لە جەژندا دایکان نزای پاراستنی کوردستان و گەریلا دەکەن

دایکان لە یەکەم ڕۆژی جەژندا، لە دوای نوێژ کردن نزای پاراستنی کوردستان دەکەن، چیمەن نەجیب، دایکێکە و نزا دەکات ڕۆژی جەژن ببێتە مایەی ئاشتی و پاراستنی کوردستان.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە، لە ١٧ی نیسان، هاوکات لەگەڵ ١٧ەیەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، بۆ سەر باشوری کوردستان دەستیپێکرد، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا داگیرکارییە و لەم ئۆپەراسیۆنەشدا ناوچەکانی شیلادزێ، ئامێدی، دێرەلوک و چیای کورەژارۆ کراوەتە ئامانج، ئەوەی پاراستنی خاکی کوردستان و چیاکان دەکات گەریلاکانی ئازادییە، گەلی کوردیش لە چوار پارچەی کوردستان و جیهاندا پشتیوانی بەرخۆدانی گەریلا و شەڕڤانان دەکەن.

 

ئەمڕۆ، یەکەم ڕۆژی جەژنە، دایکان نزای پاراستنی کوردستان و گەریلاکان دەکەن، چیمەن نەجیب، دایکێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە لە باشوری کوردستان، دوای ئەوەی بەیانی زوو نوێژی جەژنی ئەنجامدا، لە نزاکانیدا داوای پاراستنی خاکی کوردستان و گەریلاکانی کرد.

 

چیمەن نەجیب لە نزاکانیدا وتی: "خوایە ماڵ وێران و دڵ شکستمان نەکەیت، کوردستان و گەریلاکان باپارێزیت، ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی و پێکەوە ژیان و ڕۆڵەکانمان بپارێزیت و حزبەکان یەکڕیز بکەیت".

 

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ناڕەزایەتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بە هەڵوێست و چالاکی جۆراوجۆر دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەوەستنەوە و ژنان بەشداری چالاکییەکان دەبن و بە پشتیوانی ڕۆڵەکانیان و نزاکانیان داوای پاراستنی کوردستان و کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەن، دایکانیش له رۆژی جەژندا و ئەو کەسانەی کە ناتوانن بەشداری چالاکی و ڕێپێوان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان ببن، بە نزاکانیان دەتوانن پشتیوانی خۆیان بۆ تێکۆشان و خەبات دژی داگیرکاری بخەنەڕوو.