قامیشلۆ
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تایبەت بە ٢٥ی تشرینی دووەمدا، ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامیی دیموکراتیک، بە هاوکاریی دامەزراوەی سارا بۆ تێکۆشان دژی توندوتیژیی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پانێڵێکی ساز کرد کە تێیدا ڕێشا دەروێش لەسەر توندوتیژیی یاسایی و سیاسی، لە جیاکاری و پەراوێزخستنەوە تا دادپەروەری و بەشداریی سیاسیی یەکسان دوا.
ڕێشا دەروێش لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر توندوتیژیی یاسایی و سیاسیی سەر ژنان و ڕایگەیاند، کە توندوتیژی تەنها بە هێرشە جەستەیی و دەروونییەکان سنووردار نییە، بەڵکو بە یاسا، سیاسەت و پراکتیکە جیاکارییەکانیش مافەکانی ژنان پێشێل دەکرێن، ئازادی و بەشداریی ئەوان لە بڕیارداندا بەربەست و سنووردار دەکەن.
ڕێشا دەروێش ئاماژەی بە هەندێک شێوازی توندوتیژیی یاسایی کرد، وەک بێبەشکردنی ژنان لە یەکسانی لە بابەتەکانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە، خاوەندارێتیی منداڵان و میراسدا، نەبوونی پاراستنی یاسایی پێویست، کەمبوونەوەی لێپرسینەوە و سەختیی گەیشتنی ژنان بە دامەزراوە دادوەرییەکان.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە توندوتیژی متمانەی ژنان بە دامەزراوە یاساییەکان کەم دەکاتەوە، فەرهەنگی دەربازبوون لە سزا بەهێز دەکات.
جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨
سەبارەت بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی سیـداو (CEDAW)ی ساڵی ١٩٧٩ کرد، کە بنەبڕکردنی جیاکاری، یەکسانی و بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسی و گشتیدا مسۆگەر دەکات، هەروەها جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨ کە مافی یەکسانی، ئازادی، ئاسایش و دادپەروەری دەستنیشان دەکات.
پاراستنی مافەکانی ژنان بە یاسا دادپەروەرەکان دڵنیاییە
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێشا دەروێش وتی: توندوتیژیی یاسایی و سیاسیی سەر ژنان بەربەستێکە لەبەردەم بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و یەکساندا، جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی مافەکانی ژنان بە یاسایەکی دادپەروەر، دادگایەکی سەربەخۆ، لێپرسینەوەی ڕاستەقینە و بەشداریی سیاسیی چالاک و یەکسان دڵنیایی دەبێت.
لەسەر ناوی ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی ئیسلامیی دیموکراتیک، ئەمیرە عەلیزۆ قسەی کرد و لە قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە توندوتیژی دژی ژنان کێشەیەکی مرۆیی و ڕەوشتییە.
توندوتیژی بە تێڕوانینی دەسەڵاتدارانەوە بەستراوەتەوە
ئەمیرە عەلیزۆ توندوتیژیی دژی ژنانی وەک کێشەیەکی مرۆیی و ڕەوشتی هەڵسەنگاند و جەختی لەوە کردەوە، کە نەک تەنها هێرشە جەستەییەکان، بێڕێزی، کۆنترۆڵکردنی ژیان و بێبەشکردنی ژنان لە ئازادیی ئابووری و دوورخستنەوەیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیش لە خۆ دەگرێت، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە توندوتیژی بە تێڕوانینەکانی دەسەڵاتداری و کۆنترۆڵەوە بەستراوەتەوە و ئەم تێڕوانینە ژنان وەک کەسێکی بێ ئیرادە دەبینێت.
پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژناندا پێویستە لەسەر خۆشەویستی و میهرەبانی بێت
ئەمیرە عەلیزۆ لەسەر بنەما ڕەوشتییەکانی ئیسلامیش ڕوونیکردەوە، کە دادپەروەری، کەرامەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بنەماکانی پەیوەندییە مرۆییەکانن، هەروەها ژن و پیاو لە بواری کەرامەتی مرۆیی و بەرپرسیارێتیی ڕەوشتیدا هاوبەشن، بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ئیسلام و هەڵوێستی پێغەمبەری ئیسلام دژی توندوتیژی، دەبینرێت کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژناندا لە ڕاستیدا لەسەر میهرەبانی، ڕێز و مامەڵەی باشن، نەک لەسەر توندوتیژی و کۆنترۆڵ.
لە کۆتاییدا بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە، سینەڤزیۆنێک پێشکەش کرا و پانێڵەکە بە گفتوگۆکان بەردەوام بوو.












