سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە بارەگاکەیان لە شاری سلێمانی، یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدبوونی زەینەب کناجی ناسراو بە زیلان'یان بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوانان و ژنانی ڕێکخرای ژنانی ئازادی کوردستان کردەوە.
سەرەتای یادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، تێیدا کورتە باسێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید زیلان کرا، دواتر نامەی شەهید زیلان کە پێش ئەنجامدانی چالاکیەکەی بۆ ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی ڕێگەی خەباتی نوسیوو لەلایەن سۆما فەرهاد، سەرنووسەری گۆڤاری تروسکە، خوێندرایەوە، زەینەب کناجی لە نامەکەیدا دەنووسێت: بۆ گەلەکەم ئەم چالاکیە ئەنجام دەدەم، بۆ پێکهێنانی چالاکیەکەم هێز و مۆڕاڵ لە گەلەکەم دەگرم، بەو شێوەیە ڕووبەڕووی دوژمنانان دەبمەوە، لەسەر بنەماکانی پەیوەست بوونم بە پارتەکەمان (پەکەکە)، ڕێبەر ئاپۆ و هاوڕێبازانم کە لە شاخەکان تێدەکۆشن، ئەو چالاکیەم ئەنجام دەدەم، دەمەوێت ببم بە سمبۆلی بەرخۆدانی ژنانی کورد، دەمەوێت دەنگی من بگات بە هەموو جیهان، بەسە ئیتر ببیسن و چیتر چاو لە ئاست مافەکانمان نەپۆشن.
هەروەها بەیاننامەی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی کوردستان "کەژار" لەلایەن بێریتان ڕۆژهەڵاتی خوێندرایەوە: شەهید زیلان سیمبولی ئازادی و ئاشتییە، هەروەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت "زیلان فەرماندەیەکە و هەمووان شەڕڤانی ئەوین"، هەروەها لە بەیاننامەکەی کەژاردا شەهید لەتیفە سەلامەت ناسراو بە "زیلان پەپولە بەبیرهێنرایەوە : هەڤاڵ زیلان یەکێک بوو لەو هەڤاڵانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانی بەبێ دڵەڕاوکێ لە بەرامبەر ڕژێمی بە کرێگیراوی فاشیستی ئێران ببێتە ڕێبواری ڕێگای ئازادی و بە چالاکییەکەی توانی گورزێکی گەورە لە دڵی داگیرکەر بدات و ببێتە سیمبولی ئازادی خوازی.
ئاماژەش بەوەکرا: با داگیرکەران بزانن تا هاوسەنگەرانی زیلان مابن ڕێگە نادەین هیچ داگیرکەرێک لەسەر خاکی کوردستان هەناسە بدات.
هەر لە یادەکەدا فیلمێکی دۆکۆمێنتاری دەربارەی خەبات، ژیان و ئەو چالاکییەکەی کە شەهید زیلان لە پێناو بەدەستهێنان ئازادی بۆ گەلەکەیدا ئەنجامیدا، نمایشکرا.
ت.پ



