نەغەم چاچان
قامیشلۆ - ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بە خۆشی و ئازادی جێگای خۆیان لە مەیدانی سەربازی و سیاسیدا دروست کرد، ئەمڕۆش پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن دەچێتە قۆناغێکەوە کە تێیدا مافەکانی ژنان بۆ بڕیاردان و بەشداریی سیاسی و بەڕێوەبەری دووبارە دێتە ئاراوە بۆ گفتوگۆکردن، بۆ ئەو ژنانەی کە بە تێکۆشانی خۆیان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە گۆڕینی کۆمەڵگەدا گێڕا، بێگومان پاراستنی دەستکەوتەکان بە داهاتووی سیستمی سیاسی و سەربازیشەوە بەستراوەتەوە.
لەم بارەیەوە، زیلان ئاڤاشین، شەڕڤانی یەپەژە بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن، دەستکەوتەکان و داهاتووی شۆڕشی ژن بۆ ئاژانسەکەمان خستە ڕوو.
شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنانی گەیاندە ئاستێکی نوێ لە مەیدانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیدا، بەڵام لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆندا پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و مسۆگەرکردنی بەشداریی ژنان لە سووریای نوێدا زۆر گرنگە.
زیلان ئاڤاشین لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ ژنان دەستکەوتی زۆر گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی سووریای نوێدا، بە تایبەتی دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ژنان لە مەیدانی سیاسیدا بوونەتە خاوەنی هەڵسەنگاندنێکی نوێ و جێگای خۆیان گرتووە، پێشتر ژنان لە مەیدانی سیاسیدا خاوەنی هێزێکی کەم بوون و لە لایەنی کۆمەڵایەتیشدا ڕۆڵیان سنووردار بوو، بەڵام بە شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەم دۆخەی گۆڕی.
لە مەیدانی سەربازیدا ژنان بوونە خاوەنی هێزێکی پێشەنگ
زیلان ئاڤاشین ڕایگەیاند، کە ژنان لە شۆڕشدا ئەزموونێکی گەورەیان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەدەست هێناوە و وتی: ژنان بە شۆڕش هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتییان گەیاندە ئاستێکی بەرز، ئەزموونێکی گەورەیان بەدەست هێنا و لە مەیدانی سەربازیشدا بوونە خاوەنی هێزێکی پێشەنگ، هەروەها بە تێکۆشان و بەرخۆدان ژنان جێگایان لە ئاستی هێز و دامەزراوە سەربازییەکانیشدا مسۆگەر کرد.
"دەستکەوت و بەشداریی ژنان لە ئەنتیگراسیۆندا ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە"
زیلان ئاڤاشین تیشکی خستە سەر پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن و وتی: لە پرۆسەی ئینتیگراسیۆنی نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتیدا، ئەم دەستکەوت و بەشدارییەی ژنان ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە، چونکە لە سیستمی نوێی سووریادا، بە تایبەتی لە مەیدانی سیاسی و سەربازیدا، پەسەندکردنی ڕۆڵ و بەشداریی ژنان هێشتا بابەتێکی ئاسان نییە، بێگومان بۆ ئەوەی ئەم تێکۆشانە بەردەوام بێت و سووریایەکی دیموکراتیک بونیاد بنرێت، پێویستە بەشداری، ماف و ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بە ساڵان تێکۆشانیان کردووە بۆ بەدەست هێنانی، پەسەند بکرێن و بپارێزرێن
سیستمی هاوسەرۆکایەتی کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانی و بەشداریی ژنان دامەزراوە، لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆندا دووبارە دەبێتە بابەتێکی گرنگ.
زیلان ئاڤاشین ڕوونیکردەوە، کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە لەناو سیستمە سیاسییەکاندا جێگای خۆی گرتووە و لەسەر بنەمای یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا دامەزراوە و وتی: لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە، سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە سیستمەکانی ئێمەدا جێگای خۆی گرتووە و تێکۆشانی ئێمە بۆ بەردەوامبوونی ئەم سیستمە هەمیشە بەردەوامە، ئەم سیستمە لەسەر بنەمای یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا دامەزراوە و بەم ڕێگەیە هەوڵ دەدەین کار و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای یەکسانی پێش بخەین.
"پاراستنی کۆمەڵگە بۆ ئێمە گرنگە"
زیلان ئاڤاشین جەختی لەوە کردەوە کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی نەک تەنها لە مەیدانی سیاسی و سەربازی و پاراستنی کۆمەڵگەشدا خاوەن گرنگییەکی گەورەیە و وتی: لە مەیدانی سەربازیشدا پاراستنی کۆمەڵگە بۆ ئێمە گرنگە، هیچ وڵات و کۆمەڵگەیەک بەبێ هێزی پاراستن ناتوانێت خۆی بپارێزێت، لەبەر ئەم هۆکارە، بە تێکۆشان هەوڵ دەدەین سیستمەکەمان و دەستکەوتەکان کە بە ساڵان بەدەست هاتوون بپارێزین.
"سیستمی ئێمە سیستمی ژیانمانە"
زیلان ئاڤاشین تیشکی خستە سەر ئەو بەربەستانەی لە ڕێگەی بەردەوامبوونی ئەم سیستمەدا هاتوونەتە پێش، سەرەڕای فشار و بەربەستەکان، سیستمی هاوسەرۆکایەتی بۆ ئەوان بناغەی ژیان و تێکۆشانە و وتی: چەندین بەربەست هاتنە پێش و نەیانهێشت ئەم سیستمە بە ئاسانی بەردەوام بکەین، بەڵام سیستمی ئێمە سیستمی ژیانمانە، لەبەر ئەم هۆکارە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت خۆی بپارێزێت، پێویستە لە مەیدانی پەروەردە و لە سیستمی ژیانیشماندا تێکۆشان بەردەوام بکەین.
لە پرۆسەی سیاسیدا، ئیرادە و مافەکانی ژنان بۆ بڕیاردان لە لایەن هەندێک عەقڵییەتی دەسەڵاتدارەوە وەک مەترسی دەبینرێت، ئەمەش بەربەست لەبەردەم بەشداریی ژناندا دروست دەکات.
زیلان ئاڤاشین ڕایگەیاند، کە هەندێک لایەنی دەسەڵاتداری ئیرادە و بڕیارەکانی ژنان وەک مەترسی دەبینن و وتی: هەمیشە ئیرادە و بڕیارەکانی ژنان بۆ خۆیان وەک مەترسییەکی گەورە دەبینن، نازانم بۆچی ئیرادە و بیری ژنان لە لایەن ئەوانەوە بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنرێت، بەڵام ژنان هەمیشە بە مەترسی دەبینرێن.
"بە ئیرادە و بۆچوونەکانمان دەتوانین هێزێکی گەورە دروست بکەین"
زیلان ئاڤاشین بانگەوازی لە ژنان کرد کە باوەڕیان بە ئیرادە و هێزی خۆیان هەبێت و دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: بۆ ئەوەی بتوانین دەنگمان بەرز بکەینەوە، من بانگەواز لە هەموو ژنان، بە تایبەتی ژنانی گەنج دەکەم کە باوەڕیان بە ئیرادە و هێزی خۆیان هەبێت، بێگومان ئێمە بە ئیرادە و بۆچوونەکانمان دەتوانین هێزێکی گەورە دروست بکەین و لە بەرامبەر ئەم سیستمەدا تێکۆشانمان بەهێز بکەین.




