زمانی ڕاگەیاندن لە ڕێگەی دراماوە وا دەکات توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بکرێت

پێنەدانی بەرنامەی باش  و جدی بە ژنان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پەخشکردنی دراماو بەرنامەی کات  بەسەر بردن وای کردوە ژنان بکەونە ژێر کاریگەری دراماو بەرنامەکان و توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت.

شیرین ساڵح

سلێمانی- زمانی ڕاگەیاندن، یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە  ڕووداو و هەواڵەکان بە خەڵک دەگەیەنێت، یەکێک لە ڕێگاکانی کارکردنی زمانی ڕاگەیاندن گەیاندنی مانایە لە ڕێگەی ئەو نیشانە و هێمایانەی کە بە دانان و وێنەگرتنی دیمەنێکەوە پێشنیار دەکرێن، مانا جیاوازەکان لە دەقەکانی ڕاگەیاندندا بەندە بە دوو هۆکارەوە، یەکەمیان شێوازی خوێندنەوەی نیشانە و هێماکانی ناو دەقەکە، دووەمیان پاشخانی کلتووری ئەو کەسەیە کە دەقەکە دەخوێنێتەوە، بەڵام هەندێک جار خراپ بەکارهێنانی زمانی ڕاگەیاندن کاریگەری هەیە لەسەر کۆمەڵگە و دەبێتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان.

 

بەناز حەمەڕەشید، مامۆستای زانکۆ، باسی لە زمانی ڕاگەیاندن کرد کە گرنگە بۆ هەر ڕاگەیاندنکارێک بەو ڕێگەیە پەیامی خۆی بگەیەنێت، دوا جار ئەو هەوڵ و ماندوبوونەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەدرێت لە  زمانی ڕاگەیاندندا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام زۆر جار ئەم زمانی ڕاگەیاندنە بۆ شکاندن یان توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەکاردەهێنن.

 

"ڕاگەیاندکار دەبێت هۆشیار بێت لە بەکارهێنانی وشە"

بەناز حەمەڕەشید، باسی لە ئەرکی ڕاگەیاندکار کرد و وتی "ڕاگەیاندکار دەتوانێت بە زمانی زبر و بە زمانی پاڕاو هەواڵەکان دابڕێژێت، بەڵام هەموو ڕاگەیاندکارێک دەبێت هۆشیار و شارەزا بێت لە داڕشتن و بەکارهێنانی وشەدا، هەروەها لە ڕێکخستنی بکەر و کردار، چونکە زۆر جار دەبینین کە شوێنی بکەر و کردار دەگۆڕن بەمەش مانای ڕستەکە یان هەواڵەکە دەگۆڕێت، یان هەندێک جار ڕاگەیاندکار دەستەواژەیەک بەکار دەهێنێت کە توندوتیژیە بەرامبەر بە خوێنەر، بۆیە ئەمە پێویستی بە هۆشیاری هەیە."

 

"دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناهەقی دەکەن بەرامبەر بە ڕوماڵ کردنی کەیسەکانی ژنان"

بەناز حەمەڕەشید ئاماژەی بەوەکرد، کە لە زمانی ڕاگەیاندنەوە بە گشتی هەندێک پەیام بڵاو دەکەنەوە کە توندتیژی لیدەکەوێتەوە بە تایبەتی بەرامبەر بە ژنان، چونکە کۆی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناهەقی دەکەن بەرامبەر بە ڕوماڵ کردنی کەیسەکانی ژنان هەر لە کوشتنی ژنان تا دەگاتە ئیهانەکردن، ڕووبەڕوو بوونەوەی ژنێک لە کەیسێکی توندوتیژی و وێنە دانانی ژنێک لەگەڵ بابەتێکدا کە ناگونجێت، ئەمەش بە خراپ دەشکێتەوە بەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەتی ژنان.

ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک جار هەواڵێک دادەنرێت کە مانشێتەکەی توندوتیژیە بەرامبەر بە ژنان، چونکە بێ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە وا بڵاوی دەکەنەوە کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیە، بەم شێوەش ئەو کەسەی کە بابەتە دەخوینێتەوە بیری دەچێت بۆ ئەوەی کە کێشەکە لەسەر شەرەف و ئەخلاقە و ژنان تاوانبارن، بۆیە ڕاگەیاندکار دەبێت لێزانانە ئەم هەواڵانە بڵاو بکاتەوە تا نەبێتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان.

 

"دەزگاکانی ڕاگەیاندن گرنگی بە شێوازی داڕشتی هەواڵی ڕاگەیاندنکارەکان نادەن"

بەناز حەمەرەشید، ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن گرنگی بە شێوازی داڕشتی هەواڵی ڕاگەیاندکارەکان نادەن، پێویستە لە ڕێگەی کردنەوەی خول، پێدانی زانیاری، ڕوماڵ کردنی کەیسەکانی مافی مرۆڤ و تاوان، ژنان و کەیسەکانی توندوتیژی گرنگی بە بەرەوپێشچوونی ئاستی هۆشیاری کاری ڕاگەیاندکار بدرێت، چونکە تەنها دانانی دەزگایەکی ڕاگەیاندن گرنگ نیە ئەگەر ڕاگەیاندکارەکانی بە شێوەیەکی باش پەیامەکەیان نەنێرن، بۆیە پێویستە ڕاگەیاندکار خۆی گۆڕانکاری لە خۆیدا بکات و بە ئاگا بێت لەوەی کە چۆن ڕوماڵی کەیسێکی ژنان دەکات.

 

"کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە ڕێگەی دراماوە دەبنە هۆی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان"

بەناز حەمەڕەشید وتیشی" بەشێک لە کەناڵ و سایتەکانی ڕاگەیاندن تەنها ئیش لەسەر ئەوە دەکەن دەروونی خەڵک تێک بدەن بە خستنە پێش چاوی مۆدێلەکان یان پەخشکردنی دراماکان، بە شێوازی جل و بەرگ یان ئەو بڕە پارەیەی کە دەستیان دەکەوێت، بەم شێوەیە وا لە ژنان دەکەن کە چاو لە ژنە مۆدێلەکان یان کارەکتەری ناو دراماکان بکەن، بۆیە ئەمە ڕێگە خۆشکەرە کە ژنانی گەنج بچنە سەر  ئەو ڕێگەیە و دواتر توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، چونکە دراماکان ئەو هەستە دروست دەکەن لای ژنانی گەنج کە هەمان ڕۆڵی کارەکتەرەکە ببینێت چی لە بابەتی پەیوەندی سۆزداری بێت یان خستنەوەی منداڵ بە ڕێگەیەکی خراپ."

 بەناز حەمەڕەشید، جەختی کردەوە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن، خۆکوشتن، ململانێی سیاسی و توندوتیژی لە سایت و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وا دەکات کە کۆمەڵگە تاکی توندوتیژ بەرهەم بهێنێت بەهۆی کاریگەری ئەو هەواڵانەوە لەسەر تاکەکان.

ئەوەشی دووپات کردەوە، کە تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت هۆشیاریان هەبێت لە جیاکردنەوەی ڕاگەیاندنی ڕاست و ناڕاست، نابێت باوەڕ بە هەموو هەواڵێک بکەن کە بڵاو دەکرێتەوە، پێویستە بەدواداچوون بۆ هەواڵێک بکەن کە دەیبینن بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر کاریگەری هەواڵی ناڕاستەوە.

 

 

"پەیام ناردنی ژنان وا دەکات توندوتیژی دژ بە ژنان کەم ببێتەوە"

بەناز حەمەڕەشید، ئاماژەی بەوەش کرد، ژنان ژمارەیان زۆرە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا، بەڵام چۆنیەتی ئیشکردنیان وای کردوە کە ژنان کەم دەربکەون، چونکە زۆربەی ژنانی ڕاگەیاندکار ڕۆڵی باشیان پێنادرێت و زیاتر ئەو بەرنامانەیان پێدەدرێت کە کات بەسەر بردنن و ژنانی گەنجیش بینەری ئەو بەرنامانەن و پیاوان زیاتر بەرنامەی سیاسی، ئابووری و هەواڵیان پێ دەدرێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕۆڵێکی لاوەکی بە ژنان دەدەن لە ڕاگەیاندنەکان.

 پێویستە ژنان پێشەنگ بن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و لە بەرنامە جدیەکاندا ڕۆڵیان پێ بدرێت، ژنان ئەگەر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە پەیام بنێرن توندوتیژی کەم تر دەبێتەوە لە چاو ئەوەی پیاوان پەیامەکە بنێرن، چونکە ئەو زمانە زبرەی هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان بەکاریدەهێنن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیاوان ئەو دەزگایانە بەڕێوە دەبەن.

بەناز حەمەڕەشید لە کۆتایدا وتی" دەبێت کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەوەنە پەخشی دراما و بابەتە دەرەکیەکان نەکەن و گرنگی بە بابەتی ناوخۆ بدەن، هەروەها ژنان بە تایبەتی ژنانی گەنج زۆر سەیری ئەو کەناڵانە نەکەن کە بەرنامەی کات بەسەر بردن بەخش دەکەن."