هاوڵاتیانی باشوور لەسەر ژینا دێنە دەنگ

لە پای ئەو توندوتیژیانەی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بە ژنان ئەنجامی دەدات، تیایدا هەزارانی وەک ژینا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیان دەکەن، تەواوی ژنانی جیهان و ژنانی باشوور هاتنە دەنگ و داوای ئازادی ژنان دەکەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دوای ڕوودانی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی ژینا ئەمینی، لە بەرواری ١٥ی ئەیلول، کە خەڵکی شاری سەقزە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشتێک چووبوونە تاران، دواتر لە بەرواری ١٧ی مانگدا کۆچی دوایکرد، تەواوی سەقز و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان هاتنە دەنگ، چالاکوانان مرۆڤ دۆستان لە سەرانسەری جیهانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی دەربارەی ئەو کارەی ڕژێمی ئێران بەرامبەر ژنێکی کورد ئەنجامیدا.

 

نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو ژنان لە هەموو پارچەکانی کوردستان لەسەر کەیسی ژینا ئەمینی هاتنە دەنگ، هاوڵاتیان و ژنانی باشووری کوردستان بێبەش نین لەو هەڵوێستانە، لەگەڵ ئەوەی چەندین وتاریان دەربڕی و چەند گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، ژنانی ئاسای ناو کۆمەڵگەش هاتنە دەنگ.

 

سەرجەمیان ئاماژە بەوە دەکەن ژنان بە گشتی لە جیهاندا و ژنانی کورد بەتایبەت هەمیشە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە، مافەکانیان پێشێل دەکرێت، لە کاتێکدا زۆرکردن بەرامبەر مرۆڤایەتی و بە تایبەت ژنان توندوتیژییە، پێویستە ڕێگری لێبکرێت.

 

"ژنان دەبێت لە بڕیاردانی ژیانیاندا ئازاد بن"

دەشنێ عومەر، دەربارەی کوشتنی ژینا ئەمینی باسی لەوەکرد، کوشتنی ژینا ئەمینی کارێکی نا مرۆڤانەیە، پێویستە ژنان ئازاد بن لە بڕیارداندا، هیچ شتێک بە زۆر نابێت، کاتێک سەرپۆشێک یاخود هەرشتێکی دیکە زۆرەملێی تیابێت سەرکەوتوو نابێت، چونکە کاتێک شتێک لە کەسێک قادەغە دەکرێت لای شیرین دەبێت، لە سەروو هەمویەوە سەرپۆشکردن کە ناکرێت بە زۆر بێت دەبێت بە خواستی کەسەکە خۆی بێت و ئازاد بێت لە بڕیارداندا.

 

بەڵام حکومەتی ئێران سەرپۆشکردنی کردووەتە بیانوویەک بۆ توندوتیژیکردن بەرامبەر بە ژنان وتی "وەک ژنێک ئیدانەی توندوتیژی دەکەم دژی ژنان".

 

"پێویستە ڕێز لە بیروڕای جیاوازی یەکتر بگرین"

دالیا عبدولستار، لە پاش سەرەخۆشی خۆی بۆ مەرگی ژینا ئەمینی، ئاماژەی بەوەدا قبوڵکردنی بیروڕای جیاواز یەکێکە لە کایەکانی مرۆڤایەتی، لە دنیادا هیچ شتێک بە زۆرەملێ ناکرێت پێویستە کەسەکان ئازادبن لەوەی دەیانەوێت، دەبێت وەک مرۆڤ مامەڵە بکەین لەگەڵ خودی یەکتردا، ناکرێت کەسێک سەرپۆش نەکات بە خراپە ناوی بەرن.

 

وتی "ئیمان لە دڵدایە ناکرێت بە زۆر باوەڕ بە شتێک بهێنیت بەڵکو دەبێت خۆت باوەڕی پێبکەیت، ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات ئیسلامی ڕاستی نییە بەڵکو لەبەر دەسەڵات و حکومەت سەرپۆشکردنیان کردووە بە ئیجباری"، خودی ژن بەردەوام مافی دەخورێت، هەوڵ دەدەن بەکاری بهێنن، کاتێکیش دەیەوێت ئازاد بێت ڕێگری لێدەکرێت کەواتە پێویستە ژنان ئازادانە و بوێرانە داوای مافی خۆیان بکەن و تەواوی ژنان لە جیهان و پارچەکانی دیکەی کوردستان لەسەر پرسی ژینا بێنە دەنگ، بە تایبەت کەسانی دیاری ناو سۆشیاڵ میدیا بە جۆرێک دەنگی ژینا بگاتە هەموو دنیا.

 

"خودی دەسەڵات خۆی توندتویژە بەرامبەر بە ژنان"

ئەشکان ڕەفیق، باسی لەوەکرد، ئازادی تاک بەتایبەتی ژنان لە خێزانەوەیە، کاتێک لە خێزانێکدا منداڵ ئازادانە پەروەردە بکرێت گوێ لە ڕاوبۆچوونی بگیرێت دواتر تاکێکی ئازاد دێتە کۆمەڵگاوە، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا تاکەکانی ناو کۆمەڵگا ئازادانە ڕای جیاواز قبوڵ بکەن، بەڵام لە کۆمەڵگای کوردیدا ئازادی نییە بە گشتی و بە تایبەت بۆ ژنان.

 

کاتێک ژنێک لە ژێر فشارێکدا دەچەوسێندرێتەوە بێگومان ئازادی لێ زەوت کراوە، جگە لە خێزان بەڵکو حکومەت و دەوڵەت هۆکارێکی دیکەن بۆ ئەوەی تاک ئازاد نەبێت لە نێویاندا ژنان، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕژێمی ئێران وایکردووە تەواو ئازادی لە ژنانی قەدەغە کردووە.

 

ڕاستە لە باشوور و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئازادی تا ئاستێک هەیە بەڵام لە ئاستی پێویستیدا نییە، چونکە کاتێک توندوتیژی بەرامبەر ژنێک دەکرێت و دەکوژرێت ئەوەی پێویستە سەرەتا لێی بێتە دەنگ حکومەت و دەسەڵاتە بەڵام لە کوردستان بە گشتی دەسەڵات خودی خۆی توندوتیژی دەکات بەرامبەر بە ژنان.