پانێڵێک بە دروشمی" دروستکردنی پەیوەندی نێوان زەوی و کۆمەڵگە" ئەنجامدرا

لە شاری سلێمانی لە ڕۆژی جیهانی زەوی، بە ئامادەبوونی ژینگەدۆستان و چالاکوانان بە ناونیشانی " دروستکردنی پەیوەندی نێوان زەوی و کۆمەڵگە" پانێڵێک بەڕێوەچوو

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ٢٢ی نیسان، لە رۆژی جیهانی زەوی، لە هۆلی کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی سی دی ئۆ، لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی چالاکوانان و ژینگە دۆستان، بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگە بە زەوی و هۆشیارکردنەوەی تاک لەو زیانانەی بەر زەوی کەوتووە، پانێلێک بە ناونیشانی''دروستکردنی پەیوەندی زەوی و کۆمەڵگە'' بەڕێوەچوو.

 

هەریەکە لە ژینۆ خالید، مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە''ڕۆژی زەوی لە جیهانێکی گۆڕاودا، کێشە نێودەوڵەتییەکان و پابەندییە ژینگەییەکان و ڕەوا مەحەمەد، ئەندازیار، دەربارەی''وزەی نوێ بۆ داهاتوویەکی بەردەوام، چارەسەرییەکانی وزەی پاک بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەش'' لە پانێلەکەدا گفتوگۆیان کرد.

 

ژینۆ خالید مامۆستای زانکۆ، باسی لە تەوەری پانێلەکە کردو وتی: گۆڕانکارییەکان لەسەر ژینگە بەردەوامە،  لە ١٩٧٠ەوە ئەمڕۆ وەک ساڵیادێک دیاری کرا، زیادبوونی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە بووە هۆکاری دیاریکردنی ئەمڕۆژە تا لەمڕۆژەدا هۆشیاریی تاکەکان بۆ زەوی زیاتربێت، تا بتوانین پابەندوونمان بە یاساکانی پیسبوونی ژینگەوە بپارێزین تا هەسارەکەمان بە زیندووی بمێنێتەوەو تەندروستی مرۆڤ بەرەو لاوازی نەچێت، هەروەها ئەنجامدانی چالاکییەکان و نەمام ناشتنەکان تەنها ئەنجامدانی نەبێت، پێویستە چاودێریکردن و پێداچوونەوەکانی هەبێت، تا ئەو نەمام و سەوزکردنەی شار لە ناو نەچێت، تەنها کۆڕ و سیمیناریک تەواوی کۆمەڵگە هۆسیار ناکاتەوە، پێویستە بەردەوامیمان هەبێت تا بتوانین ژیان لەسەر هەسارەکەمان کۆتای پێنەیەت.

 

" هێزی ئێمە هەسارەکەمانە"

ڕازان عومەر، بڕیاردەری بەشی زانستی ژینگە لە زانکۆی سلێمانی، وتی: ئەمرۆ لە ڕۆژی جیهانی زەویدا لێرە کۆبووینەوە تا بتوانین ڕۆڵمان هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی تاک بەرامبەر بە زەوی، بۆ ئەوەی هەسارەکەمان لە ناونەچێت و بەردەوامبین لە ژیان، دروشمی ئەمساڵمان " هێزی ئێمە هەسارەکەمانە" چۆن بتوانین سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ئاگادار بکەینەوەو پێکەوە هەسارەکەمان بپارێزین، تا بتوانین ئەو کێشە ژینگەییەکانی ڕووبەڕووی هەسارەکەمان بۆتەوە چارەسەر بکەین.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: چارەسەرەکان لە ڕێگەی سەرجەم دامودەزگا حکومی و نا حکومییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، پێویستە پێکەوە داواکان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکەین تا هەسارەکەمان بژی.