لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان بۆ ژنێک و بنەماڵەکەی دەرچوو
ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ ژنێک و ئەندامانی بنەماڵەکەی دەرکردکە بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران بوون.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا، لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندانی جەماوەری دەستی پێکرد و نزیکەی ٢٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، خۆپیشاندانەکان بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی گەلان بوو، بەڵام ڕژێمی ئێران لەو کاتەوە ئێستا لە سزادانی بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران، لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، سزای لەسێدارەدانی بە سەر ژنێک بە ناوی بیتا هیمەتی و چوار کەسی دیکە لە بنەماڵەکەیدا سەپاندووە.
ئەم زیندانییانە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا دەستگیر کرابوون، بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت" سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانەکەیان بۆ دەرچووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دەقی بڕیارەکەدا هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و ورد سەبارەت بەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان نەخراوەتە ڕوو.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر گوشاری توندی جەستەیی و دەروونییدا بوون، هەروەها لە تەواوی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش بوون، ئەم شێوازە لە دادگاییکردن وەک پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێناسە دەکرێت.