ئەحلام مەنسوور، قەڵەمی یاخیبووی ژنێک

 

ئەحلام مەنسوور لە ساڵی ١٩٥١ لە خانەقین لەدایکبووە و ١ خوشک و ٤ برای هەیە، لە ساڵی ١٩٥٦ دەستی بە خوێندنی سەرەتایی کردووە، لە ساڵی ١٩٦٢ دەچێتە قۆناغی ناوەندی و لە ساڵی ١٩٧٠ خوێندن تەواو دەکات و لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات، لەو تەمەنە گەنجەشیدا دەبێتە ئەندامی حزبی شوعی عێراق.

 

لە تەمەنی منداڵییەوە درکی بە نادادییەکان کردووە و دەبێتە هاوڕێی لەیلا قاسم، وەک ئەڵوەن سەرکێش و بە باوەڕبەخۆبوونەوە، زانکۆی بەغدا پێکەوە دەخوێنن.

 

ئەحلام مەنسوور لە ساڵانێک دەست بە نووسین دەکات کە ژنان دوورن لە بواری ئەدەبیات و نووسین، لە ئەلفوبێی کوردییەوە دەست بە نووسین دەکات و قەڵەمەکەی دەخاتە خزمەتی زمانی کوردی و پاشان چەندین هۆنراوە و کورتە چیرۆک بە زمانی عەرەبی دەنووسێت.

 

وەک یەکەم ژنە ڕۆژنامەوانی کورد لە ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥لە دەزگای هاوکاری بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی دەستی بە کارکردن کرد و سەرگوزشتەی ڕۆژنامەوانییەکەی دەست پێدەکات و دەست بە نووسینی چیرۆک و وتار دەکات.

 

لە ساڵانی ١٩٨٠ کاندا دەست دەکات بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمان، یەکەم بەرهەمی بە ناوی "ئامە ڕەشە" کە باسی لە ڕووداوەکانی شاری خانەقین کردووە، لە چیرۆکەکانیشیدا باسی لە کێشەکانی ناو خێزان و کۆمەڵگەکەی کردووە، بەتایبەتی ئەو کێشانەی ژنانیان دەکردە قوربانی.

 

چیرۆکی "منداڵمان ناوێت" یەکێکە لە نموونەکانی باسی ژیانی دوو ژن دەکات، کە یەکێکیان ناچار بە خۆسووتاندن دەبێت و ئەوی تریشیان ناچار بە لەباربردنی منداڵەکەی دەبێت، لە کتێبی ئەڵوەن باسی لە پرس و کێشەکانی ژنان کردووە.

 

لە ساڵی ١٩٨٦ لە پاریس  دەست بە خوێندنی زانکۆ دەکات، پاش دوو ساڵ بەهۆی بێتاقەتی لە دووری نیشتمان، خوێندنەکەی جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە کوردستان و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە دەزگا ڕۆشنبیرییەکان دەست بە کارکردن دەکات.

 

پەیامی دەنگی ژنێکی یاخی بوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی ئەو نادادییانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبوویەوە، هاوارەکەی ئەحلام بۆ یەکسانی ژنان بوو، ئەحلام مەنسوور لە ١٠ کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ گیانی لەدەستدا و لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.