دەربارەی یەکسانی، کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان گفتوگۆ کرا

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی و ڕێکخراوی PAX لە دانیشتنێکدا گفتوگۆیان لەسەر یەکسانی مافی مرۆڤ و قبوڵکردنی جیاوازییەکان لە کۆمەڵگادا کرد.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی و ڕێکخراوی PAX لە دانیشتنێکدا گفتوگۆیان لەسەر یەکسانی مافی مرۆڤ و قبوڵکردنی جیاوازییەکان لە کۆمەڵگادا کرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ بە هاوبەشی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی و ڕێکخراوی PAXی هۆڵەندی وەک بەشێک لە پڕۆژەی "یەکسانی" کە پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتییە و کار دەکات لەسەر یەکسانی مرۆڤایەتی، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی بیر و باوەڕ، کەمکردنەوەی وتاری ڕق و کینە و جیاوازییەکان چالاکییەکیان لە هۆڵی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانی ڕێکخست.

 

چالاکییەکە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، ١٠ی کانوونی یەکەم، لەلایەن تۆڕی گەنجانی پاراگۆن و ڕێکخراوی هاو بۆ پەروەردە، کۆمەڵەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕێکخرابوو، لە پانێڵێکدا بە بەشداربوونی نوێنەری هەریەک لە ئاینە جیاوازەکانی وەک "زەردەشتی، ئێزدی، جولەکە، مەسیحی، کاکەیی، بەهائی" گفتوگۆ کرا دەربارەی ئاینە جیاوازەکان و قبوڵکردنی یەکتر بە جیاوازییەکانەوە.

 

ترێ عەبدول جەبار، ئەندامی ڕێکخراوی پاراگۆنی هۆڵەندی دەربارەی چالاکییەکە وتی: چالاکییەکە دەربارەی یەکسانی نێوان مرۆڤەکانە هەروەها نەهێشتنی ڕق و کینە و قسەی ناشرین و نەشیاو بەرامبەر ئاینە جیاوازەکان، لە کاتێکدا هەر کەسێک مافی خۆیەتی بڕوای بە کام ئاین هەبێت.

 

ترێ باسی لەوەکرد، پێویستە کۆمەڵگا کەسی جیاواز قبوڵ بکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەستاون بە ئەنجامدانی چالاکییەک و پانێڵێک کە ئاینە جیاوازەکانی کۆکردووەتەوە، هەروەها پێشکەشکردنی خەڵات بە باڵیۆزانی ئاشتی.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "تا کۆمەڵگا و ژیان بەرەوپێش بچن تێکەڵبوونی مرۆڤ و ئاینە جیاوازەکان زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە کۆمەڵگا هۆشیاری هەبێت و قبوڵی جیاوازییەکان بکات"، هەروەها پێی وایە ئێستای کوردستان بەرەوپێشچوونی باش بەدی دەکرێت لە قبوڵکردنی بیر و ڕای جیاواز و بوونی یەکسانی مرۆڤایەتی، بە پێویستیشی دەزانێت یەکسانی مرۆڤایەتی و قبوڵکردنی جیاوازی یەکتر بکرێتە بابەتێک و لە خوێندنگەکاندا بخوێنرێت.

 

ت.پ