " هەموو کۆمەڵگەکان بەدەست بیری پیاوسالارییەوە دەناڵێنن بەتایبەتی سوریا کە تەنانەت ئەمڕۆش ژنان ناتوانن مافی خۆیان هەبێت و هەموو شتێک هی باوک و برایانە بۆیە ژنان ناتوانن لە ماوەیەکی کەمدا هەموو جیهان بگۆڕن، پێویستمان بە نەوەی زۆر هەیە کە بتوانین بگەینە کۆمەڵگەیەک کە ئازادی و دیموکراسی ژنان قبوڵ بکات".

 

"ژن خاوەنی بیری ئازادە"

دەربارەی توانای ژنان بۆ پێشخستنی خۆیان لە هەموو ڕووەکانەوە لە ڕێگەی پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتییەوە وتی: "ژنان لە ڕێگەی دامەزراوەکانی ژنانەوە توانیویانە لە ڕێگەی ماڵی ژنان یان کۆنگرەی ستارەوە بگەنە هەموو کۆمەڵگە، بەردەوام بوون لەگەشەپێدانی خۆیان و کۆمەڵگە بە سەردانکردنی ماڵ و گفتوگۆ لەگەڵ ژنان و کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ پیاوان، بەو شێوەیە ژنان ڕێگەیان بەخۆیان دا بۆئەوەی بتوانن شوێنی خۆیان لە بواری سەربازی و سیاسیدا بسەلمێنن، بۆ پێشخستنی ئابووری خۆی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ژنان، لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەی بەهرەکانیان بەکاربێنن و بیری خۆیان پەرە پێبدەن و خۆیان پەروەردە بکەن، بۆ ئەوەی ببنە ژنی سەرکەوتوو سەرکردە بۆ داهاتوو".