پاژک: بە تێکۆشانمان ١٥ی شوبات دەکەینە ڕۆژی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان
کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان داوای لە ژنان کرد درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە بە خەباتی ژنان ١٥ی شوبات دەکرێتە ڕۆژێک بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250214-jpgbef7dd-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ەوە لە ڕێگەی پلانێکی نێودەوڵەتییەوە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ٢٦ ساڵ لەسەریەک لە زینداندایە، بەڵام لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە نیشانی هەموو جیهانی دا کە هەموو ئەو پیلانانەی کە لە کەسایەتی ئەودا دژی گەلی کورد داڕێژرابوو، پووچەڵ کردۆتەوە.
کۆردیناسیۆنی پارتی ژنانی ئازادیی کوردستان "PAJK" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتە گرنگ و چارەنووسسازەکان، دەچینە ناو ساڵی ٢٧ی گۆشەگیرییەوە کە بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندرابوو، کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩دا بە پیلانێکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا و هەوڵی تەواوکردنی سیستمی جینۆسایدی کورد درا کە ماوەی ٢٠٠ ساڵ بوو بە سەرکوتکردنی بەرخۆدانی شێخ سەعید لەگەڵ کۆمەڵکوژیی ١٥ی شوباتی ١٩٢٥، ئاماژەی بەوەدا کە پیلانی نێودەوڵەتی بۆ ئاسانکاری کۆنترۆڵکردنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ کرا، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان بە بەرخۆدانی لە زیندانی ئیمرالی پلانەکانیانی پووچەڵکردەوە و ئێستا پرسی کورد بووەتە بابەتێک کە هەمووان دەیبینن و باسی دەکەن.
ئاماژە بەوەکراوە، هەڵمەتی “ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” کە لە ٧٢ وڵاتدا لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، لە ڕووی پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانگێڕییەی بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا کە ئازادیی خۆیان و ئازادیی گەلیان لە ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان بینی، بە ڕێوشوێنی جۆراوجۆر هەڵمەتەکەی بەهێزتر کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکانی ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ عومەر ئۆجالانی برازای لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤و لەگەڵ شاندی دەم پارتی لە ئیمرالی ئاسۆی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕای گشتی ڕاگەیەندرا لە یەکەمین کۆبوونەوەدا ڕێبەر ئۆجالان دووپاتیکردەوە کە توانای تیۆری و کردەیی هەیە بۆ دەرهێنانی پرسی کورد لە گۆڕەپانی توندوتیژی و گەیاندنی بۆ گۆڕەپانی توندوتیژیی یاسایی لە ڕووی چارەسەرێکی دیموکراسییەوە.
جەخت لەوە کراوەتەوە کە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی تەنیا ڕێبەر ئۆجالان و کورد ناکاتە ئامانج، بەڵکو هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ژنانیشەوە کۆیلە دەکات و ئایندەیان تاریک دەکات، تێیدا هاتووە: بەهەموو هێزمانەوە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بۆ سەرکەوتنی ئەو هەنگاوە مێژووییەی کە ڕێبەر ئۆجالان دەیەوێت بیگرێتەبەر بۆ ئەوەی کۆتایی بەو پیلانگێڕییە بهێنین کە لە واقیعی جەنگی جیهانی سێیەمدا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کۆردیناسیۆنی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان داوای لە هەموو ژنان و جیهان کرد، تێکۆشان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو گۆشەگیرییەی کە بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە، کە ماوەی ٢٦ ساڵە بەردەوامە.