مەڕاسیمی چلەی شەهیدبوونی سێ ژنە شەهید لە سلێمانی کرایەوە
لە میانەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا فەرماندەکانی یەپەژە، ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خابور و بارین بۆتان، کە بە نوێنەرایەتی یەپەژە بەشدارییان لە کۆڕبەندی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردبوو شەهید کران، ئەمڕۆ مەڕاسیمی چلەیان کرایەوە.
سلێمانی
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ٥ ئێوارە مەڕاسیمی چلەی شەهیدبوونی ئەندامی فەرماندەی هێزی سووریای دیموکرات "ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خابوور و بارین بۆتان" بە بەشداری چەندین ژنی دیاری شاری سلێمانی و نوێنەرایەتی کۆنگرە ستار لە هۆڵی ئەکواپارکی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژن- یەپەژە، ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خابور و بارین بۆتان، کە بە نوێنەرایەتی یەپەژە بەشدارییان لە کۆڕبەندی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردبوو، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە ٢٢ی تەمموز شەهید بوون و گیانیان لەدەستدا.
دەوڵەتی تورکیا لە دەیەمین ساڵیادی شۆڕشی ژنان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، ٢٢ی تەمموز لە دوای کۆتایهاتنی یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندی شۆڕشی ژنانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی تورکیا بە فرۆکەی بێفرۆکەوان لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ هێرشی کردەسەر ئۆتۆمبێلێک و لە ئەنجامدا فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە ڕۆژ خابوور، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە، ژیان تۆڵهەڵدان، فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆر، بارین بۆتان ژیانیان لەدەستدا.
چالاکییەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر لەلایەن "دایکی شەهیدان" بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهیدان مۆم داگیرسێندرا، دواتر پەیامی نوێنرایەتی کۆنگرە ستار لە لایەن ڕۆزا حەسەن خوێندرایەوە.
پاشان پەیامی یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە لە ڕێگای گرتە ڤیدیۆییەکەوە لەلایەن فەرمنداری یەپەژە، نۆژین دێرکەوە پێشکەشکرا و وتی: ئەمڕۆ گەلی کورد بە گشتی و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەت لە دۆخێکی سەختدا دەژین و دوژمن چاوی لە خاک و نیشیمان بڕیووە، بەڵام گەلی کورد خۆی نەداوە بەدەست دوژمنەوە و بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن بە هەموو هێز و توانایانەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان نەک تەنها بە ڕووی داعشەوە وەستاون، بەڵکو بە ڕووی تورکیای داگیرکەر کە درێژە پێدەر و هاوکاری سیاسەتی داعشن وەستاونەتەوە و هێز و بەرخۆدان ژن بەردەوامە بۆ ڕووبەوووبونەوەی دوژمنان و داگیرکەران، نابێت خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ بچێت و چەند هێرش هەبێت ئەوەندەش بەرخۆدان و تێکۆشان هەبێت بە گشتی و بە تایبەت تێکۆشانی ژن".
لە کۆتایدا بە سینەفزیۆنێک دەربارەی ژیانی هەرسێ شەهید کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.