"سەرەڕای کۆمەڵکوژییەکان ژنان بەردەوامی بە تێکۆشان دەدەن"

دەوڵەتی تورکیا لە ترسی تەشەنەسەندنی خەباتی ژنان، هەمیشە پێشەنگەکان دەکاتە ئامانج، ژنانی کامپی مەخموریش دەڵێن: حکومەتی فەرەنسا پارێزگاری لە دەوڵەتی تورکیا و کردەوەکانی دەکات.

تەوار پێنجوێنی

 

قەندیل- ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس هاوکاتی ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس ڕوویدا کە تێیدا ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید کران، لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی ئەنجامدرا، دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس ئامانج تیرۆرکردنی ئەڤین گۆیی-ئامینە کارا، ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی کورد بوو، لەگەڵیدا هەریەک لە هونەرمەند و وڵاتپارێز میر پەروەر و عەبدولرەحمان کزل شەهید کران.

 

کۆمەڵکوژی پاریس هەمان ئەقڵیەتی درێژەدانە بە داگیرکاری و قڕکردنی گەلی کورد، لە شەخسی ژناندا، کۆمەڵگە قڕ دەکرێت، بەڵام لە بەرامبەردا ژنانی کورد لە کوردستان و جیهاندا بەرخۆدان دەکەن و تا دێت پریسکی شۆڕشی ژن تەشەنە دەسەنێت.

 

ژنانی دانیشتووی کامپی مەخمور، کە لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی شەهید ئەڤین گۆیی لە قەندیل بەشداربوون، باس لە کۆمەڵکوژی پاریس و شەهیدکردنی پێشەنگانی ژن دەکەن.

 

"حکومەتی فەرەنسا بکەرانی کۆمەڵکوژییەکان دەپارێزێت"

سونگول گول، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی لە کامپی مەخمور، لەبارەی هەردوو کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی تورکیا وتی: کۆمەڵکوژی پاریس ڕووداوێکی ئایدۆلۆژی و سیاسییە، کاتێک کۆمەڵکوژی یەکەم لە پاریس ئەنجامدرا، تا ئێستا بکەرانی ئاشکرا نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی میتی تورک خۆی دانی پێداناوە، بەڵام دەوڵەتی پاریس ئێشتا ئەو کۆمەڵکوژییە دەپارێزێت، هەوڵ دەدرێت دووەمین کۆمەڵکوژی ٢٣ی کانوونی دووەمیش بێدەنگەی لێبکرێت، بەڵام ئێمە کوژەر دەناسین و ئەوانەی لە پشت ڕووداوەکەیشەوەن دەزانین کێن، وەک ژنی کورد دوژمنەکەمان دەناسین و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا کۆمەڵکوژییەک ئەنجامبدرێت، دەزانین کە دەوڵەتی تورکیا و میتی تورک و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەیە.

 

"لە سەدەی ٢١دا ژنان مۆری خۆیان لە مێژوو دەدەن"

سونگول گول، باسی لەوەشکرد کۆمەڵکوژییەکانی سەر گەلی کورد هۆکارەکەی ئەوەیە کە تەڤگەری ئازادی لە کەسایەتی ژناندا پێشکەوتووە و لە بواری سیاسی و سەربازی و ڕێکخستنیدا ژنان ڕۆڵی کارایان هەیە، دەشڵێت: دەوڵەتی تورکیا لە ژنان دەترسێت، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت "ڕێکخستنی پەکەکە، ڕێکخستنی ژنانە، ئەو بیردۆزەی ئەمڕۆ پێشی دەخەم، بیردۆزی ژنی ئازادە"، بۆیە دەوڵەتی تورکیا لە ترسی سەرهەڵدانی ژنان بەردەوام هێرشدەکاتە سەر ژنان، لە بەرامبەر هەموو خۆڕێکخستنی ژنان، تێکۆشان و بەرەوپێشچوونی ژنان، هەموو دەوڵەتەکان بوونەتە یەک و دەیانەوێت ڕێکخستن و هەبوونی ژنان هەڵوەشێنن، بەڵام لە دژی هەموو لەناوبردن و کۆمەڵکوژییەکان ژنان، بە دەزوویەکی باریکیش بێت تێکۆشانی ژنان بەردەوام بووە، وەک چۆن لە سەدەی ٢٠دا بە فکری ڕێبەر ئاپۆ و بە هێز و ئیرادەی خوداوەندەکان ژنان خۆیان بەڕێکخستن کرد و لە جیهاندا ناوی ژنانی کورد دەنگی دایەوە، لە سەدەی ٢١یشدا ژنانی کورد سەرەڕای هەموو کۆمەڵکوژییەکان بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی ژن مۆری خۆی لە مێژوو دەدات.

 

"دەوڵەت لە هێزی ژنان دەترسێت بۆیە پێشەنگەکان تیرۆر دەکات"

جەمیلە قەرا، دانیشتووی کامپی مەخمورە و لە سەرەتای قسەکانیدا سڵاو بۆ زیندانی ئیمرالی و گەریلاکانی ئازادی لە شاخەکانی کوردستان دەنێرێت، لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ئەڤین گۆیی دەڵێت: شەهید ئەڤین پێشەنگی ژنان بوو، هەمیشە پێشەنگەکان دەکرێنە ئامانج، چونکە دەزانن ژنان پێشەنگایەتی دەکەن و گۆڕانکاری دروستدەکەن، هەڤاڵ ئەڤینیش یەکێکە لەو ژنانەی پێشەنگایەتی دەکرد و ٣٤ ساڵ بوو لە خەباتدا بوو، لە هەرچوار پارچەی کوردستان تێکۆشانی کردووە، دوژمن لە هێزی ژنان دەترسێت، بۆیە دەیانکەنە ئامانج و تیرۆریان دەکەن.

 

لە کۆتایشدا داوا لە ژنان دەکات خاوەنداری لە خەبات و تێکۆشانی شەهید ئەڤین گۆیی بکەن و تێکۆشان بکەن.