"بە تامەزرۆییەوە بۆ هەوای پاک دێین بۆ چیاکان"

سروە بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرزاییەکانی شار و کۆکردنەوەی گیای بەهاری ڕوو لە بەرزاییەکانی هەڵەبجە دەکات، دەشڵێت کنگری ئەمساڵ بەهۆی بێ بارانی باریک و وشک و تاڵبووە.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- ژنان لە بەهاردا دەچنە چیا و دەشتەکان بۆ ڕنینەوە و کۆکردنەوەی گیا خۆڕسکەکان، ژنها دەچێتە لای یەکێک لەو ژنانە تا باس لە بێبارانی و کۆکردنەوەی کنگر بکات لەمساڵدا.

 

سروە مستەفا ڕەشید دانیشتووی هەڵەبجەی شەهیدە و دایکی شەش منداڵە، لەگەڵ منداڵەکانی بۆ بەسەربردنی ڕۆژێکی خۆش و هەڵمژینی هەوایەکی پاک هاتووەتە  بەرزاییەکانی هەڵەبجە بۆ شاخی دۆڵەمەڕ و ناوچەی بامۆک.

 

سروە بەدەم هەڵکەندنی کنگر و پاککردنیەوە بە هەناسەبڕکێوە باس لە بێ بارانی ئەمساڵ و کاریگەری بێ بارانی ئەمساڵ دەکات و دەڵیت: ئەمساڵ باران کەم باریوە، ناوچەی گوندی سازان بێ ئاوە و کانیاوەکان نەبووژاونەتەوە، سروە لەگەڵ قسەکانیدا کاریش دەکات و دەڵێت بێ بارانییەکەی ئەمساڵ کاری کردووەتە سەر گژ و گیا، کە لە کنگرەکە دەخۆی وشک و تاڵە و هەستی پێدەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاسانی هەڵناکەندرێت، بەڵام ئەگەر باران و بەفر زۆرتر ببارییایە کنگرەکە تەڕ و شیرین دەبوو زەوییەکەشی ئاسانتر شی دەبووەوە.

سروەی گیاکۆکەرەوە ژیانی شار، قەرەباڵغییەکەی، پیسبوونی هەوا و ژینگەی شار بێزاری دەکات و دەڵێت: بە تامەزرۆییەوە دێینە چیاکان تا هەوایەکی پاک هەڵمژین و دەڕۆینەوە بۆ لادێکانمان.

 

سروە باس لەوەدەکات کە لە ساڵانی حەفتاکاندا گوندەکەیان لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە چۆڵکراوە و خەڵکەکەشی ڕاگوێزی ئۆردوگا زۆرەملێکان کراون پاش ئەوە  لە هەڵەبجەی شەهید نیشتەجێ بووە، دوای ئەوەی گوندی عەبابەیلێ کە گوندی خۆیانە ئاوەدان دەکرێتەوە، وەک ژنێکی ئەو گوندە بەردەوام سەردانی عەبابەیلێ دەکات و خزمەتی باخەکەی دەکاتو بە سەوزی هێشتوویەتییەوە.

 

سروە شارەزایی هەیە لە گیا بەهارییەکان بەو پێیەی ساڵانێکی درێژە سەرقاڵی کۆکردنەوەی گیایە، ناوی ئەو بەرهەمە خۆرسکانە دەهێنێت کە لە چیا و گردۆڵکەکانی ناوچەی هەڵەبجەدا دەڕوێن و پێویسیان بە بارانەوە، لەوانە، جاترە، ڕوزقە، گێلاغە، قارچک و ڕێواز.

 

هەروەها باسێکی چۆنێتی ئامادەکردنی قارچک و کنگر دەکات، دەشڵێت زۆربەی ژنانن کە دێنە دەشت و چیاکان، گیا و بەرهەمە خۆرسک و بەهارییەکان کۆدەکەنەوە بۆ دەیفرۆشن یان خۆیان بۆ ژەمێکی خواردنی ماڵەوە ئامادەی دەکەن.

 

ت.پ