هەڤرین خەڵەف بۆ فەلسەفەی ژن، ژیان. ئازادی تێکۆشانی کرد

هەڤرین خەڵەف لە تەمەنی گەنجیدا زۆر کاری بەنرخی کردووە، هەڤرین هەم جوان هەم ژیر بوو، تەمەنی خۆی بەخشیبوو بە گەلانی سوریا بۆ ئەوەی بە ئازادی پێکەوە بژین.

 ناوەندی هەواڵ

 

یەکێک لەو ژنانەی لە هەموو ساتەکانی ژیانیدا تێکۆشەری شۆڕشی ژنان بووە، گەڕان بە دوای ڕاستی ژن و ژیان و ئازادیدا خەباتی کردووە، هەڤرین خەڵەفە، هەڤرین لە ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی ڕیحانیک لە شاری دێرک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لەدایکبووە، منداڵی بچووکی خێزانەکەی بوو، لە منداڵییەوە خۆی بە بەرپرسیاری هەموو شتێک زانی و ئەم ڕۆحە تا کۆتایی لەگەڵیدا مایەوە.

 

لە سەرەتای شۆڕشەوە لەناو کار و خەباتدا شوێنی گرت

هەڤرین بەشی ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی حەلەب تەواو کردووە، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢دا بەشداری لە خەباتدا کرد و بە ئەرکی ڕێکخراوی گەنجان هەستا، پاشان بە ئەرکی ڕێکخستنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەستا و لەوێشەوە بوو بە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئابووری قامیشلۆ و کاری ئابووری هەرێمەکەی ئەنجام دەدا، کاتێک لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕاگەیەندرا، دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە جزیرە دامەزران، هەڤرین بوو بە جێگری دەستەی وزەی کانتۆنی جزیرە، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥دا کە ژمارەیەک لە دەستەی خۆبەڕێوەبەری بوون بە یەک، هەڤرین لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بوو بە هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری جزیرە و ڕۆڵی کارای لە ئەنجومەنەکەدا بینی و وەڵامی کارە ئابوورییەکانی هەرێمی دایەوە.

 

خاوەنی کەسایەتییەکی کاریگەر بوو

هەڤرین خەڵەف ژنێکی خاوەن زانست بوو کە لە هەر کارێکیدا جێگەی خۆی گرت، کارەکەی بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بوو، خاوەن کەسایەتییەکی کاریگەر بوو، لە ٢٧ی ئازاری ٢٠١٨دا لە کۆنگرەی دامەزراندنی حزبی داهاتووی سوریا بە بەشداری گروپە سیاسییەکان و کورد و عەرەب و سریانی و شێخ و هۆزەکانی باکووری سوریا و ئەندامانی پارتەکان هەڤرین خەڵەف بوو بە سکرتێری گشتی حزبەکە.

 

هەموو ژنانی لەدەوری خۆی کۆدەکردەوە

زۆربەی کارەکانی لەناو کۆمەڵگەی عەرەبیدا بوو، لەبەرئەوەی هەموو ئامانجی بنیادنانی ژیانێکی دیموکراتیک بوو لەسەر خاکی سوریا و هێنانەدی ئاشتییەکی بەردەوام، هەڤرین ئیرادەی خۆی بەدەوری ئەم ئامانجانەدا بازنە دا و هیچ جیاوازییەکی لە نێوان ئایین و مەزهەب و گەل و کۆمەڵگەکاندا نەکرد، کاری ئەو کارێکی مرۆیی بوو کە ژنانی عەرەبی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و ڕێکیخستن، هەڤرین خەڵەف وەک پردێک بوو بۆ ئازادی ژنان و کۆمەڵگەکان.

 

لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە تیرۆر کرا

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشی داگیرکاری بۆسەر سەرێکانی و گرێسپی دەستپێکرد، چەتەکانی داعشیش لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەردا چالاکییان ئەنجامدا، ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم کاتێک هەڤرین خەڵەف، سکرتێری گشتی حزبی داهاتووی سوریا بەرەو شاری قامیشلۆ بەڕێکەوت، لە هێرشێکدا لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کرایە ئامانج.