"بەرخۆدانمان گەڕانەوەمان بۆ عەفرین مسۆگەر دەکات"

ئەو ژنانەی بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە ناچاربوون ڕوو لە شەهبا بکەن، جەختیانکردەوە، "بەرخۆدانمان لە شەهبا گەرەنتی گەڕانەوەمان بۆ عەفرین دەکات".

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕ و بارودۆخی شەڕەوە، لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە شەڕانەدا خەڵکێکی زۆر ناچار دەبن شوێنەکانیان بەجێبهێڵن، ئەو کەسانەی کە ناچار بوون کۆچ بکەن زیاتر لە کامپەکاندا دەژین، ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ژیانی دەبنەوە.

 

زیاتر لە ١٠٠ هەزار کۆچبەری عەفرین لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین، کە ئەویش لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی دیمەشقدا گەمارۆ داوە.

 

گەل لە ژێر گەمارۆدا بەردەوامە لە بەرخۆدان

ماوەی زیاتر لە ٣ مانگە حکومەتی دیمەشق گەمارۆی خستووەتەسەر کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە سەدان هەزار کۆچبەری عەفرینی تێیدا نیشتەجێن، پێداویستییە ژیانی و تەندروستییەکانی خەڵک ڕێگەیان پێنادرێت بگەنە ناوچاکە، بڕیاری گەل لە شەهبا ئەوەیە کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان بەردەوامن لە بەرخۆدان و هەرگیز لە ژێر کاریگەری سیاسەتی دەوڵەتانی دەسەڵاتداردا نامێننەوە.

 

ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ کامپی سەردەم لە ناحیەی ئەحداسی سەر بە کانتۆنی شەهبا، بۆچوونی خۆیان لە دژی ئەو گەمارۆیە دەربڕی.

 

ئەڤین حەنان باسی لە سەختیەکانی ژیان لە زستاندا کرد لەناو چادری کۆچبەران و وتی: ئێمە بەردەوامین لە بەرخۆدان لە بارودۆخی سەختی کۆچکردندا، لە زستاندا منداڵان نەخۆش دەکەون و بەهۆی ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە سەپێندراوە، پێویستی تەندروستی کەممان هەیە، ئەمەش هۆکارە بۆ چارەسەرنەکردنی نەخۆشی منداڵان، لە هەمان کاتدا ڕێگە نادەن خەڵک بە ئاسوودەیی بژین و پێداویستییەکانیان پێبگات، ئێمە هەموو مەرجەکانی کۆچ قبوڵ دەکەین تەنها بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین، لە عەفرین زۆر بە ئاسوودەیی و بێ ئازار ژیاوین.

 

"بەرخۆدانمان لە شەهبا لەپێناو گەڕانەوەیە بۆ عەفرین"

سەمیرە خەلیل باسی لەو بەرخۆدانە کرد کە لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی ژیاندا بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و وتی: ئێمە ڕۆژانە لە سەختی و ئاستەنگدا دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری بەرەنگاربوونەوەمان هەرگیز لاواز نابێت، ڕێگاکانی نێوان چادرەکان خۆڵن و کاتێک باران دەبارێت ڕێگاکان دەبنە قوڕ، منداڵەکان لە ئاو و قوڕدا دەژین، کاتێک لە عەفرین بووین زۆر دڵخۆش بووین، هیچ ئاستەنگێکمان لە ژیانماندا نەبوو، تاکە ئارەزوومان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین و بەرخۆدانمان لە شەهبا تەنها لەپێناو گەڕانەوەیە بۆ عەفرین.

 

"دەیانەوێت جارێکی تر دەروازەی کۆچبەری بکەنەوە"

فاتم دینۆ ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی دیمەشق دەیەوێت بە سەپاندن و جێبەجێکردنی سنووردارکردن و گەمارۆ کۆچێکی دیکە دروستبکات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نزیکەی پێنج ساڵە لەگەڵ سەختییەکانی کۆچکردندا دەژین، بەڵام ئەمساڵ گەورەترین ئاستەنگەکان گەمارۆدانە لەلایەن حکومەتی سوریاوە بەسەرماندا سەپێنراوە، دەیانەوێت بەرخۆدان و خەباتی ئێمە لە شەهبا بشکێنن و جارێکی تر دەرگای کۆچمان بۆ بکەنەوە، بڕیار و پێداگری ئێمە ئەوەیە کە لە شەهبا بەرخۆدان بکەین بۆ گەڕانەوەمان بۆ عەفرین.