ناوەندی هەواڵ
بەردەقارەمان – شەوی ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ژنێک لە بەردەقارەمان بە دەستی براکەی کوژرا و تۆمەتبارەکە دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
بەردەوامی تاوانی کوشتنی ژنان لە کوردستان، نیگەرانییەکی گەورەی لەسەر ئاسایشی ژنان و کۆمەڵگا دروست کردووە؛ بە شێوەیەک کە بە دەگمەن ڕۆژێک تێدەپەڕێت بێ ئەوەی هەواڵی کوشتنی ژنێک بڵاو نەبێتەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا بەردەست بوون، ژمارەی ژنە کوژراوەکان گەیشتووەتە ٥٧ ژن. ئەم ژمارەیە نیشانەی مەترسییەکی جدییە کە ژیانی ژنان و ئاسایشی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە.
لەگەڵ بەردەوامی ئەم تاوانانەدا، پێویستە حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی جدی و بەرپرسیارانە بۆ ڕێگریکردن لە کوشتنی ژنان و پاراستنی ژیانیان بنێن، هەروەها کۆمەڵگا و ڕای گشتییش لە بەرامبەر ئەم دیاردەیەدا بێدەنگ نەبن.
کاتێک کوشتنی ژنان دەبێتە هەواڵێکی ڕۆژانە، بێدەنگی نابێتە وەڵام؛ بەڵکو بەردەوامی بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانانەدا دەبێتە بەشێک لە هاوبەشی لە تاواندا.




