ژیاننامەی ئەمڕۆ: خاتوونەی سستەر لە شاری سلێمانی چەندین ساڵ خزمەتی کرد

 

میخایل یۆنان لە ساڵی ١٩٢٤ شاری موسڵ لەدایکبووە، لە بنەڕەتدا خەڵکی شارۆچکەی زاخۆیە و خوێندنی سەرەتای و ناوەندی لە موسڵ تەواوکردوو، هەر لە کاتی خوێندنەوە حەزێکی زۆری بۆ پەرستاری هەبووە، بۆیە دوای تەواوکردنی خوێندنی ناوەندی بڕیاردەدات بچێتە بەغدا و خوێندنی  پەرستاری لە خوێندنگەی پەرستاران دەستپێبکات.

 

سەرەڕای ڕێگری خێزانەکەی، بەڵام حەز و ویستی وای لێدەکات باوەڕ بە خێزانەکەی بهێنێت و ڕێگەی بدەن بچیتە بەغدا و ئامانجەکانی بەدیبهێنێت، پاشان بۆ ماوەی ٣ ساڵ پەرستاری دەخوێنێت و ٩ مانگیش درێژە بە خوێندنی مامانی دەدات.

 

پاش دامەزراندنی وەک پەرستار دێتە شاری سلێمانی، لە ساڵی ١٩٤٥ لە گەڕەکی سابوونکەران نیشتەجێ دەبن، لەبەرئەوەی لە موسڵ گەورە بووە و لە بەغدا خوێندوویەتی زمانی کوردی نەزانیووە و ماوەی سەرەتا لەگەڵ وەرگێڕێک بووە، تا دواتر فێری زمانی کوردی دەبێت.

 

خاتوونەی سستەر دەتوانێت بە لێهاتووییەکانی سەرکەوتووببێت، لە بواری پەرستاری پێی دەوترێت" سستەر خاتوون" و لە بواری مامانی بە "ماما خاتوون" ناسراوە، دەوترێت زۆربەی منداڵەکانی شاری سلێمانی لەسەر دەستی ئەو لەدایکبوون و هاوکاری ژنە دووگیانەکان و خێزانەکانی کردووە، دڵسۆزانە یارمەتی ژنە پێشمەرگەکانیشی داوە.

 

یەکەم ژن بووە لە شاری سلێمانی شۆفێری بکات و خولیای بۆ میوزیک وای لێدەکات خۆی فێری عود ژەنین بکات و بۆ خێزان و منداڵەکانی بژەنێت.

 

خاتوونەی سستەر پاش چەندین ساڵ لە خزمەتکردنی نەخۆشەکان و پێگەیاندنی چەندین نەوەی پەرستار، لە ساڵی ٢٠٠٢ گیان لەدەستدەدات و لە شاری سلێمانی دەنێژرێت.