فیلمی ئەمڕۆ: ماڵی سەلما

سێ ژن لە نەوەی جیاوازەوە بەهۆی بارودۆخەوە لە یەک ماڵدا کۆبوونەتەوە و سەرەڕای ناکۆکی جۆراوجۆری نێوانیان و بە هاوکاری، توانیان پڕۆژەیەکی بچووک دابمەزرێنن کە لە فرۆشتنی خانووەکە و بێ ماڵ و حاڵیی ڕزگاریان بکات.

ماڵی سەلما، فیلمێکی درامای ئوردنییە لە نووسین و دەرهێنانی حەنادی ئالیان و لە نواندنی جولیەت عەواد و سەمیرە اسیر و ڕانیە کوردی، فیلمەکە لە ڕێگەی چیرۆکی سێ ژنەوە وێنەیەکی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئوردنی خستەڕوو، هاوشێوەی چیرۆکی زۆرێک لە ژنانی سەردەمی ئێستایە.

 

سەلما نانەوایەکی بەتوانا بوو، بەتەنها لە خانوویەکی کۆندا دەژیا کە ڕووی لە شاری عەممان دەکرد، هەندێک جۆری شیرینی دروستدەکرد و بە خۆڕایی بەسەر خانەی بێسەرپەرشتاندا دابەشی دەکرد، هاوکات فەرەحی کچی، دایکێکی گەنج و کارکەر بوو کە تووشی چەندین کێشەی هاوسەرگیری دەبێت، چونکە ئەو کەسێکە بەرپرسیارێتی ماڵەکە دەگرێتە ئەستۆ و کچە ساواکەی هەندێک جار لای دایکی بەجێی دەهێڵێت.

 

لە کاتێکدا مردنی هاوسەری پێشووی سەلما دەبێتە هۆی تێکۆچوونی ژیانیان، هەروەها دەرکەوتنی هاوسەری دووەمی لامیا کە کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتییە و وەسوەسەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، چەندین نهێنی شاراوە سەرهەڵدەدات، لەوانە، ئەوەی کە ئەو ماڵەی سەلما تێیدا دەژی نیوەی بە ناوی هاوسەرەکەی پێشوویەوە کە لامیا دوای مردنی لێی بە میرات گرتووە.

 

فیلمەکە لە ئوردن نمایشکرا و دواتر لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا لەسەر پلاتفۆرمی نێتفلێکس نمایشکرا، لە کاتێکدا بۆ ماوەی سێ هەفتە پلەی دووەمی لە لیستی زۆرترین بینەری لە ئوردن بەدەستهێنا.

 

یەکەم فیلمی ئوردنییە کە لە سینەماکانی ئەمریکا نمایش دەکرێت، هەروەها لە پێشبڕکێی فەرمی لە فێستیڤاڵی فیلم و داهێنەری سینکۆست لە شاری سان خۆسێی ویلایەتی کالیفۆرنیا هەڵبژێردرا و خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی ئەمساڵی بەدەستهێنا، هەروەها لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەتلەنتا نمایشکرا.