پێنجەمین فێستیڤاڵی چاندی کوردی لە پاریس بەردەوامە

لە پاریس بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی و چەندین چالاکی هونەری، پێنجەمین فێستیڤاڵی چاندی کوردی بەردەوامە کە بووەتە ناساندنی کولتووری کوردی و لە لایەن هاوڵاتییانەوە پیشیوازی لێکرا.

 پێنجەمین فێستیڤاڵی چاندی کوردی لە پاریس بەردەوامە

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٣٠ی ئایار، لە بەردەم ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە پاریس، لە دووەمین ڕۆژدا پێنجەمین فێستیڤاڵی چاندی کوردی، بە چالاکییەکانی بۆ منداڵان و بەرنامە کەلتوورییەکانی بەردەوام بوو.

 

بەشدارسنی فێستیڤاڵەکە دوای نمایشە چاندی و هونەرییەکانی منداڵان، بۆ ئەوەی چاند و بەها کوردەوارییەکان بە هاووڵاتیانی ناوچەکە بناسێنن، تا پێش شارەوانی ناوچەی ١٠ـەمینی پاریس ڕێپێوانیان کرد. لە ڕێپێوانەکەدا گۆرانی کوردی گوترایەوە و هەڵپەڕکێی کوردی گیڕدرا و لە لایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی زۆریان لێکرا.

 

هەروەها لە درێژەی چالاکییەکاندا لە پێش شارەوانی، چەندین چالاکی و نمایشی چاندی ئەنجام درا، کە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و بە تایبەت جلوبەرگی ڕەسەنی باکووری کوردستان و هەڵپەڕکێی کوردیی بووە جێ سەرنجی خەڵکی شارەکە.

 

بڕیارە ئەم فێستڤاڵە کە بووەتە دەروازەیەک بۆ ناساندن و گواستنەوەی چاندی کوردی، لە ڕۆژانی داهاتوویشدا بە چالاکی جۆراوجۆری چاندی و هونەری بەردەوام دەبێت.