مامۆستای دایەنگەیەک: پێویستە کۆمەڵگە هۆشیار بێت بەرامبەر کارکردنی دایکان

بۆ ڕێگریکردنی ژنان لە کارکردن ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەڵێت: "ژنان تەنها ئەرکیان بەخێوکردنی منداڵ و پەروەردەکردنیەتی، ئەگەر منداڵ بچێتە لای دادەکانی دایەنگە دوو پەروەردە دەبێت"، بەڵام دادەیەک دەڵێت: کۆمەڵگە پێویستە هەل بۆ کارکردنی دایکان بڕەخسێنێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هۆکاری خراپی بارودۆخی ئابووری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و مافی ژنان بۆ کار کردن، ژنان ئاڕاستەی دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەکات، ئەو ژنانەی کە دایکن، بۆ چاودێریکردنی منداڵەکانیان ناچار دەبن ڕوو لە دایەنگەکان بکەن، لەلایەکی دیکەوە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا و پێی وایە ژنان تەنها ئەرکیان بەخێوکردنی منداڵە و دەبێت لە کارکردن داببڕین، هێشوو ئەحمەد، دادەی دایەنگەیە و باس لەوە دەکات، کە ژنان مافی خۆیانە کار بکەن، بۆ بەردەوامیشیان دەبێت کۆمەڵگە و خێزانەکان هاوکاری ژنان بن، دایەنگەکانیش ناوەندێک کە بۆشایی منداڵان پڕ دەکەنەوە.

 

"ژنان ئەرکیان تەنها بەخێوکردنی منداڵ نییە"

هێشوو ئەحمەد، مامۆستایی دایەنگە باس لە کارکردنی دایکان دەکات و دەڵێت: دایکان بۆ چاودێری کردنی منداڵەکانیان ناچار دەبن منداڵەکانیان ببەنە دایەنگەکان تا لە کارەکانیان تەواو دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری بێزاربوونی منداڵەکە و دروستبوونی بۆشایی لای منداڵەکە، ئێمەی مامۆستایان لە دایەنگەکان هەوڵمانداوە ئەو بۆشاییە بۆ منداڵەکان پڕ بکەینەوە، بەڵام لە کۆتایدا ئەو منداڵە پێویستی بە دایک و خێزانەکەیەتی، تاوەکو ئەو ماوەیەی بەجێی دەهێڵن قەرەبووی بۆ بکرێتەوە،بۆیە پێویستە ئەو بۆشاییەی کە منداڵەکە لە کاتی دایەنگەدا هەیەتی، لە ماڵەوە بۆی پڕ بکرێتەوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، جا بە یاریکردن بێت یان پیاسەکردن و بردنە ناو کۆمەڵگەوە بێت.

 

هێشوو ئەحمەد باسی لەوە کرد، لەچاو ساڵانی ڕابردوودا تا ئاستێکی کەم کۆمەڵگە هۆشیارە لەو ئەرک و مافانەی بەرامبەر ژن و منداڵ هەیە، بەڵام لە ئاستێکی دڵخۆشکەردا نیە، وتیشی: کۆمەڵگە زۆرینەی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵان لە ئەستۆی دایک دەبینێت، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە وایکردووە کە هەندێک لە دایکان ناچار دەبن واز لە کارەکانیان بهێنن و تەنها گرنگی بە ماڵ و منداڵیان بدەن، پێویستە پیاوان هۆشیار ببنەوە و بەخێوکردنی منداڵان تەنها بە ئەرکی دایک نەزانن، تاوەکو ژنانن ناچار نەبن واز لەکارەکانیان بهێنن.

 

"دەبێت هاوژینەکان هاوکاری ژنان بن"

لە درێژەی قسەکانیدا هێشوو ئەحمەد، باسی لەوەکرد، کە زۆرجار لە کۆمەڵگەدا دەوترێت منداڵەکانتان مەبەنە دایەنگەکان دادەکان دەبنە هۆکاری دوو پەروەردەیی منداڵەکانتان، لەو بارەیەوە وتی: ئێمەی مامۆستایان ساڵانە خولی پەروەردەیی دەبینین، بۆیە کاتێک دایکان منداڵەکانیان دەهێنن بۆ لامان ئێمە زانیاری دەربارەی منداڵەکە وەردەگرین، شێوازی هەڵسوکەوتی خێزان لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکە دەزانین و بەپێی کەشوو هەوای ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکاندا هەڵسوکەوت دەکەین، هەروەها ئێمەی مامۆستایان کاریگەری ئەرێنی لەسەر منداڵەکان جێدەهێڵین.

 

لە کۆتاییدا دەشڵێت: پێویست دەکات لە کۆمەڵگەی ئێمە ئەو تێڕوانینە نەمێنێت کە ئیتر ژنان منداڵیان بوو نابێت کاربکەن، ئێمەی ژنان هاوسەنگی ڕادەگرین لە نێوان کارکردنمان و منداڵەکانماندا، هەروەها هاوژینەکان دەبێت هاوکاری دایکەکان بکەن بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان و هەتا ژنانیش بتوانن کاربکەن تا لەسەر پێی خۆیان بوەستن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.