مەخموور
لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستم جودی "مەخموور"، بە سەرپەرشتیی ئەنجومەنی عشتار زنجیرە چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەردەوامە. لە چوارچێوەی ئەم چالاکیانەدا، بە ڕێکخستنی کۆمۆنی ژنۆلۆژی، سیمینارێک بۆ پیاوان سەبارەت بە گرنگیی ٢٥ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو.
پێش دەستپێکردنی سیمینارەکە، بۆ یادی قوربانیانی ڕێگای ئازادیی کوردستان، خولەکێک بێدەنگی بەڕێوەچوو، دوای ڕێزگرتنەکە، سەبیحە ئۆنار، ئەندامی کۆمۆنی ژنۆلۆژی لە مەخموور، لەبارەی سیمینارەکەوە قسەی کرد.
سەبیحە ئۆنار لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی ٢٥ی تشرینی دووەم کردو وتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە ژنان لە دژی زۆرداری، دەسەڵاتداری و هزری پیاوسالاری خەباتیان دەستپێکردووە و ٢٥ی تشرینی دووەمیش بەم شێوەیە باس کراوە. پێویستە بزانین توندوتیژییەکە چۆن دەستی پێکردووە، چۆن چارەسەری بکەین و چۆن لە توندوتیژیی کوشتارگەری سیستەماتیکییەوە بەرەو ژیانێکی سۆسیالیستی هەنگاو بنێین، پێویستە لەم بارەیەوە بکەوینە ڕێ و قووڵ ببینەوە لە مێژووی ئەم بابەتەدا، هەروەها دەبێت بزانین هزری کوشتارگەریی سیستەماتیکی ئەمڕۆ چۆن خۆی دەردەخات، چۆن لە کەسایەتیماندا خۆی نیشان دەدات و چەند جۆری توندوتیژی هەیە؛ لەم خاڵانە دەدوێین.




