کۆمەڵگە هۆشیاری بەرامبەر منداڵی ئۆتیزم نییە

ساڵانە توشبووانی ئۆتیزم لە جیهاندا زیاد دەکات، دۆخی ئەم نەخۆشانە تەواو لە نەخۆشییەکانی دیکە جیاوازە و پێویستیان بە چاودێری هەمیشەیی و کەسانی پسپۆڕ هەیە بەڵام لە هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی پێویست بوونی نییە.

گەرمیان

 

ئەمڕۆ ٢ی نیسان، ڕۆژی جیهانی ئۆتیزمە، کە ساڵی ٢٠٠٧ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕۆژەیان وەک ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم دیاریکردووە، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییش ژمارەی تووشبوانی ئۆتیزم لە جیهاندا، ٧٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، گیرۆدەی سەرەکی توشبووانی ئەم نەخۆشیە خێزانەکانیانن، چونکە پێویستە بەردەوام ئاگاداری توشبووانی ئۆتیزم بن.

 

ئۆتیزم نەخۆشییەکی درێژخایەن و بۆماوەییە کە کێشە لە کۆئەندامی دەماری منداڵدا دەردەکەوێت، واتە تێکچونێکە لە گەشەکردنی هزری منداڵ، ناتوانێت کۆنتڕۆڵی هەڵسوکەوت و گفتوگۆکردن بکات، هەربۆیە ڕەفتاریان نامۆ دەردەکەوێت، لە تەمەنی یەک ساڵییەوە لە منداڵەکەدا دەردەکەوێت، زیاتر منداڵانی کوڕ دووچاری توشبوون بەم نەخۆشیە دەبنەوە بە جۆرێک توشبونی منداڵێکی کچ بەرامبەر چوار منداڵی کوڕە.

 

ئەم جۆرە نەخۆشییە لە هەندێک کەسدا بە قورسی دەردەکەوێت، بەڵام هەندێک کەسی دیکەش حاڵەتەکە تیایاندا ئاسانترە، توشبووانی ئەم جۆرە نەخۆشییە تا زووتر درک بە نەخۆشییەکەیان بکرێت و هەوڵی چارسەرکردنی بدەن لە سەرەتای توشبوونیدا، باشتر مێشکیان گەشە دەکات.

 

ئاژانسی نوژنها لە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، خێزان و دایکی ئەو منداڵانە دەدوێنێت کە توشبووی ئۆتیزمیان هەیە و کێشە و گرفتەکانیان دەخاتەڕوو.


"کۆمەڵگە هۆشیاری نییە بەرامبەر منداڵی ئۆتیزم"

سنور ئەحمەد، دایکی منداڵێکی توشبووی ئۆتیزمە، باسی لەوەکرد لە تەمەنی ١ ساڵییەوە درکی بەوە کردووە منداڵەکەی ئۆتیزمی هەیە و لە ئێستادا تەمەنی ٨ ساڵانە، "کە درکمان پێکرد ڕاستەوخۆ بردمان بۆلای پزیشک دواتر بۆ سەنتەرەکان تەنها لەبەرئەوەی باشبێت، بەڵام هەڵسوکەوتی هیچ نەگۆڕاوە ئەوە ماوەی چەندێکە لە سەنتەرە".

 

ئەو دایکە وتیشی پێویستە ئەو دایک و باوکانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە خولی تایبەت ببینن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات هاوکاری ئەو خێزانانە بکات کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە و سەنتەری تایبەتیان بۆ بکاتەوە و هاوکاری مادییان بکات.

 

دەربارەی تێڕوانینی کۆمەڵگا بەرامبەر توشبووانی ئۆتیزم، سنور ئەحمەد وتی "کە دەچمە بازاڕ و شوێنی گشتی شەرمەزار دەبم، چونکە کۆمەڵگا نازانن و هۆشیارییان نییە کە منداڵی ئۆتیزم چۆنە کاتێک منداڵەکەم زۆر دەجوڵێت خەڵکی پێی ناڕەحەت دەبن".

 


سەنتەرێکی باش بۆ چارەسەری منداڵی ئۆتیزم نییە

کەژاڵ جەبار، یەکێکی دیکە لە دایکەکان، ڕوونیکردەوە منداڵەکەی لە تەمەنی ساڵ و شەش مانگەوە نەخۆشە، ئێستا تەمەنی ٨ ساڵە بەڵام دۆخی وەک خۆیەتی چونکە سەنتەرێکی باش نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم منداڵانە، دەشڵێت "بەشێکی دیکەمان کێشەی خراپی دارایمان هەیە کە ناتوانین مامۆستای تایبەت بۆ منداڵەکانمان بگرین، بۆیە دۆخی ژیانمان تا بێت خراپتر ئەبێت".

 

ئەو دایکە باسی لەوەکرد زۆرکات خەڵکی بە منداڵەکەی دەڵێن شێت و داوا دەکەن بیبەستێتەوە لە ماڵەکەیدا، بۆیە داواکارە هەوڵێک بۆ چارەسەرکردن و باشکردنی دۆخی منداڵەکانیان و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە بدرێت.


   

سەمیرە سەلاح، دایکە کە منداڵێکی ئۆتیزمی نابینای هەیە، دوو منداڵی دیکەشی نابینان، ئەو دایکە دەڵێت "هەموو ژیانی من لە نەخۆشخانە دایە"، باسی لەوەشکرد بەهۆی خراپی باری داراییانەوە نەیانتوانیوە منداڵەکانیان چارەسەری پێویستیان بۆ دابین بکەن، "باوکیان بەهۆی منداڵەکانەوە ناتوانێت کاربکات بۆ دابینکردنی پێداویستی ژیان و دەبێت هاوکاری من بکات لە بەخێوکردنی منداڵەکاندا".

 

ت.پ