ژنێك بوو به سەرۆکی تیپی بالەی هه‌ڵه‌بجه‌

ژنانی هه‌ڵه‌بجه‌ جگە لە كایه‌ ئیدارییه‌كان، لە بواری وەرزشیشدا پێشه‌نگن، لە نوێترین دەستکەوتیشدا ژنێک وەک سەرۆکی تیپی بالەی هەڵه‌بجه‌ ده‌ستبه‌كاربوو.

هەڵەبجە

 

په‌یمان زەینەدین جەمیل كۆلیژی وه‌رزشی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی ته‌واو كردووه ‌و ماوه‌ی ١٩ ساڵە یاریزانی باله‌یه‌، چه‌ندین خولی ڕاهێنه‌رایه‌تی بینیوه، ئەو وەزشوانە سکرتێری یانه‌ی سیروانی هەڵه‌بجه‌یە و وەک سەرۆکی تیپی بالەی هەڵەبجە دەستبەکاربوو.

 

تیپی بالەی کچانی سیروانی هەڵەبجە کە ماوەی مانگ و نیوێکە دروستبووە و بیرۆکەی دروستبوونی ئەم تیپە لەلایەن سکرتێری یانەی سیروانی هەڵەبجە، پەیمانەوە بووە، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد، خۆبەخشانە کۆمەڵێک یاریزانی تازە پێگەشتوویان لە یاری باڵەدا پێشخستووە، کە سەرجەمیان خۆبەخشن، دەشڵێت: ئامانجمان ئەوەیە وەرزشی ژنان لەو شارەدا بەرەو نەمان نەچێت، هەروەها هەوڵ بۆ پێگەیاندیان دەدەین تا لە داهاتوودا بتوانن زیاتر خزمەت بە وەرزشی شارەکە بکەن و لە خول و پاڵەوانیەتییەکاندا بەشداری بکەن.

 

وەک پەیمان باسی لێوەدەکات، ماوەی ١٢ ساڵە یاریزانی یانەی سیروانی هەڵەبجە بووە، لە کۆتا یاری ساڵی ٢٠٢١ لە خولی عێراق ئە و هەندێک لە هاوڕێکانی وازیان لە وەرزش هێناوە، بەڵام كاتێك هەڵبژاردنى يانە دەستیپێكرد داوا لە پەیمان کراوە، کە خۆی کاندید بکات، "لەبەرئەوەی زۆر حەزم لە یاری وەرزش بوو، وتم تەنیا لێرەوە دەتوانم تيپێكى باش دروستبكەم و كۆمەڵێك ياريزان دروستبكەم، من هەوڵمدا و دروستمکرد".

 

پەیمان و یاریزانە کۆنەکانی هاوڕێی دەستیان بە کۆکردنەوە و پاڵپشتی ژنانی یاریزانی هەڵەبجە کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە كچانى هەڵەبجە تەنها پاڵپشتییه‌كی بچوكیان ده‌وێت، "بۆیه‌ بڕیارمدا به ‌زووترین كات وه‌ك سەرۆکی تیپەکە ده‌ستبه‌كار ببم".

 

پەیمان باسی لەوەکرد تا ئێستا بە کردنەوەی تیپێکی نوێ بۆ گەنجان و منداڵان دەستخۆشیان لێنەکراوە، "گرفتی سەرەكى ئێمە نەبوونى یاریگا یان هۆڵی داخراوە بۆ کاتی ڕاهێنان هەروەها نەبوونی سپۆنسەر وایکردووە ياريزان خۆیان كاڵە و پێداويستى بۆ خۆیان دابين دەکەن، لە کاتێکدا یانەکانی دەوروبەرى سلێمانى و هەولێر هەموويان يارمەتى دەدرێن و پاڵپشتى ماددى دەکرێن"، په‌یمان خوازیاره‌ هه‌رگیز پله ‌و پۆست و حیزبایه‌تی نه‌كرێته‌ هۆی له‌ناوچوونی وه‌رزش و به ‌زووترین كات پێداویستی یانه‌كانیان پڕ بكرێته‌وه‌.