دەم پارتی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازادیی بەبیرهێنایەوە

تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ڕایگەیاند، هەموو ئەو شەهیدانەی ڕاگەیاندن بە ڕێزەوە بەبیردەهێنینەوە، کە لە ڕێی ڕاستیدا گیانیان فیدا کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بەرپرسیار لە کۆمیسیۆنی پڕۆپاگەندە، میدیا و ڕاگەیاندن بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی تەیب تەمەل بەم شێوەیەیە:

“نەریتی ڕاگەیاندنی کوردی ١٢٨ ساڵ لەمەوبەر لە ٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨ـدا بە ڕۆژنامەی کوردستان کە لەلایەن میقداد مەتحەد بەدرخانەوە لە قاهیرە بڵاوکرایەوە و دەستی پێکرد، ئەم نەریتە ئەمڕۆ بووەتە سیمبولی میرات و بەرخۆدانێکی گەورە، ئەو مەشخەڵەی کە لە ئاوارەیی، لەناو هەلومەرجی دژواردا و لەژێر فشارێکی گەورەدا داگیرسا، یەکەم هەنگاو بوو بۆ ڕێکخراوکردنی گەڕان بە دوای حەقیقەتدا.

 

ڕۆژنامەگەریی کوردی لە تەواوی مێژوودا دژی ستەم، سانسۆر و قەدەغەکان درێژەی بە بوونی خۆی داوە و قوربانیی گەورەی داوە، تەنها لەسەر خاکی خۆی نا، بەڵکو لە قاهیرەوە تاوەکو جنێف، لە لەندەنەوە تاوەکو ئەستەنبوڵ، دژی ئاستەنگی و قەدەغەکان وەستاوەتەوە و بەرەنگاری کردووە، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی، کە لە ساڵی ١٩٧٣ـەوە پیرۆزدەکرێت، سەرەڕای هێرش، ئاستەنگی، سیاسەتەکانی لەناوبردن و ئاسمیلەکردن و کۆمەڵکوژییەکان، پێداگرانە درێژەی بەو ڕێگایە داوە کە میقداد مەتحەد بەدرخان کردوویەتەوە و مکوڕانە نەریتی ئازادیی ڕاگەیاندنی پاراستووە.

 

ئەمڕۆ هێشتا ڕۆژنامەوانی لەژێر هەڕەشەی تونددایە، گەورەترین ئاستەنگیی بەردەم ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بریتییە لەوەی کە ڕۆژنامەوانان بەهۆی هەواڵەکانیانەوە دادگایی دەکرێن، دەستگیردەکرێن و پێنووسەکانیان لەژێر هەڕەشەدایە، بەم بۆنەیەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکان تاوان نین و پێویستە ڕۆژنامەوانانی ناو زیندانەکان دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

 

ئێمە لە ٢٢ـی نیسان، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا سڵاو لە خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد دەکەین کە بە هۆشمەندیی ئەم مێژووە شکۆمەندە، بە کردنە قوربانیی گیانی خۆیان درێژە بە تێکۆشان بۆ حەقیقەت دەدەن، هەم شایەتحاڵ و هەم بەشداری ئەم مێژووە شکۆمەندەن، هەڵگرانی یادەوەرین و پارێزەرانی زمان و کەلتووری کوردین، هەموو ئەو شەهیدانەی ڕاگەیاندن بە ڕێزەوە بەبیردەهێنینەوە، کە لە ڕێی ڕاستیدا گیانیان فیدا کرد.

 

لە ١٢٨ـەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، دووپاتی دەکەینەوە کە دەبینە دەنگی ڕاستی، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی لە هەموو خەباتکارانی ڕاگەیاندنی کوردی، بە تایبەتی لە میقداد مەتحەد بەدرخان، دامەزرێنەری ڕۆژنامەی کوردستان پیرۆز بێت.

 

 لە پێشدا موسا عەنتەر، غوربەتەلی ئەرسۆز، ناگیهان ئاکارسەل، جیهان بلگین و نازم داشتان و هەموو شەهیدانی ڕاگەیاندن بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنینەوە، لە بەردەم بیرهێنانەوەیان، میرات، تێکۆشان و بەرخۆدانیان سەری ڕێز دادەنەوێنین.”