تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان راپۆرتی پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢١ی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە لەو ساڵەدا ٣٢ ژن کوژراون.
ناوەندی هەواڵ
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتی پێشێلکاری و تاوانەکانی رژێمی ئێران، کوشتن، دەستگیرکردن، لەسێدارەدان، کۆڵبەران، دەستگیرکردنەکان و زیندانیان، تیرۆری چالاکوانان، پەناخوازان، کرێکاران و ژنانی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "وەک ساڵانی ڕابردوو پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لەبەر گرێدراوییە زمانی، مەزهەبی، کولتووری، ڕەگەزی، مەیلی ڕەگەزی، چینایەتی، سیاسی، لە ڕێگای یاسا هەڵاواردنکارەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوتکار و توندئاژۆیانەی دامودەزگا ئەمنی، سەربازی، دادوەری و بەڕێوەبەرییەکانی حکوومەتەوە، درێژەی هەبووە".
ئاماژە بەوەکراوە، لە ساڵی ٢٠٢١دا لانیکەم ٤٦ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقە و دەستڕێژ، ڕووداوری سروشتی گیانیان لەدەستداوە و ١٢٢ کۆڵبەریش بریندار بوون، ٧٤ کۆڵبەریش بە تەقە و ئەشکەنجەدان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کوژراون.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی دا لانیکەم ٣٠ زیندانی لە زیندانە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام لە سێدارە دراون.
ئەوەش ئاشکرا کراوە لانیکەم ٣٢ حاڵەتی ژنکوشتن لە کوردستاندا تۆمار کراوە. ئەم کوشتنانە بە هۆکاری جۆراوجۆر و بە گشتی بە دەستی پیاوانی بنەماڵە بە ئەنجام گەیەنراون.
لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی سەربازییەوە ١٤ کەس کوژراون و ٢٥ کەس بریندار بوون. لەنێو قوربانییاندا لانیکەم دوو منداڵ و دوو کۆڵبەر دەبینرێن.
هەر ساڵی ڕابردوو ٤٢ کرێکاری کورد بە ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە و ٣ کرێکاری تریش بریندار بوون. لەمانە ٨ حاڵەتیان لە هەرێمی کوردستان و ئەوانی دیکە زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان داوە.




