"ڕووداوەکەی بەلجیکا تاوانێکی گەورەیە و دەبێتە هۆی تاوانی گەورەتر"

ژنانی بەرخۆدیری عەفرین لە شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێن: هێرشی تورکەکان بۆ سەر کوردەکان دوای ئاهەنگ گێڕانی نەورۆز لە شاری بەلجیکا تاوانێکی گەورەیە لەسەر خاکی دەوڵەتێک کە داوای دیموکراسی دەکات.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا-کاتێک کوردەکان لە بەلجیکا نەورۆزیان پیرۆزکرد، کۆمەڵێک تورک هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو کوردانەی کە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆزدا کردبوو لە شاری لوڤێنی بەلجیکا هەوڵیاندا نزیکەی ٤٠ کەس بسوتێنن کە لە یەکێک لە ماڵەکاندا خۆیان دەپاراست.

 

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ئەوە نیشان دەدات کە ئەندامانی هێرشەکە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیان وێران کردووە، کاتێک هەوڵیان داوە بچنە ناو ماڵەکەوە هاواریان کردووە گورگە خۆڵەمێشییەکان، کە ڕێکخراوێکی ڕاستڕەوی توندڕەو بوو لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٦٠ لە تورکیا دامەزرا.

 

نیو کاتژمێر دواتر، دەیان ئەندامی گەنجی کورد لە هۆڵەندا و بەلجیکا و ناوچەکانی دراوسێ توانیان بگەنە ئەو ماڵە بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی خێزانەکان، کوردەکان لە شاری لیڤن و شارەکانی دیکەی ئەوروپا خۆپیشاندانیان کرد و داوای دەستگیرکردن و لێپرسینەوەی هێرشبەرەکانیان کرد.

 

"پێویستە ڕاپەرینەکان دژی ئەم ڕووداوە بەردەوام بێت"

سەبارەت بەو ڕووداوە، ژنانی ئاوارەی عەفرین لە شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردانەوەی توڕەی خۆیان بەرامبەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا دەربڕی، سیلڤانا حەسەن ئیدانەی ئەو توندڕەوە تورکانەی کرد کە کوردەکانی بەلجیکایان کردە ئامانج تا ئەو ڕادەیەی هەوڵیاندا بیانسووتێنن، هەروەها ستایشی کاردانەوەی خێزانەکان و هەڵوێستی بەهێز و شایستەی کوردەکانی کرد لە بەرامبەر هێرشەکان و کردارەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

سیلڤانا حەسەن داوای لە کوردەکانی ئامادەبوو لە شوێنی ڕووداوەکە و هەموو ئەوروپا کرد بەردەوام بن لە ڕاپەڕینەکەیان و داوای لێپرسینەوە لەو تاوانبارانە بکەن کە خەڵکی مەدەنییان کردۆتە ئامانج، کە تاکە تاوانیان ئاهەنگگێڕان بوو بۆ نەورۆزو دەربڕینی داواکارییەکانیان بۆ مافەکانی هەموو گەلان و ئاشتی و سەلامەتی بۆ جیهان بوو.

 

"لە لاوازی و ترسی دەوڵەتی تورکەوە سەرچاوە دەگرێت"

حەنیفە ئەحمەد وتی: سیاسەت و کردارەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە گەلی کورد و ئەو گەلانەی کە داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن هەمیشە قێزەون و دوورن لە مرۆڤایەتی لە هەرکوێیەک بن، ئەمەش لە لاوازی و ترسی دەوڵەتی تورکیاوە لەو خەڵکانەی کە باوەڕیان بە دیموکراسی و ئازادی هەیە سەرچاوە دەگرێت، ترسیان هەیە لەوەی کۆتایی دەوڵەت و سیاسەتیان دەبێت.

جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتی یەکەم و گەورەترین بەرپرسیارێتی لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی بەلجیکایە کە ڕووداوەکە لەسەر زەوی حکومەتەکەیدا ڕوویداوە و وتی: ئەم ڕووداوە سادە نییە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، چونکە بە ئامانجکردنی مافی گەل بەبێ گوێدانە پێکهاتە و ئایینەکانیان تاوانێکە، بەتایبەتی لەسەر خاکی دەوڵەتێک کە داوای دیموکراسی و مرۆڤایەتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلان دەکات.

 

"مێژووی دەوڵەتی تورک پڕە لە کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی"

تولین ڕەشید ئاماژەی بەوەکرد، مێژووی دەوڵەتی تورکیا پڕە لە کرداری سەرکوتکەر و فاشیستی وێرانکاری و لەناوبردن و کوشتن و دەستدرێژی زایەندی و کۆمەڵکوژی دژی گەلان، بەتایبەتی گەلی کورد، وتی: شایەتی کردارەکانی دەوڵەتی تورکیا بووین لە عەفرین لە کاتی هێرشەکان و دوای داگیرکردن و چۆنیەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی خێزانێکی کورد لە شارە داگیرکراوەکەدا تەنها لەبەر ئەوەی لە ئێوارەی نەورۆزدا ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

 

بێدەنگی و بێئاگایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و شکستی لە بەرپرسیارێتیکردنی دەوڵەتی تورکیا لە تاوانەکانی دژ بە گەلان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ ئەوروپا شەرمەزار کرد، کە بووە هۆی فراوانبوونی هێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ڕێگا بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی زیاتر.